"کۆچی دوایی قادر سۆفیانی خەسارەتێکی گەورەیە بۆ چاندی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

ناوەندی چاند و هونەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەوروپا بۆ کۆچی دوایی هونەرمەندی بەناوبانگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قادر سۆفیانی ناسراو بە قادۆ، پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "کۆچی دوایی قادر سۆفیانی خەسارەتێکی گەورەیە بۆ چاندی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان".

دەنگبێژی بەناوبانگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قادر سۆفیانی ناسراو بە قادۆ، دوێنێ ٢٠ ی تەمموزی ٢٠٢٤ لە نەخۆشخانەی ئورمیە بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد. بەم بۆنەیەوە، ناوەندی چاند و هونەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەوروپا پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا دەڵێت: "بەداخەوە دیسان ئەستێرەیەکی دەنگبێژمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاسمانی هونەری کوردی لەدەستدا. دەنگبێژ قادر سۆفیانی کە لەناو گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەنگبێژ قادۆ ناسراوە، ساڵانێکی دووردرێژ خزمەتی چاندی دەنگبێژی کرد و دەیان بەرهەمی بەنرخی پێشکەشی گەلی کورد و ئەرشیفی دەنگبێژی کورد کردووە.

قادۆ کەسایەتییەکی خۆشەویست و کاریگەری نێو جڤاکەکەمان بوو، کۆچی دوایی کەسایەتییەکی وەک دەنگبێژ قادر سۆفیانی خەسارەتێکی گەورەیە بۆ چاند و هونەری کوردی و بەتایبەت دەنگبێژی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر ناوی چاندی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەوروپا سەرەخۆشی لە گەلی کورد و بنەماڵەی دەنگبێژ قادر سۆفیانی دەکەین".

چەند وێستگەیەک لە ژیانی دەنگبێژ قادۆ:

دەنگبێژ قادر سۆفیانی (قادۆ) لە ئاداری ١٩٤١ لە گوندی عومەرئاوا لە هەرێمی سۆمابرادۆستی سەر بە شاری ئورمیە لەدایکبووە، لە ٦ مانگی باوکی کۆچی دوایی کردووە. لەگەڵ دایکی ژیانێکی دژوار دەژین، دایکی بەبۆنەی سەختی ژیانەوە هاوسەرگیری دەکاتەوە و زڕباوکەکەی قادۆ قبووڵ ناکات، بۆیە دایکی جیا دەبێتەوە، پاش ماوەیەکی زۆر دیسان دایکی هاوسەرگیری دەکاتەوە.

قادۆ لە تەمەنی ٩-١٠ ساڵییەوە هەست بەم ئێش و ئازارانەی خۆی و دایکی دەکات، بۆیە دەست دەکات بە چڕینی کڵام و ئازارەکانی دەردەبڕێت.

قادۆ خوێندەواری نەبووە، بەڵام هۆش و مێشکێکی وەهای هەبووە، کە شیعری کڵامەکانی خۆی دروست دەکرد.

لە تەمەنی ١٧-١٨ ساڵی دەبێتە دۆستی گیانی بە گیانی دەنگبێژێک بە ناوی سلێمان لە گوندی هەشتیانێ لە هەرێمی سۆمابرادۆست، سلێمان مرۆڤێکی هێژا و کارامە بووە و چەندین کڵامی فێری قادۆ کردووە، قادۆ لای ئەو فێری دەنگبێژی دەبێت، قادۆ لێرەوە سلێمان بە مامۆستای خۆی دەداتە قەڵەم.

جارێکیان هونەرمەندی باکوری کوردستان، عەڤدی دێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە قاوەخانەیەکدا گوێبیستی دەنگی قادۆ دەبێت و پێی دەڵێت: "بەڕاستی دەنگبێژی، دەست لە دەنگبێژی هەڵمەگرە، دەنگبێژیت لێ پیرۆز بێت".

قادۆ گۆرانییەکانی عەڤدی و حاجی عەبدولکەریم و چەندین دەنگبێژی گوتووتەوە. چەندین کڵامی تایبەت بە خۆشی داناوە.

لەگەڵ چەندین دەنگبێژی بەناوبانگی کوردستان دانیشتنی ئەنجامداوە.

قادۆ کڵامەکەی خۆی بە ناوی مێڤانۆ زۆر لا خۆشەویست بوو کە تایبەتە بە ئەوینداران. نەوەک هەر بۆ عەشق و ئەوین، بەڵکو چەندین کڵامی دەربارەی شەڕ و جەنگ و قارەمانان چڕیووە.

قادر سۆفیانی لە ساڵی ١٩٧٩ بەهۆی نەخۆشی و چارەسەر هاوژینەکەیەوە، گوندی سۆفیان جێدەهێڵێت و دەچێتە شارۆچکەی ئەلڤاجی سەر بە ئورمیە. پاش ١٧ ساڵ لە نەخۆشی هاوژینەکەی کۆچی دوایی دەکات. قادۆ خاوەنی ٧ مناڵ بوو، ٥ کچ و ٢ کوڕ.

لە ٢٠ ی تەمموزی ٢٠٢٤ لە نەخۆشخانەی شاری ئورمیە بە نەخۆشی دڵ گیانی لەدەستدا.