دانیار یەحیا ڕەشید لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٦، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دەژی، لە ساڵی ٢٠١١، وە دەستی بەکاری وێنەکێشان کردووە لە ئێستادا جێگەیەکی تایبەت بە خۆی بۆ دروستکردنی تابلۆکانی هەیە و ڕۆژانە وێنەی سروشت و خەڵک دەکێشێت لەسەر داواکاری خۆیان. هەروەها دانیار باسی لەوەکرد لایەنی ڕۆشنبیری هاوکاریی نەکردووە، چاوەڕوانی پاداشتی ماددی نییە بەڵام سوپاسکردن و ڕێزلێنان بۆ ئەو دەبێتە جێگەی دڵخۆشی و هاندان.
لە سەرەتایی قسەکانییدا دانیار یەحیا باسی لەوەکرد لە ساڵی ٢٠١١ خولیایی فێربوونی وێنە کێشانم بۆ دروستبووە بۆیە ڕۆشتمە سەنتەری گەنجانەوە بۆ فێربوونی هونەری وێنەکێشان و دوا: "لە دوای ساڵی ٢٠١٥، وە زیاتر پەرەم بە تواناکی خۆمداوە هەم بە شێوازی فێربوونی لە خولەکاندا و لە ڕێگەی یوتوبیشەوە، بەڵام لە ئێستادا بە شێوازی تایبەت بە خۆم کار دەکەم لە هەر جێگەیەک کارێکم هەبێت دەناسرێتەوە.
پێشتر لە پارکەکانی کەلاردا کارم دەکرد بەڵام لە ئێستادا ماوەی ساڵێک دەبێت جێگەیەکی تایبەتم بە خۆم دروست کردوە بۆ کاری وێنەکێشان. ئەو کەسانەی کە پەیوەندی بە منەوە دەکەن زۆرینەیان بە شێوازی ئۆنلاین پەیوەندی دەکەن بۆ ئەوەی وێنەیان بکێشم، لە هەر شار و وڵاتێک بێت کێشەم نییە تەنها وێنەیەکی کەسەکەم بۆ بنێرێت دەتوانم بە جوانترین شێواز وێنەکەیان بکێشم."
'ئامانجم زیندووی هێشتنەوەی هونەری وێنەکێشان و بڵاوکردنەوەیەتی لە شارەکەمدا'
وتیشی: "زۆرترین ئەوکەسانەی کە سەردانم دەکەن ئەو ژنانەن کە حەزیان بە وێنەکێشان هەیە یا خود حەز بەوەدەکەن وێنەیان بکێشرێت. ژنان خاوەنی دڵێکی میهرەبانن پێێان خۆشە وێنە بۆ کەسە خۆشەویستەکانیان دروست بکەن یا خود بە دیاری بۆیان بکڕن.
ئامانجی من تەنها کۆکردنەوەی داهات نییە، بەڵكو دەمەوێت هونەری وێنەکێشان لە شارەکەمدا بڵاو ببێتەوە و بە زیندووی بمێنێتەوە، کاری من ئەوەیە لەسەر خواستی کەسەکان وێنەکان دروست بکەم هەندێک حەزیان بە تابلۆیە بۆ ئەوەی لە ماڵەوە هەڵیواسن.
'سوپاسی دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەم کە بەسەرم دەکەنەوە'
لە کۆتایی قسەکانییدا دانیار یەحیا باسی لەوەکرد بە تەمایی بەشداریکردنم لە پێشانگایەکی وێنەکێشان لە شاری بەغداد و گوتی: "هەر تابلۆیەک لە پێشانگاکانی بەغداد دروست بکەیت ئامادەبوان بە دڵیان بێت دەیکڕن و زۆر ڕیز لە پیشەکە دەگرن، بەڵام لێرەدا هەر یەک دوو جارێک سەیری تابلۆکان دەکەن و دەڕۆن بیر لە ماندووبوونی وێنەکێشەکە ناکەنەوە.
لایەنی سیاسی و ڕۆشنبیری هیچکات نەهاتوون سەردانم بکەن یا خود سەیری کارەکانم بکەن، پێویستم بە یارمەتی ماددی ئەوان نییە، بەڵام بۆمن جێگەی دڵخۆشییە گەر بەسەر بکرێمەوە و دەبێتە هاندانێکی باش بۆم. زۆر سوپاسی دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەم کە هەمووکات پاڵپشتی منیان کردووە بە چاوپێکەوتن و بەسەرکردنەوەم. لای خۆمەوە سوپاس و دەستخۆشی خۆم ئاراستەی هەموویان دەکەم."