هونەرمەند شێخموس دەمیر ژیانئاوایی کرد

هونەرمەندی کورد شێخموس دەمیر کە ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵەی هونەری زەردەشتی کاڵ بوو، دوای تەمەنێک لە خزمەتی هونەری کوردی لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد.

هونەرمەندی کورد شیخموس دەمیر ناسراو بە 'ئاپێ شێخموس' لە دوای تەمەنێکی پڕ لە خزمەتکردنی هونەر و کولتووری کوردی، لە دوور وڵاتی و لە شاری گیسنی ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشییەکی سەخت کۆچی دواییکرد و میراتێکی گەورەی هونەری لە دوای خۆی بەجێهێشت.

شێخموس دەمیر لە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی تاقای ناوچەی میدیاتی مێردین هاتۆتە دنیاوە، بە هۆی فشاری فاشیستی دەوڵەتی تورکەوە لە ساڵی ١٩٩٣دا بە ناچاری بەرەو ئەڵمانیا کۆچی کردبوو. ئاپێ شێخموس بە چەندین گۆرانی وەک 'شەنگال'، 'بارمەکە'، 'شەهید مەمە' و 'دێرسیم' بە ژەنینی سازەکەیەوە خزمەتێکی زۆری بە کولتوور و هونەری کوردی کرد.

هەروەها بۆ خزمەتکردنی کولتوور و هونەری کورد، ئاپێ شێخموس لە ساڵی ١٩٩٤دا کۆمەڵەی هونەری 'زەردەشتی کاڵ'ی دامەزراند و لەو ڕێگەیەوە چەندین هونەرمەند خزمەتی هونەری کوردییان کرد.

بڕیارە بە مەراسیمێک تەرمی شێخموس دەمیر لە گۆڕستانی خالبوبی گوندی تاقا سپاردەی خاک بکرێت.