تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی -تاژێ هەر شەش مانگ جارێک بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامەکانی کار و خەباتەکانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت، ئەمساڵ بەهۆی هەلومەرجی کۆرۆناوە ئەو کۆبوونەوەیە لە دوو شوێنی جیاواز ئەنجام درا، ئەو کۆبوونەوانە لە ناوەندی شەنگال و ئەنجوومەنی گەلی گوندی گوهبەل بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد، کۆبوونەوەکە لەلایەن سەبیحا سەبری وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی، ڕانیا ئیدۆ، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی و زۆزان شەنگالی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدییەوە بەڕێوە چوو.
سەبیحا سەبری، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی لە سەرەتای قسەکانیدا هەموو شەهیدانی فەرمان و هەروەها شەهیدانی ١٦ و ١٧ی ئاب کە بەهۆی هێرشی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهید بوون، بەبیر هێنایەوە و ڕایگەیاند: وەکو تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی لەم هەلومەرجەدا و بەتایبەت لە مانگی ئابدا کە بۆ هەموومان مانگێکی ڕەشە، بەڕێوەبردنی ئەم کۆبوونەوەیە هەڵوێستمان لە بەرامبەر داگیرکاری نیشان دەدات، ئەم کۆبوونەوە و خەباتانەمانە بۆ خۆی وەڵامێکە بۆ هەموو دوژمنەکانمان.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هێرش و پیلانەکانی سەر پێشەنگەکانی کۆمەڵگای ئێزدی کرد و وتی: دوژمنەکانمان لە پێشکەوتن و هێزی گەلەکەمان ئاگادارن و هەر بۆیە پێشەنگەکانمان دەکەنە ئامانج، دەیانەوێت کۆمەڵگاکەمان بێ پێشەنگ بکەن و هەر لەم ئاراستەیەدا هەڤاڵ زەردەشت، مام زەکی و جاری کۆتاییشدا هەڤاڵ سەعدیان کردە ئامانج.
وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو بەرخۆدانە بێ وێنەیە کرد کە خەڵکی شەنگالە بە پێشەنگایەتی دایکانی شەنگالەوە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کە هاوکات بەشێکن لە پەیمانی نۆی تشرینی یەکەمدا، ئەنجام دەدرێت و باسي لةوةكرد، دایکانمان هەمیشە لە بەرامبەر ئەو پیلانگێڕی و هێرشە داگیرکارییەکانی سەر ئیرادەو باوەڕمان ئەنجام دەدرێن، خاوەن هەڵوێستێکی بەهێز بوونە، ئەوان لە بەرامبەر هێرشەکاندا هاواردەکەن و بە درووشمەکانیانەوە هێز و ورە بە گەلەکەمان دەبەخشن.
لە کۆبوونەوەکەدا، زەهرێ ڕەشۆ، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی سەرنجی ئامادەبووانى بۆ لای پیلانەکانی دژی باوەڕ و داواکارییەکانی خەڵکی ئێزدی ڕاکێشا و وتی: ئێمە لە ئامانجی ئەو سیاسەتانە تێدەگەین کە فەرماندە و پێشەنگەکانمان دەکاتە ئامانج، دەیانەوێت لە باشووری کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان و هەموو جیهاندا لەناومان ببەن، دەیانەوێت کولتوور و ئایینمان لەناو ببەن، هەر بەم هۆیەوە بانگەوازیی لە هەموو خەڵکی ئێزدی دەکەم کە لە بەرامبەر یەکتردا هەست بە بەرپرسیارتی بکەین و بۆ بەدەست هێنانی مافەکانمان تێبکۆشین، پێویستە خاوەندارێتیی لە شەهیدانمان بکەین، وەکو ژنانی شەنگال بەڵێن بە هەموو شەهیدانی فەرمان و شەهیدانی شەنگال دەدەین تا ڕێبازەکەیان بپارێزین.”
لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی هەموو لقەکانی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدییەوە، خەباتەکانی شەش مانگی ڕابردووی تەڤگەرەکە هەڵسەنگێنران و ژنان لە هەڵسەنگاندنەکانیاندا بەڵێنیاندا، هەر چەندە تا ئێستاکەش پێشەنگایەتی ئەم هەڵمەتەیانە کردووە، بەڵام بۆ هەڵمەتەکانی داهاتووشدا بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری خەباتەکان ببن و تێکۆشانیان لە بەرامبەر هێرشەکان و پیلانەکانی سەر ئیرادە و ئایینی کۆمەڵگای ئێزدی گەورەتر بکەنەوە.