دەربارەی "فەرهەنگی دەنگی لە کلتووری کوردەواری" کۆڕێک لە کەرکوک سازکرا
لە شاری کەرکوک، دەربارەی "فەرهەنگی دەنگی لەناو کلتووری کوردەواری" کۆڕێک بۆ مامۆستا تەها تەیفور رۆژنامەنووس و مێژووناس سازکرا.
لە شاری کەرکوک، دەربارەی "فەرهەنگی دەنگی لەناو کلتووری کوردەواری" کۆڕێک بۆ مامۆستا تەها تەیفور رۆژنامەنووس و مێژووناس سازکرا.
لە کتێبخانەی کارێز لەشاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە رۆشنبیران، ئەدیب، نووسەر و کەسایەتی شارەکە، کۆڕێک لەژێر ناونیشانی(فەرهەنگی دەنگی لەناو کلتووری کوردەواری) بۆ مامۆستا تەها تەیفور رۆژنامەنووس و مێژووناس سازکرا، کە تیدا ناوبراو باسی لە گرنگی کلتوور کرد بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوە، وە جەختیشی کردەوە کە پێویستە زیاتر گەشە بەلایەنی زانیاری کلتووری نەتەوەیی بدەین.
'کورد لەڕووی کلتور و فەرهەنگی دەنگی لەپێش نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکەیە'
سەبارەت بە بابەتی کۆڕەکەی، مامۆستا تەها تەیفور رۆژنامەنووس و مێژووناس، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "کۆڕەکەمان دەربارەی دەنگ لەناو کلتووری کوردەواریی بوو، کە ئەمە بابەتێکە کە پێشتر خوێندنەوەیەکی ئەکادیمی و قسەو باسم لەسەری کردووە، کە گەلی کورد لەڕووی بابەتی کلتوور و فەرهەنگی دەنگەوە لەپێش نەتەوەکانی فارس، تورک و عەرەبە، چونکە لە مێژا بابەتی دەنگ لەناو تەواوی بوارە کلتوورییەکانی وەکو هونەر، زانیاری، هزر و دەقی شعری کوردەواری جێگای خۆیگرتووە و هەنگاوی باشی بڕیوە".
'کورد توانیویەتی لەڕێگەی کلتوورەوە پەیامی خۆی بگەینێت'
لە درێژەی قسەکانیدا، تەها تەیفور ئاماژەی بە خەمساردی و بێ باکی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان کرد دەبارەی کولتووری و هونەری کوردی و ئەمەی وت: "سەڕەڕای ئەوەی کورد دەوڵەت نیە بەڵام توانیویەتی لە هەموو شوێنێک ڕادیۆی هەبێت و مۆسیقا و مەقاماتی تایبەت بە نەتەوەی خۆی هەبێت، ئەمانە وایکردووە تاکی کورد لەڕێگەی کلتوورەوە پەیامی خۆی بگەیەنێت، بەداخەوە کە حکومەت هەرێمی کوردستان ئەو دەرفەتەی نەڕەخساندووە کە لە بواری ڕاگەیاندن بە چڕی قسە دەربارەی کلتوور و فەرهەنگ و زانیاری بکەین، ئێمەی کورد تەنها کۆلێژی هونەرە جوانەکان و ڕاگەیاندنمان هەیە بۆ پەرەپێدان بە بواری فەرهەنگ و کلتوور بەڵام هەردووکیان نەیانتوانیوە وەکو پێویست رۆڵ ببینن، بۆیە ئومێدەوارم لە ئایندە بتوانن رۆلی نەتەوەیی ببینن، چونکە ئێمە پێویستمان بە بابەتی زانست و زانیاری نەتەوەییە و پێویستە زیاتر گەشە بەلایەنی کلتووری نەتەوەییە بدەین".