زیلان ڤەژین: ئەگەر گەلانی ئیران هەفتەیەک بەرەنگاری بکەن رژێم دەگۆڕێت -١-

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پەژاک رایگەیاند، با هەموو کەس هەفتەیەک دەست لە کار هەڵگرێت و بڕژێنە سەر شەقامەکان و راپەڕن، لەو کاتەدا رژێم ناچار دەبێت گۆڕانکاری ئەنجام بدات.

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) شیکاریی بۆ شەڕی کوردستان، گۆڕین و گۆڕانکارییە گرنگەکان و هەڵبژاردنی ئەمدواییەی سەرۆک کۆماری لە ئێران کرد و رایگەیاند، ئاستی گۆڕین و گۆڕانکاریی فکری و کۆمەڵایەتیی گەلانی ئێران لە ئاستێکدایە، کە دەتوانێت پێشەنگایەتی بۆ بونیاتنانی سیستمی دیموکراسی و سۆسیالیزم بکەن. راشیگەیاند، "لە هەموو کات زیاتر دەرفەت بۆ گەلی ئێران هەیە و رەخساوە. ئەگەر ئێمە بتوانین بە فکری ئازادی، سۆسیالیزم و دیموکراسی سیستمە دیمکراتیک و ئازادەکەمان بونیات بنێین ئەو کاتە دەتوانین شۆڕشی ئازادیش سەربخەین. گەلانی ئێران و بە تایبەتی گەلی کورد ئەگەر بە شێوەیەکی هاوبەش تێبکۆشن و بە ئەزموونی تێکۆشانی چەندین ساڵەیان بە دڵنیاییەوە سەردەکەون".

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وەڵامی پرسیارکانی ئاژانسەکەمانی دایەوە.

- لە قۆناغی ئێستادا رووداوی زۆر گرنگ لە کوردستان و ناوچەکە روودەدەن. ئێوە ئەم قۆناغە چۆن لێکدەدەنەوە و ئەم قۆناغە چی لەگەڵ خۆی دەهێنێت؟

- ئێمە لە مانگی حوزەیرانداین و وەک دەزانرێت ئەم مانگە بۆ تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەمان مانا و پێگەیەکی تایبەتی هەیە. لە ساڵی ١٩٩٦دا زەینەب کناجی (زیلان) لە دێرسیم و لە ساڵی ٢٠٠٦دا لەتیفە سەلامەت (زیلان پەپولە) لە مەریوان شەهید بوون. ئێمە لە کەسایەتیی ئەو هەڤاڵە ژنە قارەمانانەدا، کە لاپەڕەیەکی نوێی تێکۆشانیان هەڵداوەتەوە، بە رێز و منەتەوە یادی هەموو شەهیدانی ئازادی دەکەینەوە. ئەوە راستیی دیالکتیکی تێکۆشانی گەلی کوردە، کە بە تایبەتی تێکۆشانی ئازادیی ژنان هەموو کات کاریگەرییان لەسەر یەکتر داناوە و پێشی دەخات و لە بەرامبەر دەسەڵاتی زاڵمانە و داگیرکەریدا خۆی گەیاندووەتە ئاستێکی زۆر بڵند و گەورەتر. دەکرێت بڵێین، هەر دوو هەڤاڵ زیلان، سەرباری کات و شوێنی جیا، بە یەک ورە و لە یەک هێڵی ئایدۆلۆژیدا گەیشتنە ئاستی پێشەنگایەتی و تێکۆشان. ئەوەش زۆر واتادار و گرانبەهایە. ئەو دوو هەڤاڵە لە هێڵی ئاپۆیدا جەنگاوەری راستی بوون. دەبێت ئەوەش بوترێت، زیلان بە مانای خاوەنداریکردنە لە ئایدۆلۆژیا، چەمک و هێڵی رێبەر ئاپۆ و چالاکییەکانیان سەلمێنەر و دەرخەری ئەوە بوون. ئێستاش وەک ساڵی ١٩٩٦ لەسەر رێبەرایەتیمان پیلانگێڕیی قێزەون لە ژێر سیستمی ئیمراڵیدا درێژەى هەیە. هێزە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان و بەشدارن لەو سیستمە ئەشکەنجەیەدا و کوردە نۆکەرەکانیش بەشداری پێدەکەن. بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە بە رۆح و ورەی زیلانەکان ئەو ورەیەی بەرخودان و ئازادیخواز زیاتر گەشتر بکەین و بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری و پاکتاوکردن زیاتر تێکۆشانی خۆمان کاریگەرتر و بەرفراوانتر بەڕێوەببەین. ئەوانە هەم دەبنە وڵاەم بۆ یادی ئەو شەهیدە قارەمانانە و هەمیش پێویستیی سەرخستنی شۆڕشی ئازادییە.

شەڕێکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامیی هەیە، بەڵام زیاتر سیستمە دیکتاتۆری و دەسەڵاتخوازەکان زاڵ دەکرێن تاوەکو رێ لە بەرخودان و داوای ئازادیی گەلان بگرن بۆ ئەوەی سیستمێکی دیموکراتیک و جێگرەوە دانەمەزرێت و بۆ ئەوەش ئاڵۆزی و قەیرانەکان قوڵتر دەکرێنەوە. کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم سەردەمەدا لە زۆر لایەنەوە رووی چەپەڵ و وێرانکەری دەسەڵاتەکانیان بینیوە و بۆ داوای دیموکراسی، سۆسیالیزم و یەکسانی هاتوونەتە پێشەوە. زۆر زیاتر هەڵوێستێکی رادیکاڵ و توند رابەرایەتی دەکەن، بەڵام بۆ ئەو داوایە نابن بە سستم و ئەڵتەرناتیڤ هۆکارەکەی ئەوەیە لە زۆر لایەنەوە دەستێوەردان کراوە. ئێستاش ئەو دۆخە بەردەوامیی هەیە. هەر چۆن شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە هۆی وێرانی و قەیران، بەو شێوەیەش سیستمە دژە – کۆمەڵگەکان زیاتر رێکخستنکراون و بەسەر کۆمەڵگەدا دایان سەپاندوون و ئێستاش هێزە هەژمونگەراکان و سەرمایەداریی جیهانی ئیمپریاڵ لەو هەوڵدان، کە هێزە دەسەڵات و داگیرکەرەکان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن.  هەر چۆن شەڕە جیهانییەکانی تر بە هەڵوەشاندنەوە و وێرانکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتاییان پێهات شەڕی جیهانیی سێیەمش هەمان دەرەنجامی دەبێت و لە ناو کار و هەوڵی هەموو جۆرە نزیکایەتی و رەفتارێکی دژە – مرۆڤانەدان. دۆخی سوریا، لوبنان، عێراق، تورکیا و ئێران نمونە روون و بەرچاوەکانیەتی. لەو وڵاتانەدا ناکۆکیی باوەڕەکان، ئیتنیکی (نەتەوەیی) و چینایەتی قوڵ دەکەنەوە و بۆشایی سیاسی و بەڕێوەبەریش بە هێزە دیکتاتۆر و موحافیزکارەکان پڕ دەکەنەوە. ئەوانەى لە ناکۆکیی نێوان کۆمەڵگە و سیستمی باڵادەست و هەروەها لە ناکۆکیی نێوان ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ یەکتر سوود وەردەگرن بێگومان هێزە نێونەتەوەییەکانی دەرەوەن.

- ئێوە دۆخی کوردستان لە ناو شەڕی ناوچەکەدا چۆن لێکدەدەنەوە؟ مەترسیی شەڕی ناوخۆیی لە رۆژەڤدایە. لەو بارەیەوە بانگەوازی و لێکدانەوەى بەڕێز موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە هەبوو، ئێوە وەک پەژاک ئەو دۆخە چۆن لێکدەدەنەوە؟

 - شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرتر و زیاتر لە کوردستان گوڕ و گەرمە، هەموو هێزەکان لەم قۆناغەدا بۆ کوردستان خاوەنی سیاسەتێکی تایبەتن. لەم ساڵانەدا پێشکەوتنی بزووتنەوەى ئازادی و تێکۆشانی گەلی کورد دەستکەوتی گرنگی لەگەڵ خۆیاندا هێناوە. ئەو دەستکەوتانە نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلان سوودی زۆر گرنگی هەبوو. زۆرتر لە یەکگرتوویی کوردان لە تێکۆشانی سەردەمێکی نوێدا، ئەوەی بۆ گەلان دەستەبەر کرد. لە بەرامبەر ئەوەدا هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان و بە تایبەتی داگیرکەرانی کوردستان دەستیان بە جموجوڵ کرد بۆ لە ناوبردنی ئەو دەستکەوتانە و رێگریکردن لە یەکێتی و یەکگرتوویی کوردان و پرۆژەى دیموکراسیکردنی ناوچەکە و یەکگرتوویی گەلان. لێرەدا رۆڵێکی بەرچاو بە تورکیا دراوە. دەوڵەتی فاشیست و پاکتاوکاری تورکیا دەیەوێت سنوورەکانی میساقی میللی زیندوو بکاتەوە و لە ناوچەکەدا خۆی بکاتە هێزێکی باڵادەست. ئەو شەڕە تەنها بەرامبەر بە پەکەکە نییە، بەڵکو لە کەسایەتیی پەکەکەدا دەیەوێت ئەو شەڕە لە دژی هەموو گەلان و لە پێش هەموانیشەوە لە دژی گەلی کورد بەڕێوەی ببات. لە بنەڕەتدا ئەو شەڕە لە نێوان هێزە نەتەوە – دەوڵەتەکان، کە لەلایەن سیستمی دەسەڵاتداری جیهانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و هەموو لایەنە خۆڕاگرەکانی بەرخودانی نەتەوەی دیموکراتیک کە پەکەکە و بزووتنەوەى ئازادی پێشەنگایەتییان بۆدەکات، بەڕێوەدەچێت. ئەو شەڕە لە سێگۆشەی ئێران، عێراق و تورکیادا گیریخواردووە و بواری زۆریش بۆ هێرش و دەستێوەردانی ئێرانیش ئامادە دەکەن. زۆر هێزیش هەیە، کە دەیانەوێت سوود لەو شەڕە وەربگرن.

لە بەرامبەر شەڕی کوردستاندا گەریلاکانی ئازادی بە بەرەنگاری و بەرخودانی شکۆمەندانە و ورەبەرزانە تێدەکۆشن و شەڕ دەکەن. تەکنەلۆژیای بەرفراوان و شێوازی زۆر دڕندانە و بەدەر لە مرۆڤایەتی لە دژی گەریلا بەڕێوەدەچێت. لەبەر ئەوەى شەڕی نێوان بەهاکانی مرۆڤایەتییە، کە گەلی کوردستان دەیانپارێزت و شەڕی هێزە داگیرکەر و دژە – دیموکراسییەکانە، بۆیە پشتیوانیکردن لە گەریلا و بزووتنەوەى ئازادی ئەرکی سەرەکی و بنەڕەتیی هەموو کەس و لایەنێکە. دەبێت ئەوە بزانرێت، کە هەبوونی بزووتنەوەى ئازادی بە مانای هەبوونی کوردی ئازاد و خاوەن ئیرادە و ناسنامەیە. لەبەر ئەوەش مەترسی لەسەر هەموو هەبوونی کورد هەیە. هەر خۆی لەم شەڕەدا هیچ سنوور و پێوەرێک نەماوە. هێرش دەکرێتە سەر رۆژئاوا، شەنگال، مەخموور، گەل، ژنان و گەنجان. تورکیای داگیرکەر هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی ئێمەو گەریلاکانمان. چەند رۆژ لەوە پێش ٢ هەڤاڵی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)مان لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیستدا شەهید بوون. کوشتنی دەنیز پۆیراز، کە ژنێکی سیاسەتمەدار بوو، ئاستی پاکتاوکردن و مەترسیی شەڕەکەى ئێستا دەردەخات. ئەو شەڕە هەمەلایەنەیە لە دژی گەلی کورد و بەهاکانی ئەم گەلە بەڕێوەدەچێت. سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە لەلایەن دادگای تورکیاوە بەشێکە لەو شەڕ و کۆمەڵکوژییە دژ بە گەلی کورد.

لە کوردستان یاسایەکی بەدەر لە ئەخلاق و دادپەروەری بەڕێوەدەچێت. شەڕێکی دڕندانە و بێ پێوەر بەڕێوەدەچێت، چونکە هێزە داگیرکەرەکان چییان بوێت ئەنجامی دەدەن و بڕیاری بۆ دەدەن و کار بۆ سەپاندنی دەکەن، بەڵام کوردستان ئیدی بێ خاوەن و بێ هێزی پاراستن و بەگری نییە، ئیدی وەک سەدەی پێشوو نییە، کە هەر چییەکیان خواست بەسەر کورددا جێبەجێیان کرد و کەس رێگریی لێ نەکردن. ئەوە ٤٠ ساڵە تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەدەچێت، بزووتنەوە و هێزێکی گەورەی پاراستن و بەرگری هەیە. پێویستە ئیدی ئەو هێزە داگیرکەرانە ئەو راستییە ببینن و قبوڵی بکەن و ئەگەر قبوڵیشیان نەکرد بە وەڵامی تێکۆشانی ئازادیخوازانە رووبەڕوویان دەبینەوە و بە دڵنیایەوە تێکدەشکێن.

ئەگەر ئێمە بەو شێوەیە سەیری ئەو شەڕە توند و قورسە بکەین دەبێت ئێمەى گەلی کورد، بزووتنەوە و رێکخستنەکانی کورد و  ئازادیخوازان هەموو ئاست و توانایی خۆیان دەربخەن و دیاریی بکەن تاوەکو بوترێت گەلەکەمان و لایەنە ئازادیخوازەکان خاوەنی هەڵوێست و کاردانەوەی وەڵامدانەوەن، بەڵام لە دۆخێکی وەهادا ئەوانەى کە بوار بۆ ئەو شەڕە دەرەخسێنن و خاوەنداریی لێدەکەن و هێز بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەدەن  بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکارت. ئەوەى لەم قۆناغەدا دەبێتە هۆی دۆڕاندن و لە دەستدان بۆ کوردان نا یەکگرتوویی و پارچەبوونە. سەرباری ئەوەش ئەو دۆخە، کە ئێستا پەدەکەی تیادایە نەک تەنها پارچەبوون، بەڵکو دژایەتیکردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکات. ئەو سیاسەتە گەلی کورد تووشی دۆڕان و لە  دەستدان دەدات. لەسەر گەلی کورد داگیرکەری و زوڵمێکی زۆر هەیە و لە بەرامبەر ئەوەدا بەرەنگاری و بەرخودان نەبێت وڵات و خاک ناپارێزرێت، تێکۆشان نەکردن گەورەترین زوڵمە، کە گەلی کورد لە خۆی  دەکات. دەرگایان بە رووی داگیرکەریدا کردووەتەوە و ئەوە گەورەترین زوڵمە لە خۆت. لەبەر ئەوەش ئەو شەڕە شەڕی شکۆ و ئازادییە و شەڕی هەبوونی ئازادە.

راستە، لە بەرامبەر ئەگەری روودانی شەڕی ناوخۆیی بانگەوازی بەڕێوەبەریی پەکەکە هەبوو. رۆشنبیران، سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی هەڵوێستی خۆیان زۆر بە روونی و ئاشکرا دیاریکرد و خواستیان کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن. ئەوە یەکەمین هەنگاو بوو. پەکەکە بە ئاشکرا رایگەیاند، شەڕی ناوخۆیی ناکات و نایەوێت، بەڵام دەبێت گەل و لایەنە وڵاتپارێزەکان پێداگری بکەن و ئەوە بسەپێنن، کە پەدەکە دەست لە هەڵوێستەکەى بۆ هەڵگیرساندن و ئەنجامدانی شەڕی براکوژی هەڵگرێت. هەندێک لایەنیش رایانگەیاندووە، "ئێمە بەشداری شەڕی براکوژی نابین" ئەوە هەڵوێستێکی روون نییە. دەبێت هەڵوێست بەرامبەر شەڕی براکوژی و ئەو لایەنەی دەیەوێت شەڕی براکوژی هەڵگیرسێت هەبێت. ئێمە وەک پەژاک، نەک تەنها لە دژی شەڕی براکوژین، بەڵکو لە بەرامبەر ئەوانەدا کە ئەو شەڕە دەکەن هەڵوێستی خۆمان بە ئاشکرا دەخەینەڕوو.

ژ.ت