بە دیمەن

لە کەلار بەبۆنەی ڕۆژی گەنجانەوە چەند چالاکییەک ئەنجام درا

لە سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی گەنجانەوە چەند چالاکییەک ئەنجام درا.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتژمێر  ٤:٣٠ لە هۆڵی سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی گەنجانەوە بە ئامادەبوونی ژنان و گەنجان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، چالاکی هونەری و سیمینارێک بە ناونیشانی "سەرکردایەتی گەنج"  بۆ ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی، پشتیوان جەمال ڕێکخرا.

لە لایەن کارگێڕی سەنتەری گەنجانی کەلارەوە شەهلا کەریم بەخێرهاتنی میوانەکان کرا و ڕۆژی جیهانی گەنجانی پیرۆزکرد.

هەر لە درێژەیی چالاکییەکدا لە لایەن گروپی میوزیکی سەنتەری گەنجانەوە چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردی پێشکەشکرا.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا لە لایەن ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆی، پشتیوان جەمال سیمینارێک بە ناونیشانی "سەرکردایەتی گەنج" پێشکەشکرا.

'گەنجان بنیاتنەری کۆمەڵگان'

سەبارەت بە سیمینارەکە "سەرکردایەتی گەنج"  پشتیوان جەمال بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ANF)) قسەی کرد و گوتی: "بابەتەکەی من لەسەر شۆڕشی مێشک و ڕۆڵی گەنج بوو، هەموو مرۆڤێک دەبێت لە ناخی خۆیدا شۆڕشێکی هزری دروست بکات. تێڕوانینەکەی من ئەوەیە بۆ گەنج کە دەبێت شۆڕشێک بکەن لە بەرامبەر ئەو بیرکردنەوە خراپانەی کە بۆیان دروست دەبێت کە هۆکارە بۆ ڕووخانی کەسێتی و بیرکردنەوەی گەنجان.

ئەگەر گەنجانی کۆمەڵگە بیرکردنەوەیان بەلای شتی خراپدا بڕوات و توانای هیچ کارکردنێکیان نەبێت بە دڵنیاییەوە ئەوکات کۆمەڵگە بەرەو وێرانبوون دەڕوات. گەنج بنیاتنەری کۆمەڵگایە بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکان و حکومەت هاوکاری گەنجان بکەن لە فەراهەمکردنی هەلی کار و بەشداری پێکردنی گەنجان لە پڕۆژەکاندا."

لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە گەنجان کرد کە بە دوای خولیا و بەهرەکانیاندا بڕۆن بەمەبەستی پێشخستنی کۆمەڵگە و گوتی: "هەندێک گەنج هەیە لە بواری وێنەکێشان و میوزیک توانای هەیە پەرەی پێبدات. لە سەنتەری گەنجان دەیان خولی خۆڕایی هەیە بۆ گەنجان فەراهەم کراوە دەتوانن سودی لێ وەرگرن."