'ژن، ژیان، ئازادی' بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ کاندید کرا
ژینا ئەمینی، ئەو کچە کوردەی ساڵی رابردوو لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تارانەوە بە ئەشکەنجە کوژرا و هەروەها جوڵانەوەی 'ژن، ژیان، ئازادی' بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ کاندید کران، کە بەرزترین خەڵاتی یەکێتی ئەوروپایە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا.

پەرلەمانی ئەوروپا، پارتی گەلی راستگری ئەوروپا، سۆسیال دیموکراتەکان و فراکسیۆنی ئەوروپای نوێ، رایانگەیاند کە ژینا ئەمینی و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە پێناو داکۆکی لە ئازادی رادەربڕین وەک کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف پێشنیاز کراون.
ژینا ئەمینی کە لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٠ بە پاساوی ئەوەی 'قژی بەدەرەوە بووە' لەلایەن پۆلیسی بە ناو ئەخلاق لە تاران کوژرا و لەکاردانەوەشدا سەرهەڵدانێکی بێهاوتا دەسیپێکرد.
براوەی خەڵاتی ساخارۆڤ لە مانگی تشرینی یەکەمدا رادەگەیەندرێت و بە مەراسیمێک لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی پەرلەمانی ئەوروپا لە مانگی کانوونی دووەمدا لە ستراسبورگ خەڵاتەکەی پێدەبەخشرێت.
بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی ئەمساڵ چەندین کەسایەتی و جوڵانەوەی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنان و ئازادی رادەربڕین کاندید کراون.
خەڵاتی ساخارۆڤ لە ساڵی ١٩٨٨ەوە دەدرێتە ئەو کەسانەی بەرگری لە ئازادی رادەربرین و مافەکانی مرۆڤ دەکەن و ناوەکەشی لە زانای بواری فیزیا ئاندرەی ساخارۆڤەوە وەرگرتووە کە کەسایەتیەکی سەرەکی بەرهەڵستکاری سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت بوو.
هـ . ب