ئەمڕۆ، لە شاری هەولێر، هێرشێکی چەکداریی کرایە سەر نووسینگەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و لە ئەنجامدا نوێنەرێکی کەنەکە لە باشووری کوردستان بەناوی "دەنیز جەودەت بولبون" شەهیدبوو.
هاوسەرۆکی گشتیی کەنەکە، ئەحمەد قەرەمووس، لەبارەی ئەم هێرشەوە ڕایگەیاند: "هێرشێکی بەمجۆرە لەسەرمان لە ناو شاری هەولێردا تاوانێکی گەورەیە و ئاسایشی هەولێر لەم هێرشە بەرپرسیارە، ئاسایشی هەولێر لەبەر ئەوەی وێڕای هەموو ئەو هەڕەشانەی لەسەر کەنەکە هەیە و ئەمنییەتی نووسینگەی کەنەکەی نەپارستووە، تاوانبارن".
قەرەمووس هەروەها گوتی: "ئەو کەسەی کە ئەو هێرشەی ئەنجامداوە مومکین نییە بەبێ هاوکاری دەسەڵاتدارانی باشوور ئەو بوێرییەی کردبێت".
هەروەها بانگەوازی لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێم و هەموو هێز و لایەنەکان کرد، بەرامبەر ئەم هێرشە هەڵوێست وەربگرن، بەزووترین کات تاوانبارەکە دەستیگر بکرێت و بە سزای خۆی بگەیەنرێت.