بە دیمەن

لە کەلار سیمینارێک دەربارەی ڕۆڵی کتێبخانەکان ئەنجام درا

لە شارۆچکەی کەلار، سیمینارێک بە ناونیشانی "ڕۆڵی کتێبخانە لە گەشەی شار و بنیاتنانی شارستانیەت" بۆ نووسەری بواری مێژوو بەڕێز عەباس ڕێکخرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کتێبخانەی گشتیی کەلار بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کتێبخانەی شارەوە، بە بەشداربوونی ڕۆشنبیران و ژنان و چالاکوانان، مامۆستایانی ئایینی، سیمینارێک بە ناونیشانی "ڕۆڵی کتێبخانە لە گەشەی شار و بنیاتنانی شارستانیەت" بۆ بەڕێز عەباس ڕێکخرا.

سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەری کتێبخانەی شارەوە مامۆستا ئیدریس ژاڵەیی، بەخێرهاتنی میوانەکان کرا. کورتەیەک لە مێژووی دامەزراندنی کتێبخانەکەی بۆ ئامادەبوان گێڕایەوە. هەروەها باسی لە گرنگی کتێب کرد لە بەرەوپیشبردنی کۆمەڵگادا.

لە پاشاندا نووسەری بواری مێژوو بەڕێز عەباس سیمینارێکی پێشکەش کرد بە ناونیشانی "ڕۆڵی کتێبخانە لە گەشەی شار و شارستانیەت".

مامۆستا بەڕێز عەباس لە سیمینارەکەدا ئاماژەی بەوەکرد هەموو گەلێک بۆ ئەوەی ئاشنایەتی لەگەڵ کلتوور و مێژووی خۆی هەبێت دەبێت لەسەر مێژووی نەتەوەکەی خۆی بخوێنێتەوە، چونکە ئەوە زانینە گەل و نەتەوەکان بەرەوپێش دەبات، بەهۆی کتێبەوە دەیان شۆڕش و گۆڕانکاری گەورە لە دونیادا ڕوویداوە.

باسی لەوەش کرد نەبوونی هۆشیاری یا نەبوونی کتێبخانە دەبێتە کەلێن لە کۆمەڵگادا، چونکە ئەوە کتێبە  هۆشیاریی تاک و کۆمەڵگا زیاد دەکات. بۆ بەرەوپێشچوونی هەر گەلێک سەرەتا پێویستی بە لایەنی زانین هەیە، چونکە تاوەکو هۆشیارییەکی مەزن نەبێت گۆڕانکاری ڕوونادات.

لەکۆتاییدا ئامادەبووان سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو.