سروشتە ناوازەکەى رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر هێرشی قورسدایە

سروشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە جوانی، سەوزایی، ئاو و هەوا و بەرهەمداربوونییەوە ناوبانگی هەیە، بەڵام ئەو سروشتە نایابە لە ژێر هێرشێکی قورسی لە ناوبردندایە.

سروشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەم جوانییەکی گرنگ و هەم سەرچاوەیەکی بەرهەمهێنانە.

هەوای پاکی کوێستانەکانی هەورامان، باخ و باخچە و بێستانەکان و دەریاچەى زرێبار لە مەریوان، وەک دیارییەکن بۆ مرۆڤایەتی. ئاوی کوێستانەکانی سەقز، هەوا و کانیەکانی ژیانی مرۆڤەکان دەڕزاێننەوە و بۆی جوان دەکەن. سەقز وەک ئەو شوێنەیە، کە لە کتێبی پیرۆزدا باسی کراوە و دەڵێن، شیر و هەنگوینی لێدێتە دەرەوە. جوانیی شاهۆ و کۆساڵان تەنها مرۆڤ بە بینین دەتوانێت لێ تێبگات.

رەز و باخەکانی سەردەشت، باخە سێوەکانی سەردەشت و ورمێ لە باخە بێ هاوتاکانی سروشتە جوانەکەى رۆژهەڵاتی کوردستانن...

دەشت و زەوییە جوانەکانی سەڵماس و خۆی، مەڵبەندە مێژووییەکەى کرماشان و سیاچەمانەى هەورامان ئەو جوانییانەى جوانتر کردووە. تەنها مرۆڤ ناتوانێت بە قسە باسی ئەو جوانیانە و ئەو جوگرافیایە، ئاو و هەوا و جوانیی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات. دەبێت مرۆڤ خۆی بیبینێت تاوەکو بزانێت ئەو جوانییە چیە و لە چ ئاستێکدایە و لێی تێبگات.

لە بەرامبەر ئەو سروشتە ناوازەیەدا سیستمێک هەیە، کە ناتوانێت خۆی لە بەرامبەر ئەو هەموو جوانییە سروشتییەدا رابگرێت، بۆیە لە دژی ئەو سروشتە بێ هاوتایە دەستی بە شەڕ کردووە. خراپەکاران و تاریکپەرەستان هەموو کات لە دژی ژیانی سروشتیی زەردەشتی، پاکی، فەلسەفەی ژیان لەگەڵ سروشتدا بوون و سروشت و جوانی و پاکی بە دوژمنی خۆیان دەزانن. لە بەرامبەردا شەڕ و تێکۆشانی ژینگەپارێزان و گەریلاکانی ئازادی، شەڕی باشی و چاکەیە لە دژی خراپەکاری و تاریکی.

پار لە زۆرێک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگرکەوتنەوە روویدا. زاگرۆس ئاگری تێبەردرابوو. لە زاگرۆس داری بەڕوو زۆرە، داری بەڕوو یەکێک لەو دارانەیە، کە رۆح و رەگی خۆی بردووەتە قوڵایی زەویی. ئێران بە ئاگرتێبەردانی دارەکان ئەو پەیامە دەدات، 'هەر چۆن دار بەڕووەکان دەسوتێنم، بەو شێوەیەش مێژوو، بەرخودان، رەگ و ریشەى گەلیش دەسوتێنم'.

ژینگەپارێزانیش ئەو پەیامە قبوڵ ناکەن و لە دژی دەوەستنەوە، بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکان چییان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن. ئومێد و شەریف و هەڤاڵەکانیان لە مەریوان لە ٢٥ی ئابی ٢٠١٨دا لە کاتی کوژاندنەوەى ئاگری دارستانەکانی گوندەکانی سەڵەسی و پێلە گیانیان لە دەستدا. هەموو خەڵک و زانیارییەکان و سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە لەلایەن دەوڵەتەوە کوژراون. سەعدون میرزادە دەڵێت، کوژرانی ژینگە پارێزەکان گوماناوییە و  نەک تەنها شەریف باجوەر و هەڤاڵەکانی بەڵکو لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا موختار خەندانی و بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی ژینگەپارێزانی پاوە لە کاتی کوژاندنەوەى ئاگری کوێستانەکانی بۆزینە و مەرەخێڵ دا و لە رێگای پاراستنی بەها و نرخەکانی وڵاتی خۆیاندا و کاتێک لە هەوڵدابوون بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە، سوتان و شەهید بوون.

بەشێک لە سیاسەتی دەوڵەت بۆ تاڵانکردنی سروشت رێگەدانە بە داربڕین. خەڵکی هەژار، کە لە ژێر بارێکی قورسی هەژاری و بێکاری و ئابوریدان و ناتوانن بژێویی ژیانی خۆیان دابین بکەن، لە ناچاریدا کاری دروستکردنی خەڵوز دەکەن. بەو هۆیەوە بڕینی دارەکان زیادیکردووە. چونکە دارەکان بۆ دروستکردنی خەڵوز دەبڕدرێنەوە.

ژ.ت