قه‌سه‌ده: بڕوا به درۆكانی ده‌وڵه‌تی تورك مه‌كه‌ن
قه‌سه‌ده بانگه‌شه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ری به‌درۆخسته‌وه و رایگه‌یاند، "زیانی گیانی مه‌ده‌نی وه‌ك ئه‌ندامی هێزه‌كانی ئێمه نیشان ده‌دات".

ناوه‌ندی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (قه‌سه‌ده) به راگه‌یه‌نراوێك په‌یوه‌ست به بانگه‌شه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له باره‌ی زیانه گیانیه‌كانی زانیاری راگه‌یاند. قه‌سه‌ده ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه بانگه‌شه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك درۆن و هو بانگه‌شانه بۆ شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌كانی خۆیه‌تی له دژی مه‌ده‌نییه‌كان.
قه‌سه‌ده له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا باسی له‌م بابه‌تانه كردووه،:
"ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له ماوه‌ی رابردوودا هێرشه‌كانی خۆی له دژی خاكی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا زیاتر كردووه، هه‌روه‌ها هه‌واڵه درۆكانیشی له باره‌ی زیانه گیانییه‌كانی ئێمه زیاتر كردووه. ئه‌نجامی كرده‌وه سه‌ربازییه‌كان كه له ههێمهكه رووده‌ده‌ن له‌لایه‌ن ئێمه‌وه به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا بۆ رای گشتی بڵاوده‌كرێنه‌وه. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت راستی قڕكه‌ری خۆی بشارێته‌وه، زۆر جار زیانه گیانییه مه‌ده‌نییه‌كان كه له ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئه‌وان دروست ده‌بن، وه‌ك شه‌ڕڤانی ئێمه نیشان ده‌ده‌ن.
رۆژانه ئه‌نجامی هه‌موو هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر بۆ رای گشتی بڵاوده‌كرێنه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌نجامی چالاكییه وهڵامدانهوهكانمانیش بۆ رای گشتی بڵاوده‌كرێنه‌وه. سوپای توركی داگیركه‌ر له زۆبه‌ی هێرشه‌كانیدا به تایبه‌تی و به مه‌به‌ست دانیشتووانی هه‌رێمه‌كه ده‌كاته ئامانج. به‌ڵام له هه‌واڵه‌كانیدا وه‌ك ئه‌و هێرشانه له به‌رامبه‌ر هێزه‌كانمان روویاندابێت، نیشان ده‌دات و ژماره‌ی دوور له راستی راده‌گه‌یه‌نێت.
به‌پێی بانگه‌شه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له ١٠ رۆژی رابردوودا زیاتر له ١٠٠ شه‌ڕڤانمان له ئه‌نجامی ئه‌و هێرشانه‌دا شه‌هیدكراون، ئه‌و بانگه‌شه‌یه راست نییه. سوپای تورك له‌و هێرشانه‌دا زیاتر گه‌له‌كه‌مان ده‌كاته ئامانج و له ئه‌نجامی ئه‌و هێرشانه‌دا ٧ هاوڵاتی كه پێنجیان منداڵن شه‌هید بوون و ٢٧ هاوڵاتیش برینداربوون كه ١٧یان منداڵن. هه‌واڵی درۆ كه ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر بڵاویده‌كاته‌وه، بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌یه. پێویسته گه‌له‌كه‌مان و رای گشتی بڕوا به‌و درۆیانه نه‌كه‌ن".
هـ . ب