لە فرانکفورت رێپێوان دژی گۆشەگیری ئەنجامدرا
پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات، لە فرانکفورت بە رێپێوانێکی جەماوەری شەرمەزار کرا.

٢٤مین سالیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، بە پێشەنگایەتی فەجەدەکە-کاوا لە شاری فرانکفورتی ئەڵمانیا بە رێپێوانێک شەرمەزارکرا.
رێپێوانەکە بە بەشداری کوردستانیانی ساربورکین، فرانکفورت، دارمستەیت، هاناهـ و ئۆفنباچ لە بۆکنهایمەر وەرت ک لە ناوەندی شارەکەیە دەست پێکرد.
لە رێپێوانەکەدا، راگەیەندراوێکی لەبارەی پیلانگێڕی ١٥ی شوبات بە زمانی ئەڵمانی خوێندرایەوە. هەروەها باسی ئەوەکرا کە رێگە بە خانەوادە و پارێزەران نادرێت سەردانی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بکەن و بانگەوازی لە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و سی پی تی و هەموو دەزگا نێودەوڵەتیەکان کرد کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.
لە رێپێوانەکەدا بە بەردەوامی دروشمی ؛ بژی سەرۆک ئاپۆ' ، ' بێ سەرۆک ژیان نابێت' و ' ژن، ژیان، ئازادی' وترانەوە و بانگەوازی بەشداریکردن رێپێوانی ئەمڕۆی دارمستەیت و کوئیسنپلاتز کرا کە لەدژی گۆشەگیری ئەنجام دەدرێت.
ف.ق