نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئێران کرد یاسای نوێی دژی ژنان هەڵوەشێنێتەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد یاسای نوێی جلوبەرگ لە ئێران کە دەبێتە مایەی زیادبوونی فشارەکان، هەڵوەشێتەوە.

وتەبێژی سەرکۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاڤینا شەمداسانی، ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بەو پێشنیازە نوێیەی کە سزای زیندانیکردن و پێبژاردنی ئەو ژن و کچانە زیاد دەکات کە پابەندی یاسا و ڕێسا زۆرەملێیەکانی جلوبەرگ نابن.
سەرکۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورک، دووپاتی کردەوە کە وتەبێژ شەمداسانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ئاساییەکەی جنێڤ ڕایگەیاندووە، ئەم پێشنیازە پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکانە و داوای کردووە هەڵبوەشێتەوە.
شەمداسانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی ڕابردوودا ئەوانەی پەیڕەوی یاسای جلوبەرگی ئیسلامیان نەدەکرد، زۆرترین سزای دوو مانگ زیندانی بوو، بەڵام ئەو پێشنیازە ئەگەر ببێتە یاسا، ڕەنگە سزاکەیان بگاتە دە ساڵ.
ئەو وتەبێژە هەروەها ئاشکرای کردووە کە پێشتر پێبژاردن ١١ دۆلار بووە، بەڵام لەمەودوا ڕەنگە ٨ هەزار و ٥٠٠ دۆلار بێت.
ڕۆژی چوارشەممە، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد، بەڵام بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی دەستوورەوە پەسەند بکرێت.
شەمداسانی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەو ناڕەزایەتییەی بەهۆی کوشتنی ژینا ئەمینییەوە دروستبوو، هیچ پێشکەوتنێک لە بواری مافەکانی ژناندا بەدی نەهاتووە و ئەم یاسایە زۆر لە یاساکەی پێشوو خراپترە.