یەک لە فەرماندەکانی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، ئامەد مەلازگرت، ڕایگەیاند، دژی هێرشی دەوڵەتی تورک ٨ ساڵە بێ پچڕان تێدەکۆشن. مەلازگرت بیری هێنایەوە، بەتایبەتی لە ٢ ساڵی دوایین، دوژمن لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت، گوتی، باجەکە هەرچی بێت، ئەوان بەرخۆدان دەکەن.
مەلازگرت تیشکی خستەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین، ڕایگەیاند ئەمە قبووڵ نەکراوە، ژن و مناڵ و هەزاران مەدەنی دەکوژرێن. ڕایگەیاند، ئەردۆگان و دەوڵەتی تورک وەها خۆیان دەردەخەن، گوایە خاوەندارێتی لە گەلی فەڵەستین دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل درێژە بە بازرگانی سەربازی و ئابووری دەدات.
یەک لە فەرماندەکانی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، ئامەد مەلازگرت، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
نرخاندنەکانی مەلازگرت بەم جۆرەیە:
"سەرەتا، ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە، لە ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد و دۆستان و کەسوکاری شەهیدان پیرۆز دەکەم، سڵاو و ڕێزی خۆم ڕادەگەیەنم. ڕێبەرێتیمان ٢٤ ساڵە لە زیندانی دەوڵەتی تورک زیندانی کراوە. دەوڵەتی تورک گوایە دەڵێ من دەوڵەتی یاسام، بەڵام ڕێبەرێتیمان بەبێ هیچ تاوانێک زیندانی کراوە. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتی یاسا بوایە، ڕێبەرێتیمان ئازاد دەبوو. به ڵام به پێچه وانه وه یاسای نوێ له دژی ڕێبەرێتیمان دەردەکات و گۆشەگیری قووڵتر دەکاتەوە و ناهێڵێت فیکری ڕێبەر ئاپۆ بگاتە گەلەکەمان و تەڤگەرەکەمان و جیهان. ڕێگری دەکات لە دیداری پارێزەر و بنەماڵەکەی. لە بەرامبەر ئەم نزیکایەتییە دڕندانەیەی دەوڵەتی تورک، گەلەکەمان و تەڤگەرەکەمان خاوەندارێتی لە رێبەرێتی دەکەن. لە هەموو گۆڕەپانێکدا پێشەنگایەتی گردبوونەوە و چالاکییەکان دەکات. ئەمانە شتگەلێکی ئەرێنین. بە تایبەتی ئەو گەلانەی کە پشتگیری دوا هەڵمەت دەکەن کە لەلایەن دۆستانمانەوە دەستی پێ کردووە، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان گردبوونەوە ئەنجام دەدەن. گەلی کورد کە لە چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەشدارن لەم هەڵمەتەدا. سڵاو لە هەموو ئەو کەسانەی کە تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەرێتی دەکەن و بەشدارن لەو گردبوونەوەیانەدا، ڕێزی خۆم دەردەبڕم و هیوای سەرکەوتن دەخوازم. باوەڕم وایە ئەم هەڵمەتە فراوانتر دەبێت.
ئێستا شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە ڕۆژەڤی جیهاندایە. دوو هێزی چەکدار شەڕ دەکەن، بەڵام هاوڵاتی مەدەنی لە نێوانیاندا دەکوژرێن. گەلی فەلەستین ساڵانێکە قوربانی دەدات و بەرخۆدان دەکات و مافەکانی خۆی دەپارێزێت. دەبینین زۆربەی منداڵ و ژن و پیرەکان لە بۆردومانەکانی سەر غەززە دەکوژرێن. سەرەڕای ئەم هێرشە دڕندانە، خاکی خۆیان بەجێناهێڵن. مرۆڤەکان گرێدراوی خاک و وڵاتەکەیانن، بێگومان بەرامبەر ئەم هێرشانە قوربانی دەدەن، ئازار دەچێژن، بەڵام من باوەڕم وایە ئەوەی لە کۆتاییدا سەردەکەوێت ئەوانە دەبن کە خاکەکەیان بەجێناهێڵن. گەلی فەلەستین پێشتر دۆستایەتی لەگەڵ کورددا هەبووە. تەڤگەرەکەمان بۆ ماوەیەک بۆ دۆزی فەلەستین قوربانی بەخشی، زۆر هەڤاڵی هێژا شەهید بوون. دەوڵەتی تورک وا مامەڵە دەکات کە خاوەندارێتی لە دۆزی فەلەستین دەکات، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، تەنها پڕوپاگەندەیە. بۆ نموونە لە زۆرێک لە وڵاتانی دەرەوەی تورک خۆپیشاندان بۆ فەلەستین هەیە. دەسەڵات گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، بەڵام بۆ نەرمکردنەوەی ڕای گشتی ئەنجامدرا.
بە گوتن وا دەردەکەوێت کە خاوەندارێتی دەکات، بەڵام بە کردەوە وەها نییە. ناوی گردبوونەوەکە 'گردبوونەوەی مەزنی فەڵەستین' بوو، بەڵام ئەردۆگان لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر دوو شت. یهکهم; ئەو مەسەلەی بە سیاسەتی ناوخۆوە گرێدا. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە پێشمانە، بۆیە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی کرد. دووەم; سەبارەت بە پەکەکە هەڕەشەی لە گەلی کورد و سیاسەتمەدارانی کورد کرد. گوایە حکومەتی تورک بە تایبەتی حکومەتی ئەردۆگان – باخچەلی هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات، مەسەلەن باخچەلی گوتی "من لەگەڵ دۆزی گەلی فەڵەستینم، لەوێ زوڵم هەیە. ئەگەر گەلەکەم ڕێگەم پێبدات، منیش دەچمە فەلەستین و دژی ئیسرائیل دەجەنگم. بێگومان ئەگەر دەوڵەتەکەشم ئەمە پەسەند بکات". ئەو خۆی هاوبەشی حکومەتە. زۆربەی چاوشە پسپۆڕەکان مەهەپەن، زۆربەی چەکەکانیش لە دەستی ئەواندایە. ئەگەر دەتوانێت، با بڕوات شەڕ بکات. ئێمە پەندێکمان هەیە، هەندێک شەڕ دەکەن، هەندێک دەڵێن دەستم مەگرن و دەچم بۆ شەڕ. لە ڕاستیدا کەس دەستی نەگرتووە. پاشان کاتێک پێی دەوترێت کەس ڕێگەی لێ نەگرتووی بچیت بۆ شەڕ، دەڵێت دەستم بگرن. مەسەلەکەی باخچەلیش وەهایە. ئەگەر قسە دەکەی، جێبەجێی بکە. ئێمە تێدەگەین کە تۆ لە شەڕ دەترسی، لانیکەم باسی سیاسەتەکانی دەوڵەتەکەی خۆت بکە.
دەوڵەتی تورک و ئەردۆگان غەمی کوژراوەکانی غەززەیان نییە
بۆ نموونە زۆرێک لە وڵاتان بایکۆتی ئیسرائیلیان کرد. پەیوەندی سەربازی و سیاسییان پچڕاند و نوێنەرەکانیان کشاندەوە. دەوڵەتی تورک کام پەیوەندی سەربازیی پچڕاند، کام نوێنەری سیاسی خۆی کشاندەوە بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی نیشان بدات، تەنانەت ئیسرائیل هاوڵاتی و دیپلۆماتکارەکانی خۆی کشاندەوە. بەڵام دەوڵەتی تورک تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی نەناوە. تەنیا باسی پرسی فەلەستین دەکات، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەهێزتر دەکات. کاتێک ئەردۆگان پرسی فەلەستین دەهێنێتە ئاراوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەهێزتر دەکات. ئیسرائیلیش هێرش دەکاتە سەر گەلی فەلەستین. بۆیە بەم جۆرەیە. ئەردۆگان هەمیشە لە میدیاکان دەڵێت من لایەنگری ستەملێکراوەکانم، بەڵام بیر لەوە ناکاتەوە چی دەڵێت لەسەر گەلی کورد. بەڕای من کاتێک ئەردۆگان باسی گەلی فەلەستینی کرد، پێویستە چاپەمەنی ئازاد ئەو وتانە هاوشان لەگەڵ وتارەکانی سەبارەت بە گەلی کورد پەخش بکات. یان کاتێک باس لەوە دەکات دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە چی کرد، با وێنەی ئەو دڕندەییانەی دەوڵەتی تورک لە باکور بەرامبەر گەلی کورد کردی، بڵاو بکەنەوە. حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە و دەوڵەتی تورک لە غەمی ئەو کەسانەدا نین کە لە غەززە کوژراون.
دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی ببێتە موخاتەب، بە زۆر خۆی دەخاتە ناو هەموو شتێکەوە و دەڵێت من دەبمە گەرەنتیکار. ئەگەر دەوڵەتی تورک ببێتە گەرەنتی، ئەم بەرخۆدانە لە فەلەستینیشدا نامێنێت. چاپەمەنی تورک هەمیشە بەو شێوەیە هەواڵ دروست دەکەن کە "ئەردۆگان زۆر بە توندی قسەی کرد"، بەڵام کاتێک سەیری ناوەڕۆکەکەی دەکەیت، هیچ نییە. نە هەڵوێست هەیە و نە پراکتیک. کەس دەوڵەتی تورک بە جددی وەرناگرێت، بەتایبەتی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا. چونکە ئامانجی دەوڵەتی تورک پێشخستنی خۆیەتی و پەیداکردنی پارەیە لەسەر حسابی خوێنی گەلی ستەملێکراوی فەلەستین. ئەردۆگان خۆی لە وتارەکانیدا دەڵێ، شتی سەرەکی بەرژەوەندی وڵاتەکەمانە. هەڵوێستێکی لەو شێوەیە پێش دەخات. جیاوازییەکی گەورە نییە لە نێوان ئەوەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلی کورد کردوویەتی لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل بەرامبەر فەلەستینییەکان دەیکات. لەم شەڕەدا بەزۆری منداڵ و ژن و بەساڵاچوو کوژراون. هەرکەس خۆی بە مرۆڤ بزانێت، کاتێک ئەم دیمەنانە دەبینێت ئازار دەچێژێت. بەهۆی مردنی منداڵان و خەڵکی سڤیل، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان یەکیان گرت و ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر ئەمە پیشاندا. ئەمە بەڵگەی قسەکانی ڕێبەریتییە سەبارەت بە گەلان. سەبارەت بە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ڕێبەرێتیمان ساڵانێک جەختی لەسەر خوشک و برایەتی گەلان کردەوە. چارەسەری ئەم کێشانە هێڵی ڕێبەرێتییە.
سەرەتای شەڕی تونێلەکان، لە چارچەل دەستی پێ کرد
٨ ساڵە لە نێوان ئێمە و دەوڵەتی تورکدا بە هاوین و زستان، بەبێ پشوو، شەڕ هەیە. کاتێک لە ساڵی ٢٠١٥ هێرش کرایە سەرمان، شەڕی سەرەتایی تونێلەکانمان لە چارچەل دەستپێکرد. ٤٧ ڕۆژی خایاند. لە هەندێک شوێن شەڕ لە تونێلەکاندا ڕوویدا، لە هەندێک شوێن لەسەر زەوی. لە دوای ساڵی ٢٠١٦ شەڕی تونێلەکان لە هێڵی ئاڤاشین دەستی پێکرد و هەموو ساڵێک زیاتر پەرەمان بە شەڕی تونێلەکان دەدا. بێگومان ئێمە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ئەزموونمان نەبوو، ئامانجی سەرەکیمان شکستپێهێنانی دەوڵەتی تورک بوو لەسەر زەوی. بۆیە شەڕی تونێلەکان تاکتیکێکی بنەڕەتی نەبوو. شەڕی زەوی تاکتیکی سەرەکی بوو، تونێلەکانیش وەک ئامرازێک بەکاردەهێنران. بەڵام کاتێک شەڕەکە گەورەتر بوو، سەرنجمان لەسەر تونێلەکان بوو. یەکەم شوێن کە شەڕی تونێلمان وەک تاکتیک بەکارهێنا، گارە بوو. دەوڵەتی تورک هەندێک ئامانجی بۆ گارە خستە پێش. بە ئۆپەراسیۆنێکی لەناکاو گارە داگیر بکات و لەوێ نیشتەجێ بێت. دیلەکانی ئەوانمان لەژێردەست بوو، دەیانویست ئەو سەرباز و پۆلیسانە ئازاد بکەن و لەسەر ئەمە سیاسەت بکەن.
هەڤاڵانمان لەو تونێلانەدا هەم گورزیان لە دوژمن دەوەشاند. هەم نەیانهێشت دەوڵەتی تورک سەربکەوێت. لە دوای ساڵی ٢٠٢١ هێرشیان کردە سەر ئاڤاشین، لەوێ چەند مانگێک شەڕی تونێلمان ئەنجامدا. بۆ نموونه هه موو هێزه کانیان ڕه وانه ی تەپەسور کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. ئێستا دەوڵەتی تورک دەڵێت ئیسرائیل بۆمب بە سەگەوە دەبەستێتەوە و دەیانخاتە تونێلەکانەوە، بەڵام لە واقیعدا تاکتیکیان فێردەکات. دەڵێت، ئێمە ئەمەمان لە دژی پەکەکە کرد، ئێوەش هەمان شت بکەن. دەوڵەتی تورک شتگەلێک دەڵێت کە بە مێشکی ئیسرائیلدا نایەت. کاتێک دەوڵەتی تورک نەیتوانی بەسەر بەرخۆدانی گەریلادا زاڵ بێت، کامێرای بە سەگەکانەوە بەست و ڕەوانەی تونێلەکانیان کرد. دیمەنی ئەمەش هەیە. ئەم شێوازانە هی دەوڵەتی تورکن. لەبەرچاوی هەموو دونیا چەکی کیمیاوی و قەدەغەکراویان لەدژی گەریلا بەکارهێنا. بە واتایەکی تر دڕندەیی دەوڵەتی تورک تەنانەت لە ئیسرائیلیش خراپترە.
کاتێک هێرشەکان بۆ سەر حەفتانین دەستی پێکرد، ئێمە بە تیمی گەڕۆک وەڵاممان دایەوە نەک شەڕی تونێل. پاشان لەنێو خۆماندا باسمان لەوە کرد کە تاکتیکی سەرەکیمان دەبێت چی بێت. بۆ ئەوەی یەکلایەنە نەبین، تاکتیکی تیمە گەڕۆکەکان و تونێلەکانی شەڕمان پێکەوە بەکارهێنا و گوتمان، یان ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورک دەوەستێنین یان پووچەڵی دەکەینەوە. لە ساڵی ٢٠٢١دا، لە شەڕی ئاڤاشین، دەوڵەتی تورک نرخاندنی بۆ چۆنیەتی گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بەرامبەر تونێلەکان کرد. بێگومان ئێمەش ئامادەکاریمان هەبوو. دەوڵەتی تورک لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢١ سەرەتا لە ئاسمانەوە هێرشی بەرفراوانی دەستپێکرد، دواتر لە ١٧ی نیسان دەستیان بە هێرشی زەمینی کرد. سەرنج بدەنم ئیسرائیلیش هەمان تاکتیک بەکاردەهێنێت. دوای ئەو چالاکییەی حەماس، ئیسرائیل لەناکاو هێرشی زەمینی نەکرد، سەرەتا بەشێوەیەکی قورس شارەکەیان بۆردومان کرد، دواتر بە تانکەوە چوونە نێو غەززە. دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠٢١ ئەم تاکتیکەی تاقیکردەوە. ٢ ساڵە شەڕێکی گەورە لە زاپ و ئاڤاشین ڕوودەدات. دەوڵەتی تورک هەمیشە دەڵێت هەرێمەکانی پاراستنی مەدیامان داگیرکردووە و پەکەکەمان لەناوبردووە. بەڵام شەڕی ئێمە لە دژی دەوڵەتی تورک لە هەموو گۆڕەپانێکدا بەردەوامە. ڕاستە، دەوڵەتی تورک هەندێک گۆڕەپانی داگیر کردووە، هەندێک هەرێمی ستراتیژی داگیر کردووە، بەڵام لەو هەرێمانەی گەریلا هەیە و ڕۆژانە چالاکیی دژی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدەن. ماوەی ٢ ساڵە دەوڵەتی تورک نەیتوانیوە پارچە زەوییەکیش کۆنتڕۆڵ بکات.
"هاوڕێ ئەرداڵ و ڕۆژهات، لەنێو دڵی دوژمندا چالاکیان کرد و پەیامیان دایە دوژمن"
هەموو جیهان چاوی لە دڕندەیی دەوڵەتی تورک کوێر کردووە. دەوڵەتی تورک هەموو ئەو چەکە کیمیاییانەی کە هەیەتی لە دژی گەریلاکان بەکاری دەهێنێت. کاتێک ناڕەزایەتی توند نەبێت، مەیدانەکە بۆ دەوڵەتی تورک چۆڵ دەبێت. هەندێک کوردی خائینیش هاوکاری دوژمن ده کەن، لەگەڵ ئەوەشدا، دەوڵەتی تورک ناتوانێت بڵێت، سەرکەوتووم. ئەم شەڕە لەوەش سەختتر بەردەوام دەبێت. ئێستا ٢ هێز هەیە. هێزێک بۆ بەرژەوەندی خۆی شەڕدەکات، هێزێکی تر دڵسۆزانە بۆ خاکەکەی شەڕ دەکات. ئەوانەی لەسەر خاکەکەیان دڵسۆز و بەئیرادەن، سەردەکەون. ڕاستە ئێمە قوربانی زۆر قورس دەدەین، ئازار دەچێژین، لەم ساڵانەی دواییدا چەندین شەهیدی قارەمانمان بەخشیووە، بەڵام وەڵامێکیش هەیە بۆ قوربانیدانەکە. بۆ نمونە دەوڵەتی تورک دەڵێت پەکەکە تەواو بووە، بەڵام دەڵێن ڕۆژانە چەندین ئۆپەراسیۆن لە باکور ئەنجام دەدەن. ئەگەر تەواوت کردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەرامبەر کێ ئەنجام دەدەیت یان ئەوە چۆنە ڕۆژانە سەرباز لەدەست دەدەیت [ئەگەر پەکەکە تەواو بووە]؟ ئەمەش واتە هێزێک هەیە دژی تۆ چالاکی دەکات، گورزت لێ دەدات و تۆش ئۆپەراسیۆن دەکەیت. کەوایە پڕوپاگەندەی ئێوە درۆیە. دەڵێن باکور بەدەست ئەوانەوەیە، بەڵام ڕۆژانە سەربازیان دەکوژرێن. پڕوپاگەندەی دەوڵەتی تورک بۆ ڕای گشتی جیاوازە و ڕاستییەکان لەیەکتر جیاوازن.
بۆ نموونە چالاکییە فیداکارییەکەی ئەنقەرە؛ هەڤاڵان ئەرداڵ و ڕۆژهات ئەندامی تابووری نەمران بوون. پەیامێکیان بۆ دوژمن نارد. دەوڵەتی تورک دەیگوت، گەریلاکانی باکور بێکاریگەر بوون. هەروەها ئەم هەڤاڵانە پەیامی 'دەتوانم بێم و لەنێو دڵی تۆدا چالاکی بکەم'یان دایە دوژمن. وە بەڕاستی لە دڵی دوژمندا چالاکیان کرد. ئامانجی پەیامەکە گەیشت و چالاکییەکە گەیشتە ئامانجی خۆی. پیشانیاندا فیداکارانی پەکەکە دەتوانن لە هەر شوێنێک بیانەوێت چالاکی ئەنجام بدەن. هەڤاڵان ئەرداڵ و ڕۆژهات بە چالاکییە فیداییەکەیان ئەمەیان سەلماند. زۆرێک لە فیداکارانی پەکەکە دەتوانن لە هەر شوێنێک بیانەوێت و لە هەر شوێنێک کە دەوڵەتی تورک هەست بە سەلامەتی بکات، چالاکییەکان ئەنجام بدەن. ئامانج و کات و پەیامی ئەو چالاکییەی ئەنقەرە بەتەواوی دروست بوو. سەرنج بدەن، دەوڵەتی تورکی هەژاند. دەوڵەتی تورک زۆر متمانەی بەخۆی هەیە، چونکە لە ڕووی تەکنیکییەوە بەهێزتر بووە و میتی لە هەموو شوێنێک داناوە، بەڵام بەو شێوەیە نییە. بە تایبەت لە باکور لە زۆر بواردا چالاکیی کاریگەر هەیە. ڕاستە چاپەمەنی لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتە، بەڵام ڕاستییەکیش لە گۆڕەپانەکەدا دەبینرێت.
لە هەموو شوێنێک شەڕ بەردەوامە. دەوڵەتی تورک دەڵێت 'من دژی تیرۆر دەجەنگم'، بەڵام گەورەترین تیرۆر دەوڵەتی تورک خۆیەتی. باسی مافەکانی مرۆڤ دەکات و دەڵێت بەپێی یاسا مامەڵە دەکەم. بەڵام پیاوێکی بەساڵاچووی ئێمەی لە دۆڵ دۆزیەوە و ئەشکەنجەیان دا و لە کۆپتەرەوە فڕێیاندایە خوار، منداڵانی دەوری گوندەکان شەهید دەکات و دەڵێت "تیرۆریست بوون"، بەساڵاچوویەک ٧٠ ساڵی کوشت و دەڵێت پەکەکەیە. دەڵێت ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانیمان دەکەن. دەوڵەتی تورک ئەندامێکی سەرەکی ناتۆیە. هەموو یاساکان پێشێل دەکات، هەموو جۆرە ستەمێک لە گەلی کورد دەکات، هەموو پشتیوانییەکانی لە ناتۆ وەردەگرێت و هەوڵ دەدات شەڕەکە بەرەو خاڵێکی دیکە ببات. ناتۆ پشتیوانی دەوڵەتی تورک دەکات، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا چاویان لە بەربەرییەتی دەوڵەتی تورک دادەخەن و بە پێی بەرژەوەندییەکانیان پشتیوانیان دەکەن و سەرەڕای هەموو ئەمانەش دەوڵەتی تورک هەموو جۆرە تاوانێکی جەنگی دژی گەریلا ئەنجام دەدات، بەڵام هێشتا گلەیی هەیە. ئەگەر جیهان دونیای بەرژەوەندی نەبوایە، دەوڵەتەکان بەشێوەیەکی مرۆڤانە سەیری ئەم بابەتەیان دەکرد، ئەگەر بیانبینی دەوڵەتی تورک چی بەسەر گەلی کورددا هێناوە و کاردانەوەیان هەبووایە، مەراقمە بزانم ئەوکات دەوڵەتی تورک چی دەکرد؟
جەنگاوەرانی پەکەکە لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکی ستەمکار دەکەن
دەوڵەتی تورک دەڵێت من دەبمە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام هیچ یاسایەک جێبەجێ ناکات، تەنانەت دەڵێت پێویستە یاساکانم جێبەجێ بکەن، دەڵێت من ئەندامی ناتۆم، بەڵام هیچ یاسایەک ڕەچاو ناکات، دەڵێت ناتۆ بێتە خزمەتی منەوە. دەڵێت هەرچییەک بە گەلی کورددەکەم، ئێوە بێدەنگ دەبن. بێدەنگن. بەم حاڵە قازانج دەکات. هیچیان نایەن و ناڵێن ئێوە ئەم قسانە لەسەر غەززە دەڵێن، بەڵام لە پشتتانەوە سەیری ئەوە بکەن کە چیتان بە کورد کردووە، ئەی ئەردۆگان نەبوو؟ سەبارەت بەو گەلە بێ چەک و بێ بەرگرییەی کورد کە بەتەنها لە گۆڕەپانەکەدا بوو، گوتی: "ژن بێت، منداڵ بێت، گولەباران بکەن"، دوای ئەم قسەیە چەند منداڵ شەهید بوون؟ هەروەها دەڵێت ئیسرائیل بەپێی یاسای شەڕ هەڵسوکەوت ناکات، بەڵام ئەوەی لە ڕۆژئاوا کردوویەتی جێگای سەرنجە. لە عەفرین چییان کرد و ئێستا چی دەکەن؟ لە سەرێکانی چییان کرد؟ بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو گەلیان کوشت. نەخۆشخانەی عەفرینیان بۆردومان کرد و بازاڕی سەرێکانییان بۆردومان کرد و سەدان هاوڵاتی مەدەنییان کوشت. چەند جار لە عەفرین و سەرێکانی بۆمبی فسفۆڕ بەکارهێنرا و هەموو جەستەی منداڵێکی ١١ ساڵان لەبەرچاوی جیهاندا سووتێنرا؟ پاشان برایە شوێنێکی تر و چارەسەری بۆ کرا. کێ هەیە هەموو ئەم تاوانانەی دەوڵەتی تورک ئاشکرا بکات و داوای لێپرسینەوە بکات و لە دادگاکانی مافی مرۆڤ بیخاتە بەردەم دادگا؟ پەکەکە بە تیرۆریست ناودەبەن، بەڵام تیرۆریستە ڕاستەقینەکان خۆیانن. هەموو ئەو شێوازانەی دەوڵەتی تورک بەکاری دەهێنێت، شێوازی تیرۆرن. ئەوەندە گەلی کوردستان و مەدەنی و ژن و منداڵی کورد شەهید بوون، ئایا گەلی کورد تۆڵەی ئەمە ناکاتەوە و داوای لێپرسینەوەیان لێ ناکات؟ زوڵمی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد تەنانەت لە ئیسرائیل خراپترە. بەڵێ هەموو دەوڵەتەکان دڕندەن و خەڵکی ستەم لێکراویش هەن، بەڵام دەوڵەتی تورک بۆ هەر دڕندەیییەک کە دەیکات بیانوویەک دەهێنێتەوە، جیهان چاوی لێیە و کەس هەڵوێستی نییە. هەموو ئەو کارە خراپانەی کردوویەتی دەسڕدرێتەوە، بەڵام فیداکارانی پەکەکە لێپرسینەوە لە دەوڵەتی ستەمکار دەکەن. تۆڵەی هەموو شەهیدەکانمان دەکەینەوە. ئەمە بەڵێنی هەموو جەنگاوەرانی پەکەکە.
باجەکەی هەرچی بێت، ئێمە بەرخۆدان دەکەین
دەوڵەتی تورک بە درۆی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا هەندێک هەرێمی داگیرکرد. لە هەموو چەتەکان هێزێکی دروست کردووە، دژی ڕژێم شەڕ دەکات، بەڵام دەڵێت یەکپارچەیی سوریا دەپارێزم. کێ باوەڕ بەم درۆیانە دەکات؟ خۆیان دەیڵێن و خۆیان باوەڕی پێدەکەن. ئەردۆگان ١١ ساڵ لەمەوبەر گوتی "ئێمە دان بە ڕێککەوتنی لۆزاندا نانێین". لەخۆڕا ئەمەی نەگوت. پڕۆژەیەک لەپێشی بوو، دەیانگوت شارە دەوڵەمەندە نەوتییەکانیان لێ وەرگرتین و جوگرافیایەکی تەسکیان پێداین. لە هەلومەرجی ئەو قۆناغەدا قبوڵ کرا، بەڵام ئێستا سنوورەکانی لۆزان قبوڵ ناکەین. ئەوکات ڕێکخستنی خۆی دامەزراند و میساقی-میللی کردە ڕۆژەڤ. هەڵبەت بە گوێرەی ئەم پلانانە شەڕ ناکات، بیانوو بۆ خۆی دەهێنێتەوە. بەم هۆیانەوە بەشێک لە هاوکارە کوردەکانی وەک پەدەکە لەخۆدەگرێت و هەندێکی دیکەش بە نەیارانی خۆی دەزانێت و بێگومان پەکەکە بە تیرۆریست ناو دەبات. ئینجا دەڵێت دەچمە ناو ئەو شوێنانەی پەکەکەی لێیە. هەر لە ئێستاوە بە ڕوونی دەڵێت هەندێک ناوچەی کەرکوک و باشوور، کوردستانی و کوردی نین، هی تورکمانەکانن. پێشتر زۆرێک لە ئەندامانی مەهەپەیان چەکدار کرد و ڕەوانەی کەرکوک کران.
دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا پەکەکە بێکاریگەری دەکات، بە نۆرە هێرش دەکاتە سەر هێزە کوردییەکانی دیکە. کێ دەڵێت ئەوە ڕوونادات؟ هەندێک کەس لە ترسی ئەمە قسە ناکەن. ئەم ترسە تا چەندە؟ کاتێک لایەنێک درک بەوە دەکات کە لایەنەکەی تر لێیان دەترسێت، ئەو کاتە هەموو شتێکیان لە لایەنەکەی تر دەوێت. ئێستا دەوڵەتی تورک ئەمە بە پەدەکە دەکات. مانگ و نیوێک پێش ئێستا دەوڵەتی تورک بە پاڵپشتی پەدەکە سەربازەکانی لە بارزان دابەزاند و داگیری کرد. ئێمە لەو هەرێمە پێکەوە بووین، دەبێت هەندێک شت بە دروستی تێبگەین. دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر ئەو کوردانەی کە ئیرادەی پاراستنی بوون و ناسنامەی خۆیان هەیە، ئەوان سیاسەت دەکەن و بۆ ئەمە تێدەکۆشن دەکەن. لەلایەکی تریشەوە هەندێک هاوکاری کوردیان ملکەچ کردووە و هەندێک دەرفەتیان داوەتە ئەوانی تر کە دەتوانن جارێکی تر لە دەستیان وەریبگرن کاتێک دەیانەوێت و پەیامێک بۆ ڕای گشتی بنێرن بۆ ئەوەی بزانن من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ کورددا نییە. شەڕ لە ناوچەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامە. هەپەگە خۆی هەموو ڕۆژێک گەل لە شەڕەکە ئاگادار دەکاتەوە. لە ئاڤاشین و زاپ و مەتینا ماوەی ٢ ساڵە شەڕی تونێلەکان بەردەوامە. دەوڵەتی تورک بۆردومانەکانی زیاتر کردووە و جارێکی دیکە چەکی کیمیایی و چەکی نایاسایی بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجام، بەتایبەتی لە ٢ مانگی ڕابردوودا. دەوڵەتی تورک بەو ئاسانییە ئەنجام بەدەست ناهێنێت. ئێمە تەڤگەری گەریلایین، لە هەر شوێنێک پێویست بێت، باجەکەی هەر چی بێت، بەرخۆدان دەکەین".