هەر گەلێک بە کەسایەتییە ناودارەکانی ناسراوە و مێژووی گەلان بە پێشەنگایەتی ئەو کەسایەتییە ناودارانە دەنووسرێتەوە. لە پێشترەوە تا ئەمڕۆ گۆرانیبێژان و هۆزانەکان گرنگترین وتە بەنرخەکانی خۆیان، ئازار، حەسرەت، دڵسۆزی و تێکۆشانی گەلەکەیان و خۆیان بە ئاواز دەربڕیوە. هۆزان دڵگەش یەکێکە لەو هۆزانانەیە. هەرچەندە هونەرمەندی کوردی ئێزدی هۆزان دڵگەش بەگۆرانیبێژێکی گەورەی "دەنگی بەرخۆدان وسەرهەڵدان" ناسێنراوە، لە لایەکی دیکەوە، بە گۆرانییەکانی بناغەی گۆرانییەکانی شۆڕشی داناوە و پێشەنگایەتیەکی بەنرخی لە ساڵی ١٩٩٩دا بەڕێوە بردووە.
هۆزان دڵگەش لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی فسقینێ لە نسێبین لەدایک بووە. یەکێک بوو لە ١٢ خوشک و براکانی بنەماڵەکەی. تەپڵ بە پێی باوەڕی ئێزدییەکان پیرۆزە، بۆیە باوکی فێری تەپڵی کردووە. لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا لە بۆنە ناوخۆییەکان کاری هونەری نمایش دەکات.
لە کوردستانەوە کۆچ دەکات
بارودۆخی سیاسیی حەفتاکانی ڕابردوو کاریگەری لەسەری هەبوو و بەشداری لە چالاکییەکانی نسێبین، شڕناخ، جۆڵەمێرگ، وان، وێرانشار، دێریک و شەمرەخدا دەکات ؛ ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەری داناوە. هۆزان دڵگەش یەکەم ئەلبوومی خۆی لە ساڵی ١٩٧٨ بە ناوی "ما قەی بندێستی پارا مە یە" بڵاوکردەوە. دوای ئەم ئەلبوومە لە هەمان ساڵدا بە ناچاری وڵات بەجێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە ئەڵمانیا.
لە گروپی بەرخۆداندا جێ دەگرێت
لە ساڵی ١٩٨٣ هۆزان دڵگەش بەشداری بۆنەیەکی گروپی هونەریدا دەکات، دوای ئەم چالاکییە لە گروپی هونەری بەرخۆدان جێدەگرێت. بەشداری چالاکییەکانی کردووە و لە سەرانسەری ئەوروپا بەرهەمی بەنرخی پێشکەش کردووە. لە ماوەی ٤٠ ساڵی هونەریدا ١١ ئەلبوومی بڵاوکردەوە. دڵسۆزی و وەفاداری بەکوردستان لە ناخیدا بەردەوام سەرچاوەی گۆرانییەکانی بووە.
لە مێردینێ لە باگۆکێ
بەردەوام لە گۆرانییەکانیدا بەرخۆدانی کوردستانی دەربڕیوە. یەکێک لەو گۆرانیانە 'لەمێردینێ لە باگۆکێ' بوو کە بە زمانی ئێمە تەنانەت ئەمڕۆش ئاوازی بەرخۆدان و خۆڕاگرییە. سەبارەت بەم ئاوازەی دەڵێت "ئەم گۆرانییە هی من نییە" بەڵکوو قارەمانان و شۆڕشگێرەکان دروستیان کردووە، کچان و کوڕانی کورد بە خوێنی خۆیان ئەم گۆرانی و بەرهەمە هاوشێوەیانە دروست کردووە. من تەنها وتوومەتەوە."
بەرخۆدانی باگۆک
چیای باگۆک شاخێکە بە بەرزایی١٢١٠ مەتر. ئەم شاخە لە نێوان نسێبین و میدیادە و دەگاتە هەزەخ، لەبەرئەوەی کوردستان دابەشکراوە بەسەر سێ ناوچەی سنووری، لەڕووی ستراتیژییەوە گرنگە. کاتێک لە لوتکەی باگۆکەوە سەیری دەوروبەرت دەکەیت، بە ئاسانی قەڵای مێردین و گڵۆپەکانی نسێبین- قامیسلۆ و شاخەکانی شەنگال دەبینیت. باگۆک لە ساڵانی هەشتاکانی ڕابردوودا بووە یەکێک لە ناوەندەکانی گەریلاکانی کوردستان. لە 1ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨، دەستەیەک لە گەریلاکانی ئارگەکە بەرخۆدانێکی مێژوویییان لە دژی زیاتر لە ١٠هەزار سەربازی تورک ئەنجامدا. شەڕی باگۆک ڕۆژ و شەوێکی خایاند. ئەم بەرخۆدانە مەزنە لاپەڕەیەکی نوێی بە تێکۆشانی گەریلای ئازادی کردەوە. دوای شەڕەکە، میدیاکانی تورکیا تەنها هەواڵی کوژرانی فڕۆکەوانێک و دوو سەربازیان بڵاوکردەوە و زیانەکانی دیکەی سوپای تورکیایان شاردەوە. بەڵام ئەم بەرخۆدانە مەزنەی گەریلا بۆ دەوڵەتی تورک نەشارێەوە و لە بۆتان و مێردین دەنگی دایەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی ئارگەکە، لەو شەڕەدا نزیکەی ٢٠٠ سەربازی تورکیا کوژراون. گەریلاکان بە ئیمکانی زۆر کەمەوە هەلیکۆپتەرێکیان خستە خوارەوە. ئەو شەڕە گەورەترین شەڕی گەریلا بووە تا ئێستا.
بەرخۆدانی باگۆک بە گۆرانی "لمێردینێ لباگۆکێ"ی هۆزان دڵگەش بۆ هەمیشە لە مێشکی گەلدا مایەوە.
ڕۆحی سەردەم
هۆزان دڵگەش موزیکەکەی بە دەنگی بەرخۆدان و سەرهەڵدان بۆ گەل پێناسە کرد. کاتێک وتی: "ما قەی بندەستی پارا مەیە؟"، لە سیستەمی ئێستا سەری هەڵدا بوو؛ کاتێک وتی "دە لێخەن لێخەن برانۆ لێخەن، خائینا مەزن ئاغا و شێخن" شێخ و ئاغاکانی کردە ئامانج. بە هەموو ئاوازەکانی بوو بە دەنگی سەرهەڵدان و بەرخۆدانی زیندانەکان. بە ئاوازی "چرا و فانۆس ڕووناکی" ئاماژەی بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردووە. هۆزان دڵگەش بە بۆنەی شەهیدبوونی "مەنال شهید مینۆ" یادی لە هەموو شەهیدان کردەوە بە ئاوازی "بژی بژی ئارگاکا" سڵاوی لە سوپای کوردان کرد.
سنوورەکانی هەڵگرت
دوای ئەوەی هۆزان دڵگەش تووشی شێرپەنجە بوو و هەردوو قاچی بڕایەوە، هەوڵیدا گۆرانیەک بە کوردی ئامادە بکات و ویستی ئەلبوومێک لەسەر بەرخۆدانی کۆبانێ و شەنگال بڵاوبکاتەوە. بەداخەوە تەمەنی ئەوەندە نەبوو بتوانێ ئەو ئاواتەشی پێک بێنێ. هۆزان دڵگەش بە مۆسیقاکەی سنوورەکانی هەموو پارچەکانی کوردستانی هەڵگرتەوە. مۆسیقای هۆزان دڵگەش، مۆسیقای بەرخۆدان و ڕاپەڕین بوو. سەرهەڵدان بوو دژی ستەم و داگیرکاریی. هۆزان دڵگەش ڕۆژی ١٢ی ئازاری ٢٠١٧ ماڵئاوایی لە گەلی کورد و ئازیزانی کرد و کۆچی دوایی کرد. ٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی بەناوبانگی کورد هۆزان دڵگەش تێدەپەڕێت. لە قۆناغێکی زۆر سەختدا هۆزان دڵگەش تێکۆشانێکی گەورەی بە هونەرەکەی کرد و لە ڕێگەی ئاوازەکانیەوە بەرخۆدان، سەرهەڵدان، ئازار و سەختییەکانی گەلی کوردی هێنایە زمان. هەر بۆیە دوای ٧ ساڵ دەنگەکەی لە دڵی گەلی کورددا بە زیندوویی ماوەتەوە.