بزوتنەوەی کولتور و هونەر: وەرن پێکەوە بەشداری لە رێپێوانی گەورەی کۆڵدا بکەین

بزوتنەوەی کولتور و هونەربانگەوازێکی بۆ بەشداری لە رێپێوانی گەورەی کۆڵن کە لە ١٦ی تشرینی دووەم راگەیاند، کە لە پێناو ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا بەڕێوەدەچێت.

بزوتنەوەی کولتور و هونەر (تەڤ-چاند) سەبارەت بە رێپێوانی گەورەی ١٦ی تشرینی دووەم لە کۆڵن بانگەوازێکی راگەیاند و تیادا ئاماژە بە شەڕی جیهانی سێهەم کراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو، "بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ سات لە دوای سات رەوتی مێژوو دەگۆڕێت. هەڵوێستی جەنگاوەرانی نەمر شەهید ئاسیە عەلی و شەهید رۆژگەر هێلین بە باشی ئەوەی دەرخست، کە پێویستە تێکۆشان بە چ شێوەیەک ئەنجام بدرێت. هەر هێزێک کە هەوڵی کوشتاری گەلی کورد بدات، سەرەتا دەبێت رووبەڕووی بەرخودانی رێبەرایەتی و گەریلا ببێتەوە. چالاکییەکەی شەهید ئاسیە عەلی و شەهید رۆژگەر هێلین لە سەروبەندی ساڵیادی ئازادی کۆبانێ واتایەکی زیاتری پەیدا کردووە. کۆبانێ لە ژێر فەرماندەیی و پێشەنگایەتی ژنانی جەنگاوەردا ئازاد کرا و بووە بەهایەکی مرۆڤایەتی. هەر ئەمەش وایکردووە رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە تائێستاش بەردەوامە لە هێرشە دڕندانەکانی لە دژی خەڵکی کۆبانێ.

هەزاران شەهید راسپاردەی خۆیان گەیاندە بەرگوێی جیهان و ئەو کەسانەیان خستە زبڵدانی مێژووەوە کە دەیانگوت 'کۆبانێ لە کەوتندایە و هاکا بکەوێت'. هۆکاری دوژمنایەتی بەرامبەر بە کۆبانێ بۆ ئەو بەرخودان و سەرکەوتنە مێژووییە دەگەڕێتەوە. بەڵام سەرباری ئاستی هێرشەکان، گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان لە راستی کۆبانێ و رێبەر ئاپۆدا سەرکەوتن بە یەکجارەکی دەبینن. ئێمە لە دووەم قۆناغی هەڵمەتی نێونەتەوەیی 'ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ و چارەسەریی دیموکراتیک بۆ پرسی کورد'داین. لەمڕۆدا ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ سەرچاوەی ئازادیی هەموو بندەستان و چەوساوەکان و تادێت زیاتر بڵاودەبنەوە. هەربۆیەش ئەرکی ئێمەیە ئەو هەڵمەتە فراوانتر بکەین کە لەپێناو ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەستیپێکراوە. سەرجەم رێکخراو و دامەزراوە ئازادیخوازەکان، گەل و هونەرمەندان دەبێت ئەو راستیە ببینن. مشتومڕ و پێشهاتەکانی ئەم دواییە بە ئێمەی نیشانداوە کە تەنیا ئەو کاتە دیواری فاشیزم دەڕوخێت کە پەرە بە رێکخستن و چالاکی یەکانگیر لەگەڵ رۆحی سەردەم بدەین و لە ئەنجامی ئەمەشدا ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین.

فاشیزم لە هەموو بوارەکان و هەموو کایەکاندا کۆیلایەتی بەسەر گەلی کورددا دەسەپێنێت. لەبەر ئەمەشە گۆشەگیری لە کەسایەتی رێبەرایەتیدا قووڵتر دەکرێتەوە. هۆکاری هێرشەکان بۆ سەر کولتوری کوردیش هەر ئەمەیە. بە دەربڕینێکی دیکە، فاشیزم تەنانەت بەرامبەر بچوکترین بەشی بەهاکانی کورد دانبەخۆداگرتنی نییە. کەواتە هونەرمەندان و پێشەنگانی کۆمەڵگەکەمان دەبێت پشتیوانی لە هەڵمەتە بکەن کە لەلایەن دۆستانی گەلەکەمانەوە دەستیپێکراوە. لەو چوارچێوەدا کۆمەڵێک چالاکی لە چواربەشی کوردستان و سەرتاسەری ئەوروپا بەڕێوەدەچن. تەنیا بەشداری لەو چالاکیانەدا بەس نییە. پێویستیی وڵاتپارێزی لەم قۆناغەدا ئەوەیە لە بەرزترین ئاستدا شان بدرێتە بەر باری بەرپرسیارێتی. رێکخستن و چالاکی، دیوارەکانی فاشیزم دادەڕمێنێت و گۆشەگیری تێکدەشکێنێت. ئێمە وەک بزوتنەوەی کولتور و هونەر لە ئەوروپا داوا لە سەرجەم وڵاتپارێزان و هونەرمەندانی کورد دەکەین کە بە رۆحی سەفەربەری و ئامادەباشییەوە لەم قۆناغەدا بەشداربن. هونەری ئەم قۆناغە دەبێت شەقام بە شەقام بە دروشمی 'هونەری ئازاد لەپێناو ئازادی' بخوڵقێندرێت. هەربۆیە داوا لە هەمووان دەکەین کە لە یەکەم تا ١٦ی تشرینی دووەم بە رۆحی سەفەربەری کاربکەن و لە رێپێوانی گەورەی کۆڵن لە ١٦ی تشرینی دووەم بەشداربن".