بە دیمەن

لە کەلار بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زانست بۆ ئاشتی و گەشەپێدان چەند چالاکییەک ئەنجام درا

ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلار بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زانست بۆ ئاشتی و گەشەپێدان چالاکی زانستی و شێوەکاری و میوزیکی ئەنجامدرا.

ئەمڕۆ لە لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زانست بۆ ئاشتی و گەشەپێدان لە سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، بەهاوکاری زانکۆی گەرمیان و ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی چالاکی زانستی و پێشانگای شێوەکاری و میوزیک و سمینارێک ئەنجامدرا.

لە سەرەتایی چالاکییەکەدا لە لایەن کارگێڕی سەنتەری گەنجانی کەلار گەشە قادر محەمەدەوە بەخێرهاتنی میوانەکان کرا.

سەبارەت بە ڕۆژی زانست بۆ ئاشتی و گەشەپێدان بەڕێوبەری سەنتەری گەنجانی کەلار، سامان عادل بۆ ئاژانسی فورات (ANF) قسەی کرد و گوتی: "ئێمە وەکو سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار لە ڕۆژی زانست بۆ ئاشتی و گەشەپێدان هەستاین بە ئەنجامدانی چەند چالاکییەک بەمەبەستی پیشاندانی تواناکانی گەنجان.

گەنجان کاتی زۆریان هەیە و ئاوڕ لە تواناکانی گەنجان نەدراوەتەوە ئیمە هەوڵدەدەین تواناکانی گەنجان بەرەوپێش ببەین و هەلی کاریان بۆ دابین بکەین لە ڕێگەی خول و چالاکییەکانەوە بەمەبەستی زیاترکردنی تواناکانی گەنجان."

وتیشی: "چالاکی ئەمڕۆمان لە چوار چالاکی پێکدێت لەوانە سیمینار و میوزیک و پێشانگای شێوەکاری و تاقیکردنەوەی زانستی. گرنگە زانست بکەین بە قەڵغان بۆ پاراستنی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان تاوەکو لەو کێشانەی لە کۆمەڵگەدا بوونیان هەیە خۆمان بپارێزین."

پاشان عومەر محەمەد خوێندکاری بەشی کیمایی باسی لە چالاکییەکە زانستییەکەیان کرد و گوتی: "ئێمە لێرە بەشداریین وەکو خوێندکارانی بەشی زانستی کیمیا زانکۆی گەرمیان بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکی و پشکنینێکی زانستی. هەروەها باسی گرنگی کیمیا بکەین بۆ ئەوانەی کە سەردانمان دەکەن یاخود خوازیاریان ببنە فێرخوازی ئەم زانستە".

چالاکییەکە بە تەماشاکردنی تابلۆکان کۆتایی هات.