تەڤ-چاندی ئەوروپا یادی هونەرمەند جەمیل نەوسودی بەرزڕاگرت

ناوەندی چاند و هونەری رۆژهەڵاتی کوردستان لە تەڤ-چاند پرسەنامەیەکی بۆ کۆچی دوایی هونەرمەند جەمیل نەوسودی بڵاوکردەوە و تیایدا لەدەستدانی ئەو هونەرمەندەی بە کۆست و زیانێکی گەورە بۆ هونەر و رەسەنایەتی هەورامان ناوبردووە.

لە پەیامەکەی ناوەندی چاند و هونەری رۆژهەڵاتی کوردستان، کە سەر بە بزوتنەوەی چاند و هونەری ئەوروپا (تەڤ-چاند)ە هاتووە:  " کۆچی دوایی نەوسودی زیانێکی گەورەیە بۆ هونەر و ڕەسەنایەتیی هەورامان و کوردستانن و قەرەبووکردنەوەی ئاستەمە".

دەقی پەیامەکە:

هونەرمەند جەمیل ئەحمەدی ناسراو بە (جەمیل نەوسودی) خەڵکی شاری نەوسودی هەرێمی هەورامان، کۆچی دوایی کرد.

جەمیل نەوسودی، هەر لە سەرەتای لاوییەوە تا کۆچی دوایی کرد لە خزمەتی هونەری ڕەسنی هەورامان و کوردستاندا بوو و لە بواری دەنگبێژی و گۆران بەگشتیی و سیاچەمانە بەتایبەتی، بە هونەرەکەی خزمەتێکی گەورەی بە ڕەسەنایەتیی هەورامان و کوردستان کردوە. لەو چوارچێوەیەشدا، خاوەنی سەدان گۆرانی و سیاچەمانەیەی ناوازەیە.

هونەرمەند جەمیل نەوسودی شانبەشانی گەورە هونەرمەندانی دیکەی هەرێمی هەورامان بەتایبەت (عوسمان هەورامی، حەمەحسێن کێمنەیی، شەفیع کێمنەیی) گۆرانی و هونەری ڕەسەنی هەورامییان گەیاندە لوتکە و بە پایەکانی گۆرانی و سیاچەمانەی دێرین و ڕەسەنی هەورامی بەناو دەکرێن. بۆیە کۆچی دوایی نەوسودی زیانێکی گەورەیە بۆ هونەر و ڕەسەنایەتیی هەورامان و کوردستانن و قەرەبووکردنەوەی ئاستەمە.

تەڤگەری چاند و هونەری ئەروپا (تەڤ-چاند) .

ناوەندی چاند و هونەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان".

هـ . ب