لە هەفتەی کولتوری کورددا کارگە و پێشبڕکێ بۆ منداڵان رێکخرا

لە رۆژی پێنجەمی هەفتەی کولتوری کورد کارگەی فێرکاری و پێشبڕکێ بۆ منداڵان سازکرا.

رۆژی پێنجەمی هەفتەی کولتوری کە بە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە فەرەنسا (جەدەکە-فە) و کۆمەڵەی کولتور و هونەری کوردستان (ئەی سی کەی) لە ٢٥ی ئایاردا دەستیپێکردووە، بۆ منداڵان تەرخان کرا. لە کارگە فێرکارییەکاندا لە رێگەی یاری، وێنەکێشان، موزیک و زمانەوە کولتوری کوردی بە منداڵان نیشان درا.

لە ناوەندی کولتوری کوردی ئەحمەد کایا لەسەر خوانی سەر ئەرز منداڵان پێکەوە نانیان خوارد. دوای ژەمە خواردنەکە لە سەر خوانی سەر زەوی کە لە کولتوری کوردیدا هێمای هاوبەشیکردن و ژیانی هەرەوەزیە، یاری یەکترناسین ئەنجامدرا.

دوای یاریەکە ئاستی ناسینی منداڵان لە زمانی کوردی دەستنیشانکرا و دوو تیمی جیا دروستکران. تیمەکان ئەو وێنانەی بە دیوارەکانەوە هەڵواسرابوون لەگەڵ نوسینەکانیانی بەردەستیان بەراورد دەکرد. ئەو تیمەی کە خێراتر وێنە و نوسینەکانی بەراورد دەکرد، خاڵی زیاتری بەدەست دەهێنا.

دوای پێشبرکێی زمانی کورد، منداڵان بەشدارییان لە کارگەی نیگارکێشی کرد و لەوێ بە شێوەی ئارەزوومەندانە وێنەیان کێشایەوە.

پاشان منداڵان بەشدارییان لە کارگەی موزیکدا کرد و لەوێش خۆیان فێری ریتمی چوار چوار کرد و پێکەوە نۆتەکانیان خوێند. هەروەژا منداڵان وەک گروپی کۆڕ و بە شێوەی پێکەوەیی گۆرانی منداڵانەی وەک 'عەلۆ دینۆ، کەلەشۆ و روبارۆ'یان وتەوە. لە کۆتایی کارگەکەدا منداڵان هەڵپەڕکێیان کرد. ٢٥ منداڵ کە تەمەنیان لە نێوان ١ بۆ ١٢ ساڵدا بوو، لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەشدارییان لە چالاکییەکاندا کرد.

هـ . ب