فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ڤییەنا کۆتایی هات
دەهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ڤییەنا کە تێیدا دەیان فیلم پیشاندرا، بە فیلمەکانی " Sieger Sein" و " Berbû" کۆتایی هات.
دەهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ڤییەنا کە تێیدا دەیان فیلم پیشاندرا، بە فیلمەکانی " Sieger Sein" و " Berbû" کۆتایی هات.
ڕۆژەکانی فیلمی کورد کە ئەمساڵ بۆ جاری دەیەم لە سینەمای ڤۆتڤیکنۆ لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا لەنێوان ٧-١٠ ی تشرینی دووەم ئەنجامدرا، بە مەراسیمێک کۆتایی هات. تێیدا بەرهەمی سینەماکارانی چوار پارچەی کوردستان پیشاندرا. فیستیڤاڵەکە لەلایەن فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردی فایکۆمی نەمسا ڕێکخرا.
فیلمی سۆلین یوسف بە ناوی " Sieger Sein" کە چیرۆکی کچێکی گەنجی پەنابەرە لە ئەڵمانیا و لەڕێگەی تۆپی پێوە خۆی لە ژیانە ناڕەحەتەکەی دووردەخاتەوە، پیشاندرا.
هەمان ئێوارە فیلمی سەڤیناز ئەڤدیک بە ناوی " Berbû" کە دەربارەی ئاهەنگێکە لەکاتی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١٩، پیشاندرا. پاشان دەرهێنەر وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.
فیستیڤاڵەکە بە " ROJBAŞÊ" دەستی پێ کرد
لە دەسپێکی فیستیڤاڵەکە لە ٧ ی تشرینی دووەم، فیلمی ئۆزکان کوچوک "Rojbaş" (2022) پیشاندرا. ڕۆژی دواتر کورتەفیلمی دەریا دنیز “Hêza” (2022) و فیلمی هاشم ئایدەمیر “Bogurtlen Zamani” (سەردەمی توتڕک) پیشاندران. ڕۆژی شەممە، فیلمەکەی نادیە دەرویش "Jinwar" (2024)، فیلمی هێڤی نیعمەت گاتار "Gotubêjin" (2024)، فیلمی مانۆ خەلیل "Cîran” (2021)، فیلمی ماریا لاورا ڤاسکوێز و دێرسیم زێرەوان "Lêgerîn" (2023) پیشاندران.
فیستیڤاڵەکە سەرنجی بینەرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا.