تاڵەبانی: هێرشەکەی عەربەت تاوانێکی ئاشکرا و بەزاندنی سنوورە
سەرۆکی یەنەکە، بافڵ تاڵەبانی، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی شەرمەزارکرد و گوتی، ئەم هێرشە تاوانێکی ئاشکرایە و بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
سەرۆکی یەنەکە، بافڵ تاڵەبانی، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی شەرمەزارکرد و گوتی، ئەم هێرشە تاوانێکی ئاشکرایە و بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
بافڵ تاڵەبانی گوتی: "ئەم هێرشە لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە".
هەروەها گوتی: "لەبەرامبەر چەندبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییە، ئەركی هەموولایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە و كوردستان لە ناحەزان و دوژمنكاران بپارێزین".
لە درێژەی ڕایگەیاندراوەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی گوتی: "وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی هەر سێ شەهیدی قارەمانی دژەتیرۆر کە شەهیدی ئارامیی کوردستانن، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. هەروەها دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عیراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلکارییانە نەدرێت."
تاڵەبانی گوتی: "داوا لە هەموو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان دەكەین هەڵوێستی جدییان هەبێت و هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردوودا پێشڕەوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆربووین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە".
سەرۆکی یەنەکە لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، پێکەوە شکست بە هێرشەکان دەهێنن، بە یەکێتی ئارامی لە هەرێمی کوردستان بەدی دەهێنن و دژی هەموو هێرش و ئاڵۆزییەکان تێدەکۆشن.