لە کانێکی خەڵۆزی ئێران ٦ کرێکار گیانیان لەدەستدا

لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە کانێکی خەڵوزی شاری دامغانی ئێران، ٦ کرێکار گیانیان لەدەستدا.

بە گوێرەی ئاژانسی فەرمی ھەواڵی ئێران (ئیرنا)، دوێنێ لە کانە خەڵوزی "تەرزە" کە دەکەوێتە نزیک شاری دامغانی سەر بە پارێزگای سمنان، بە ھۆی کۆبوونەوەی گاز لە نێو یەکێک لە تونێلەکانی، تەقینەوە ڕوویداوە.

دوای ڕوداوەکە چارەنووسی شەش کرێکار نادیار بوو، کە لە قوڵایی ٧٠٠ مەتری کانەکە گیریان خواردبوو.

بەرەبەیانی ئەمڕو کەناڵی فەرمی ئێران ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ھەوڵەکانی تیمەکانی فریاگوزاری توانراوە تەرمی ئەو شەش کرێکارە لە قوڵایی ٧٠٠ مەتری کانەکەدا بدۆزرێتەوە.

پێشتریش لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢١، بە ھۆی داڕمان لە تونێلی ژمارە ٤٢ی کانە خەڵوزی تەرزە دوو کرێکار گیانیان لەدەستدابوو.

ساڵی ٢٠١٧ش لە شاری ئازادشار لە باکووری ئێران، ٤٣ کرێکاری کانەبەرد گیانیان لەدەستدا، کە بە هۆیەوە، ناڕەزایەتی دژی دەسەڵاتی ئێران ئەنجامدرا.

ژ.ن