کەرکوک، یادی شکور خەیات بەرزڕاگیرا
لە کەرکوک، بەکردنەوەی پێشەنگایەکی وێنەی فۆتۆگرافی و شێوەکاری یادی هونەرمەندی گەورەی کورد و مامۆستای مەقامبێژ شوکر خەیات بەرزڕاگیرا.
لە کەرکوک، بەکردنەوەی پێشەنگایەکی وێنەی فۆتۆگرافی و شێوەکاری یادی هونەرمەندی گەورەی کورد و مامۆستای مەقامبێژ شوکر خەیات بەرزڕاگیرا.
ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە لە سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک، لە چالاکییەکەدا لەژێر دروشمی (هونەرمەندانی شێوەکار.. سۆزو سەدای شکور خەیات ڕەنگ ڕێژدەکەن)، بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی ئەو خزمەتەی کە هونەرمەند "شکور خەیات" کردوویەتی بە هونەری ڕەسەنی کوردەواری لەنێوانیشیدا هونەری مەقامبێژی، پێشەنگایەکی وێنەی فۆتۆگرافی و شێوەکاری سازکرا کە تیدا یادی ئەو کەڵە هونەرمەندە بەبیرهێنرایەوە.
چالاکییە هونەرییەکە لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان- لقی کەرکوک، وە بە بەشداری مامۆستایان و خوێندکارانی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی کەرکوک ڕێکخرا کە تیدا دەیان هونەرمەندی شێوەکاری کوردستان بەکارەکانیان بەشداریان لە پێشەنگاکەدا کرد.
جێگای باسە، لە یادکردنەوەکە رۆشنبیران و هونەردۆستانی تەواوی شارەکانی باشوری کوردستان و هەروەها کەسایەتییەکان و لایەنە سیاسیەکانی شاری کەرکوک ئامادهبوون.
سوزان فەیسەڵ کچە شێوەکارێکی دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکوکە، سوزان بە تابلۆیەکی شێوەکاری بە وێنەیەکی هونەرمەند شکور خەیات بەشداری لە پێشەنگاکەدا کردووە، سوزان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "جێگای خۆشحاڵی و شانازیە بۆمن کە توانیم بەشداری لە پێشەنگایەکی بەم جۆرە بکەم کە تیدا یادی کەڵە هونەرمەندێکی وەکو مامۆستای مەقامبێژی شکور خەیات بکرێتەوە، وەکو هەموومان دەزانین هونەرمەند شکور خەیات خزمەتێکی گەورەی بە شاری کەرکوک و ناوچەی گەرمیان کردووە لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بۆیە جێگای شانازییە ئەمرۆ وەکو شێوەکارێک توانیومە رۆڵم هەبێت لە یادکردنەوەی ئەو هونەرمەندە گەورەیەی کورد".
سیروان عومەر، سەرۆکی لقی کەرکوکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، سەبارەت بە پێشەنگاکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئێمە وەکو لقی کەرکوکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، ئەمرۆ لەژێر دروشمی (هونەرمەندانی شێوەکار.. سۆزو سەدای شکور خەیات ڕەنگ ڕێژدەکەن) ئەم پێشەنگایەمان سازکردووە، وەکو سەندیگای هونەرمەندان ئەوە ئەرکی سەرشانمانە بەتایبەتی ئەو هونەرمەندانەی کە کۆچی دواییان کردووە، ئەم پێشەنگایە پێکهاتبوو لە ٦٥ تابلۆ کە نیوەی فۆتۆگرافی بوو نیوەکەی دیکەشی شێوەکاری بوو، وێنەکانیش لەلایەن هەندێک لە هونەرمەند و مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەکان وێنەکانیان کێشابوو".
هەروەها سیروان عومەر ووتیشی: "لە داهاتوودا پرۆژەیەکمان هەیە کە پێشەنگایەکی هاوشێوە بۆ ئەو هونەرمەندانە بکەینەوە کە لە ژیاندا ماون، بەردەوام هەوڵمانداوە کە بەکۆی گشتی خزمەتی هەموو هونەرمەندانی بوارە جیاوازەکانی هونەر بکەین، بەپی تواناش توانیوەمانە خزمەتی هونەر بکەین لە شارەکە و چەندین خولی هونەریمان کردۆتەوە و توانیومانە گەنجان بهێنینە سەر ڕێچکەی مامۆستایانی هونەر".
لەلای خۆیەوە عومەرە درێژ مامۆستای مەقامبێژی و هاوڕێ هونەرمەندی کۆچ کردوو سەبارەت بە پێشەنگالە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەم یادکردنەوەیە لە ڕێگەی چالاکی هونەری وەفایەکە بۆ هونەرمەندی کۆچکردوو کە بەبیری خەڵکی بهێننە کە ئەم کەڵە هونەرمەندە هەموو ژیانی خستە خزمەت مەقامبێژی و هونەری کوردی، ئەم چالاکییەش کارێکی پیرۆزە و دەستخۆشییان لێدەکەم، هیوادارم بۆ سەرجەم ئەو هونەرمەندانەی کە لەڕابردوودا کۆچی دواییان کردووە ئەم جۆرە چالاکییانە بکرێت، لە ئەمرۆدا بەرزڕاگرتنی یادکردنەوەی ئەم کەڵە هونەرمەندانە زۆر گرنگە چونکە دروست نابنەوە و توانییان خزمەتی کلتوری کوردی بکەن، یادکردنەوەیان کەمترین وەفایە بەرامبەر ئەو هونەرمەندانە بکرێت، هیوادارم کلتوری یادکردنەوەی هونەرمەندان بەردەوام بێت".
جێگای ئاماژەیە، شوکر محەمەد قادر ناسراو بە (شوکر خەیات) مامۆستای مەقامی کوردی و یەکێک لە هونەرمەندە ڕەسەنەکانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٤٠ لەدایکبووە، وە لە ساڵی ١٩٥٣ چووەتە دونیای هونەری کوردییەوە و دەستی بە وتنی بەستە و مەقامات کردووە، شوکر خەیات لە ١٩٥٥ یەکەم بەرهەمی هونەری خۆی لەسەر دەستی مامۆستا عەلی مەردان تۆمار کرد و وەک یەکێک لە هونەرزانانی بواری مەقام ناسرا و پاشان نازناوی سەدای ئەنفالی پێوە لکێندرا و تا دوا هەناسەکانی ژیانیشی لە خزمەت ئاواز و گۆرانی رەسەنی کوردی بوو.
شوکر خەیات لەپاڵ هونەرەکەیدا لە ساڵی ١٩٥٧وە کاری خەیاتی دەکات، چونکە نەیتوانیوە بە کاری هونەری بژێوی ژیانی دابین بکات، چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان گەڕاوە و چەند ساڵێکیش لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر بردووە، دوای مانەوەی ١١ ڕۆژ لە نەخۆشخانە بەهۆی نەخۆشییەوە لە ڕێکەوتی ١٨/٨/٢٠٢٣ کۆچی دوایی کرد.