بەرنامەی هەشتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی شەقام لە کەرکوک راگەیەندرا
بە بەشداری ١٤ ووڵات، لەژێر ناونیشانی (پێکەوەژیان) هەشتەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی شەقامی کەرکوک چالاکییەکانی خۆی ڕاگەیاند.
بە بەشداری ١٤ ووڵات، لەژێر ناونیشانی (پێکەوەژیان) هەشتەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی شەقامی کەرکوک چالاکییەکانی خۆی ڕاگەیاند.
لە مەراسیمێکی هونەریدا، لە بازاڕی بۆلیڤارد لەشاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەشی شانۆی شەقامی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی کەرکوک، لەژێر ناونیشانی (پێکەوەژیان) کارو چالاکییەکانی هەشتەمین ڤێستیڤاڵی خۆی ڕاگەیاند، سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد، هەروەها لە مەڕاسیمەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و هونەردۆستان، چالاکوان، کەسایەتییە هونەری و سیاسیەکانی شارەکە ئامادەبوون.
جیگای باسە، بڕیارە هەشتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی شەقامی کەرکوک لە مانگی ١١ دەست بە کارو چالاکییەکانی دەکات، لەماوەی فێستیڤاڵەکەدا زنجیرەیەک شانۆی شەقام لە چەندین شوێنی جیاوازی شارەکە نمایش دەکرێن.
نەژاد نەجم یەکێک لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هەشتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی شەقامی کەرکوک ڕاگەیاند و گوتی: "ئەمرۆ هەشتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی شەقامی کەرکوک لەژێر ناونیشانی(پێکەوەژیان) ڕادەگەینین، لە ١٤ ووڵاتی جیهان شانۆکاران بەشدارن لەم فێستیڤاڵەدا، ووڵاتانی بەشداریش بریتیین لە (بەلجیکا، ژاپۆن، فەرەنسا، ئیسپانیا، مەغریب، میسر، ئەردەن، لوبنان، تونس، جەزائر، سوریا، ئێران، تورکیا و عێراق) هەروەها پەیامی شانۆی شەقامی کەرکوک، پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە".
ستافی گوڵڕەنان کوردێکی خەڵکی شارۆچکەی چەمچەماڵە، کە خاوەن مۆزخانەیەکی جل و بەرگی کلتوری کوردییە، ناوبراو بە پۆشینی جل و بەرگی کوردییەوە بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردبوو هەروەها بەخۆشحاڵییەوە باسی لە ئامادەبوونی پێکهاتەکانی شارەکە کرد لە فێستیڤاڵەکە کە هەر پێکهاتەیەک جلی میللی تایبەت بەخۆی پۆشیبوو، ستافی بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) وتی: "سازکردنی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی شەقام لە کەرکوک بۆ جاری هەشتەم نیشانەی بەرزی ئاستی رۆشنبیری و کولتوری و هونەری ئەم شارەیە، کەرکوک شاری پێکەوەژیانە ئەمرۆش من بە جل و بەرگی کوردییەوە هاتوومە بۆ ئەم فێستیڤاڵە، شتی هەری جوانی ئەم فێستیڤاڵە ئەوەیە کە هەر پێکهاتەیەک بە جل و بەرگی تایبەت بە خۆییەوە ئامادەبووە ئەمەش نیشانەی گەورەیی و جوانی شاری کەرکوکە".
حەمید عەبدولکریم، هونەرمەندێکی ئێزدی بوو بەشداری لە فێستیڤاڵەکە کردبوو، سەبارەت بە فێستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) وتی: "بەناوی خۆم و هونەرمەندانی ئێزدییەوە پیرۆزبایی لە دەستپێکردنی هەشتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی شەقامی کەرکوک دەکەین، خۆشحاڵین بە سازکردنی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە کە ساڵانە ئەنجام دەدەرێت کە پاڵپشتی لەسەرجەم هونەرمەندان دەکات".
ئەمیر ساڵح، گەنجێکی عەرەبە و ئەندامی تیپێکی گۆرانبێژی کەرکوکە بەناوی (تیپی قەڵای کەرکوک) کە پێکهاتووە لە پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە، سەبارەت بە بەشداری کردنیان لە فێستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا و وتی: "ئەمڕۆ ئێمە وەکو "تیپی قەڵای کەرکوک" لەم فێستیڤاڵەدا سرودێکمان پێشکەش کرد کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی (کورد، عەرەب، تورکمان، ئێزدی، کریستیان، شەبەک، سریان و سائبی مەندانی) دەکرد، هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکوک وەکو دەستە گوڵێکن بۆ شاری کەرکوک و تەواوی گەلانی عێراق، هەروەها هیوادارین بەشداری هەموو پێکهاتەکانی گەلانی عێراق لەم فێستیڤاڵە پەیامێک بێت بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلان".