"ئێمەى مەریوانی خاوەنداری لە نەریتی بەرخودانی خۆمان دەکەین"

ئە.ئیی مەریوانی باسی لە گوشارەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر گەلی رۆژهەڵات کرد و وتی، "رژێمی ئێران بە رەفتارە دڕندانەکانی ناتوانێت ورەی گەلی رۆژهەڵات تێکبشکێنێت. ئێمەى مەریوانی خاوەنداری لە نەریتی سەدان بەرخودێری خۆمان دەکەین".

رژێمی ئێران تووشی قەیرانی ئابووری، قەیرانی گەورەی کۆمەڵایەتی بووەتەوە و لە بریی ئەوەى قەیرانەکان و کێشەکانی کۆمەڵگە  چارەسەر بکات زیاتر دەیانشوێنێت و تێکاندەدات. ئە. ئیی مەریوانی بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە نایەوێت ناوەکەى بڵاوبکرێتەوە، لەبارەی دۆخی بێ ئەخلاقی، کە رژێم لە ناو کۆمەڵەگەدا دروستیکردووە وتی، "دەوڵەت بە پاساوی ئەنجامدانی تاوان ئەو منداڵانە دەستگیر دەکات، کە دایک و باوکیان نییە. دوای دەستگیرکردنیان بۆ ماوەى ١٥ رۆژ راهێنان و پەروەردەیان پێدەکات بۆ ئەوەى لە ناو کۆمەڵگەدا کاری تێکدەری ئەنجام بدەن، لەو رێگەیەوە گێژاوی قورستر دروست دەکەن، کاری توندوتیژیانە و کوشتن ئەنجام دەدەن و ماددەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوە".

وتیشی، "دەوڵەت ئیدی لە رووی ئابوورییەوە ناتوانێت کۆمەڵگە کۆنترۆڵ بکات. هەموو ساتێک ئەگەری ئەوە هەیە لە دژی سیاسەتەکانی دەوڵەت راپەڕین رووبدات. ئەوەش بۆ دەوڵەت دۆخێکی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە و بۆ ئەوەی پێش لەوە بگرێت ئاراستەى کۆمەڵگە بەرەو شوێنی تر دەگۆڕێت و کۆمەڵگە دەکات بە گژ یەکتردا. لە ناو گەل دا رووداو دروست دەکات و قەیران کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەکات. لەو دۆخەدا گەل لە بریی ئەوەى بۆ شۆڕش راپەڕێت، روو لەو قەیران و رووداو و گێژاوانە دەکەن، کە بۆیان دروستکراوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە وزەی خۆیان لە شتی لابەلادا لە دەست بدەن".

ئە. ئی لەبارەی سیاسەتەکانی دەوڵەتەوە نمونەیەکی هێنایەوە و وتی، "مانگی رابردوو رووداوێکی چەقۆوەشێنی روویدا، ئەوە پەیوەندیی بەو سیاسەتەوە هەبوو. یەکێک لە رووداوەکان بەمشیوەیە بوو، کەسێک بە ماتۆڕ رێی لە ٢ برا لە کاتی گەڕاندا گرت و بۆ دوو براکە دابەزی و چەقۆی کرد بە دڵی یەکێکیاندا و خەنجەرێکیشی لە ملی ئەوی تریان دا. ئەو دوو برایە ئەو کەسەیان هەر نەدەناسی و نەیاندەزانی کێیە. ئەو دوو برا گەنجە لە بنەماڵەى چارەتەڵەب و خەڵکی گوندی کیکنی مەریوان بوون. لەوێدا سیاسەتی دەوڵەت ئەوەیە، کە گەل تێکبشکێنێت و چاوترسێنیان بکات. دەوڵەت تەنها سزا بەسەر رووداوە سیاسییەکاندا دەسەپێنێت".  

باسی ئەوەشیکرد، "رژێم لە ناو کۆمەڵگەدا رووداوەکانی وەک چەقۆ وەشاندن، ماددەی هۆشبەر و کوشتن برەو پێدەدات و کاتێک رووداوی پەیوەندیدار بەو بابەتانەوە روودات بێندەنگەى لێدەکات و ئەنجامدەرەکانی سزا نادات. لەو رێگەیەوە کۆمەڵگە بەرەوە گێژاو دەبات. کردارە فاشیستییەکانی دەوڵەت، بۆ ئەوەى ورەی گەلی رۆژهەڵات تێکبشکێنێت، ساڵی پار زۆر زۆر بوون. لە خۆپیشاندانەکانی گەڵاڕێزان (ئۆکتۆبەر)دا بلۆکیان بە قاچی کەسە راپەڕیوەکانەوە دەبەست و هەڵیاندەدانە زرێبارەوە".

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەوەشی وت، "رژێمی ئێران ساڵەهای ساڵە گوشار لە خەڵک دەکات و دەیەوێت بەو کارانە ئەنجام بەدەست بهێنێت. بەڵام ئەو کارانە هەرگیز ناتوانن ئیرادە و ورەی گەلی رۆژهەڵات تێکبشکێنن. لە راپەڕینەکانی گەڵاڕێزان دا هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکیان بەرامبەر بە گەل بەکارهێنا و بە شێوەی دڕندانە مرۆڤیان کوشت. بەڵام ئێمەى گەلی مەریوان، ئێمە هەموو کات خاوەنداری لە نەریتی بەرخودانی سەدان راپەڕیو و بەرخودێرمان دەکەین، کە خستنیانە زرێبارەوە،یان لە شەقام و کۆڵانەکاندا شەهیدیان کردن".

ژ.ت