کەرکوک، هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردان بەبیرهێنرایەوە
لە ٤٣هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردان، کۆڕێکی بەبیرهێنانەوەی ئەو کەڵە هونەرمەندە لە کەرکوک بەڕێوەچوو.
لە ٤٣هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردان، کۆڕێکی بەبیرهێنانەوەی ئەو کەڵە هونەرمەندە لە کەرکوک بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ لە کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەر لە کەرکوک، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەند و هونەردۆستان و کەسایەتییە رۆشنبیرییەکانی شارەکە لە تەواوی پێکهاتەکان، بەبۆنەی ٤٣هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد و پاشای مەقامات (عەلی مەردان)، کۆڕێکی بەبیرهێنانەوە بۆ ژیاننامە و هونەرەکەی ئەو هونەرمەندە گەورەیە بەڕێوەچوو.
لە کۆڕەکەدا، میوانداری هەریەکە لە نورەدین جاف لێپرسراوی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام و هونەرمەند عومەرە درێژ مامۆستا و هونەرمەندی مەقامبێژی کرا، نوردەین جاف لە کۆڕەکەدا باسی لە ژیاننامەی (عەلی مەردان) کەڵە هونەرمەندی گەورەی کورد و پاشای مەقاماتی کرد، هەروەها لەلای خۆیەوە هونەرمەند عومەرە درێژ باسی هونەرەکەی عەلی مەردانی کرد و لە کۆڕەکەدا چەندین مەقاماتی ئەو کەڵە هونەرمەندەی چڕی.
'شانازی بەو کەڵە هونەرمەندە دەکەین و هونەرەکەی دەپارێزین'
سەبارەت بە کؤڕەکە نورەدین جاف لێپرسراوی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام، باسی ژیان نامەی هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) کرد و ووتیشی: "ئەمڕۆ بەبۆنەی ٤٣هەمین ساڵیادی کۆچی هونەرمەندی گەورەی کورد و پاشای مەقامات "عەلی مەردان" بە گرنگمان زانی ئەم کۆڕە پێشکەش بکەین و ئەو هونەرمەندە گەورەیەی گەلی کورد بەبیربهێنینەوە، ئێمەش شانازی بە هونەرمەند عەلی مەردان دەکەین و کە سەنتەرێکمان داناوە بەناوی "ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام" بۆ پاراستنی هونەری ئەو کەڵە هونەرمەندەی کورد".
'زیاتر فێری مەقامە ڕەسەنە کوردییەکان بووە'
هەروەها سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆڕەکە، نوردەین جاف بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "لە کۆڕەکەدا ژیاننامەی عەلی مەردان-مان کردە سێ بەش، بەشی یەکەمیان کە لەناو کەرکوک بووە و سودی لە کۆمەڵێک مەلا و تەکییەکان وەرگرتووە و زیاتر فێری مەقامە ڕەسەنە کوردییەکان بووە و توانی مەقامی هیجران بێنێتە کایەوەو ئێستا عەلی مەردان بە خاوەنی مەقامی هیجران دادەنرێت، دواتر چووەتە لەیلان سوودی لە مامۆستا خدر باران چاوش و کامل تەپەلویی وەرگرتووە، پاشان چۆتە بەغدا و لەوێ سوودی زیاتر لە مورتەزای ئەسفەهانی وەرگرتووە کە وەک مامۆستایەک بووە لەگەڵێ کە بۆ ماوەی دوو ساڵ زیاتر سودی لە مەقامە ڕاستانەکان و مەقامی ئێرانی و رۆژهەڵاتییەکان وەرگرتووە".
'عەلی مەردان قوتابخانەیەکی گەورە بووە ڕێگەینەداوە هونەرەکەمان بفەوتێت'
هەروەها لەلای خۆیەوە سەبارەت بە رۆڵی پاشای مەقامات لەسەر هونەری مەقامبێژی، عومەرە درێژ مەقامبێژ و مامۆستای مەقامی دیاری شاری کەرکوک و باشوری کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "مامۆستا عەلی مەردان گرنگییەکەی لەوەیدابووە کە ئەم هونەرمەندە توانیویەتی خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک بکات لە هونەری مەقامبێژی، هەرووەها چەندین بەستەی هەیە کە لەناوچەی لەیلان لە کەرکوک خوێندوویەتی بە تورکمانی ئەمەش جێگای شانازییە کە هونەرمەندێکی کورد جیاوازی نەکردووە لە نێوان پێکهاتەکانی دیکە، عەلی مەردان توانیویەتی کەلتورێکی زۆر نازدار و جوان بۆ ئێمە بەجێ بێلێت و ئەتوانم بڵێم قوتابخانەیەکی گەورە بووە چونکە ئەو هونەرمەندە ڕێگەینەداوە مەقامەکانمان بفەوتێت خزمەتی هەموو میللەتەکانی کردووە بەتایبەت میللەتەکەی خۆی میللەتی کورد لە سنوری گەرمیانەوە تا کوێستان ئەم کەڵە هونەرمەندە قوتابخانەیەکی مەزن بووە و خزمەتی هەموومانی کردووە بێ جیاوازی".
'خزمەتێکی زۆری بە گەلی کورد و هونەرەکەی کردووە'
لە درێژەی قسەکانیدا، هونەرمەندی مەقامبێژ عومەرە درێژ، باسی گرنگی ناساندنی هونەرمەندە گەورەکانی کوردی بە گەنجان و نەوەکانی ئیستا کرد، ڕایگەیاند: "بەستنی ئەم جۆرە کۆڕانە زۆر گرنگە تاوەکو بەبیری خەڵکی بێنینەوە، هەروەها هونەرمەندی گەورەی کورد و پاشای مەقامات (عەلی مەردان) بە گەنجانی نەوەی ئیستا بناسێنین کە هونەرمەندێکی ئەوەندە مەزن هەبوو و خزمەت گەلی کوردی کردووە، بەداخەوە زۆربەی گەنجەکانی ئیستا نازانن عەلی مەردان کێیە و کە هونەرمەندێکی مەزن و خزمەتی ئەم گەلەی کردووە، بۆیە گرنگە ئەم کۆڕ، یادکردنەوە و فێستیڤاڵ بەناو ئەم هونەمەندە گەورانەی گەلی کورد سازبکرێت".
هونەرمەندی کۆچکردووی کورد عەلی مەردان لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی لە بەرتەکیەی شاری کەرکوک لە ساڵی ١٩٠٤ لەدایکبووە، خوێندنی لە تەکیەی تاڵەبانی لە کەرکوک لەلای مامۆستا ساڵح دەستپێکردووە و هەر لەوێشەوە فێری تەجویدی قورئان و مەقاماتی کوردی بووە،
عەلی مەردان پاش ٨ ساڵ مانەوە لە تەکیە شاری کەرکوکی جێهێشتووە، عەلی مەردان وەکو شارەزایەکی مەقاماتی کوردی، عەرەبی و تورکمانی لە ناوچەکەدا جێگای خۆی کردووەتەوە و ناوبانگی دەرکردووە. لە رۆژی هەینی ٢٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٨١ مامۆستا عەلی مەردان بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە گۆرستانی شێخ محێدین لە شاری کەرکوک نێژرا.
هـ. ب