دەوڵەتی تورک لە مانگی ئەیلول لە عەفرین ٥٩ کەسی ڕفاندووە
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا، دەوڵەتی تورک لە مانگی ئەیلول لە عەفرین ٥٩ کەسی ڕفاندووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا، دەوڵەتی تورک لە مانگی ئەیلول لە عەفرین ٥٩ کەسی ڕفاندووە. لەناویاندا منداڵێکی ساوا و ٦ ژن هەبوون. هەروەها ژنێک بە ناوی حەیات محەمەد خەڵکی گوندی گوبێکە لە ناوچەی ماباتا کوژراوە. تەرمەکەی بە هەڵواسراوی لە گوندی گوبێکە دۆزرایەوە. بەڵام هۆکار و وردەکارییەکانی دیکەی ڕووداوەکە نازانرێت.
لە کانتۆنی عەفرینی داگیرکراو ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن بەردەوامن. بەپێی دوایین داتاکانی ئەو ڕێکخراوە، ١٣٦ حاڵەتی خۆکوشتن بە بەڵگەوە تۆمارکراوە. هۆکاری ڕووداوەکان خراپی ڕەوشی ژیان و ئەمنی و دەستدرێژی سێکسی لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورک و کەسانی بیانییە لە هەرێمەکە.خ
سەبارەت بە دروستکردنی کۆڵۆنی، ڕێکخراوەکە دووپاتی کردەوە، ڕێکخراوە ئەمریکییەکان (Helping Hand For Relief and Development-HHRD) و (Swasia Charity Foundation) لە عەفرین کۆڵۆنی دروست دەکەن.
ڕێکخراوەکە ئاشکرای کردووە، ئەو دوو ڕێکخراوە ڕۆڵیان هەبووە لە دروستکردنی کۆڵۆنی نزیک گوندی کەفەر ڕۆمی لە ناوچەی شەرا و کۆڵۆنی یەد ئەلعەون لە عەفرین.
هەروەها ڕایگەیاندووە، دەستەی خێرخوازی و گەشەپێدانی جیهانی (ئینسور) 100 یەکەی نیشتەجێبوونیان لە گوندی کۆبالێی سەر بە ناوچەی شێراو ا ئامادەکردووە.
لەگەڵ هاتنی وەرزی چنینەوەی زەیتون، لە کانتۆنی عەفرین، سەپاندنی باج لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە دژی گەل بەردەوامە. داگیرکەران باجی یەک دۆلاریان لەسەر هەر دار زەیتونێک داناوە و دەستیان بەسەر یەک لەسەر سێی بەرهەمەکەدا گرتووە. ئەگەر پارەش نەدەن، قەدی دارەکان دەشکێنن و بەرهەمەکەی دەدزن.
بەگوێرەی ڕێکخراوەکە، لە مانگی ئەیلولدا، چەتەکان 100 داری زەیتون و داری دارستانیان لە ناوچەکانی موباتا، جەندریسە، ڕەجۆ و بەلبەلە بڕیوەتەوە مەبەستی فرۆشتن. هەروەها دەیان هێکتار دارستانیان سووتاندووە بۆ شاردنەوەی بڕینەوەی دارەکان و تاوانەکانیان.