فه‌رمانده‌یه‌كی یه‌په‌گه له هێرشی ئاسمانی‌دا شه‌هید بوو
فه‌رمانده‌یی گشتیی یه‌په‌گه رایگه‌یاند، ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له كۆبانێ به درۆنێكی بۆمبڕێژكراو هێرشی كردووه‌ته و له‌و هێرشه‌دا كۆچهرۆ باتمان (حه‌سه‌ن ده‌میرتاش) شه‌هید بوو.

فه‌رمانده‌یی گشتیی یه‌په‌گه به راگه‌یه‌نراوێك فه‌رمانده كۆچهرۆ بۆتانی به بیرهێنایه‌وه كه چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا له هێرشێكی ئاسمانی‌دا شه‌هیدببوو.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی یه‌په‌گه‌دا هاتووه، كه فه‌رمانده كۆچهرۆ له ساڵی ٢٠٠١ه‌وه به‌شداری له تێكۆشانی ئازادی‌دا كردووه، له زاگرۆسان تا دێرسیم له زۆر گۆڕه‌پانی كوردستاندا تێكۆشاوه و دواجاریش له كاتی هێرشه‌كانی سه‌ر كۆبانێ له ٢٠١٤دا روویكردووه‌ته كۆبانێ وله رزگاركردنی كۆبانێدا رۆڵی گه‌وره‌ی گێڕاوه.
راگه‌یه‌نراوی فه‌رمانده‌یی گشتیی یه‌په‌گه به‌م جۆره‌یه:
"له رۆژانی رابردوودا له شاری كۆبانێ له ئه‌نجامی هێرشێكی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی سوپای توركی داگیركه‌ر، هه‌ڤاڵمان فه‌رمانده كۆچهرۆ باتمان چووه ریزی كاروانی شه‌هیدانه‌وه.
هه‌ڤاڵمان كۆچهرۆ له هه‌موو گۆڕه‌پانێكدا كه تیایدا مایه‌وه و خه‌باتی كرد، به بهشداربوونێكی جه‌وهه‌ری و به ههڤاڵێیتیهكی به‌هێز بۆ هه‌ڤاڵانی به‌رده‌وام بووه نمونه. له ناو هه‌لومه‌رجی هه‌ره دژوار‌دا به جۆش و هه‌یه‌جانێكی گه‌وره‌وه تێده‌كۆشا و ئه‌ركه‌كانی سه‌ر شانی به شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه جێبه‌جێ ده‌كرد. له شه‌ڕڤانی و فه‌رمانده‌ییدا به‌رده‌وام نمونه‌بوو. ئێمه وه‌ك هاوڕێیانی ئه‌و، له كه‌سایه‌تی هاوڕێ كۆچهرۆدا هه‌موو شه‌هیدانی قاره‌مانمان به رێزه‌وه به بیر ده‌هێنینه‌وه و به‌ڵێنی سه‌ركه‌وتن كه ئێمه به شه‌هیدان و گه‌له‌كه‌مان داوه دووباره ده‌كه‌ینه‌وه.
ناسنامه‌ی هه‌ڤاڵه‌كه‌مان به‌م جۆره‌یه:
ناسناو: كۆچهرۆ باتمان
ناو و پاشناو: حه‌سه‌ن ده‌میرتاش
ناوی دایك: ئایجان
ناوی باوك: ئه‌حمه‌د
كات و شوێنی له‌دایكبوون: ١٩٨٣- ئێلیح
ئێمه وه‌ك فه‌رمانده‌یی گشتیی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه‌ی به‌نرخی شه‌هیده‌كه‌مان و سه‌رجه‌م گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین".
هـ . ب