لە کەرکوک، کۆڕێک دەربارەی "نەتەوە و كولتوور" سازکرا
لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "نەتەوە و کلتوور" کۆڕ و گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان رۆشنبیرانی شارەکە سازکرا.
لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "نەتەوە و کلتوور" کۆڕ و گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان رۆشنبیرانی شارەکە سازکرا.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ئێوارە كۆڕێكی كراوە بەڕێوەچوو، کە تیدا گفتوگۆی كۆڕی كراوەی سەكۆی كارێز سەبارەت بە بابەتی "نەتەوە و كولتوور" سازکرا، لە کۆڕەکەدا رۆشنبیرانی شارەکە سەبارەت بە ناوەرۆكی بابەتەكە، قسەی خۆیان کرد، دید و بۆچوون و ڕوانین و سەرنجی خۆشیان خستەڕوو.
"بابەتی کولتوور بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە"
تارێق کارێزی کەسایەتی رۆشنبیری شاری کەرکوک، کە لەهەمان کاتدا کۆڕەکەی سەبارەت بە بابەتی "کولتور و نەتەوە" پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، سەبارەت بە گرنگی کولتور بۆ نەتەوەی کورد، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا، ووتی: "هەموو نەتەوێک بریتییە لە قەوارێکی کولتووریی، بابەتی کولتوور بۆ ئێمەی کورد گرنگی زیاترە بەراورد بە نەتەوەکانی دیکە چونکە ئێمە کورد قەوارە و ستاتۆیەکی سیاسیمان نییە کە بتوانێن ناسنامەکەمان بپارێزێن، بۆیە کولتوور بەنسبەت کوردەوە بەهەموو لایەنەکانیەوە بایەخێکی زیاتری هەیە".
"کولتووری کورد ڕووبەڕووی هێرشی وڵاتانی داگیرکەر بۆتەوە"
سەبارەت بە ناوەڕۆکی بابەتەکە، تارق کارێزی ڕایگەیاند: "ئێمە ویستمان لەم کۆڕەدا لەگەڵ ڕۆشنبیران بکەوینە گفتوگۆیەکی کراوە دەربارەی نەتەوە و کولتوور کە تا چ ئەندازەیەک گرنگە نەتەوەی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان بایەخ بە کولتوور بدات، چونکە دواجار کە تۆی کورد قەوارەی کلتووری خۆت بە لایەنە مادییەکانی و مەعنەوییەکانی پاراست ئەوکاتە ناسنامەی خۆت ئەپارێزیت، بەدڵنیاییەوە ئێمە وەکو نەتەوە خاوەن کولتوورێکی بەهێزین، بەڵام ئەو کولتوورە ڕووبەڕووی هێرشی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بۆتەوە، داگیرکەرانی کوردستان کاریان لەسەر ئەوە کردووە کولتوور، هونەر، زمان، ئەدەب، جل وبەرگ و دابونەریەتی کورد نابووت و پووچەڵ بکەنەوە".
"بە پاراستنی کولتورەکەمان هەبوونی خۆمان پتەوتر دەکەین"
لە درێژەی قسەکانیدا، ناوبراو ووتیشی: "ڕابوونی نەتەوە لێرەوە دەست پێدەکات کە ئاوڕ لە کولتوورەکەی بداتەوە و کار بۆئەوە بکات فاکتەرەکانی کولتووری بەزیندوویی ڕابگرێ، کارکردن بە کولتوور و هەبوونی کولتوور واتە تۆی کورد بوونت هەیە، بەڵام کە زمان، دابونەریەت و بنەماکانی کلتوورت نەمینێ ئەوکاتە دەسڕدریتەوە، ڕەگەزەکانی کولتوور کار دەکات بۆئەوەی کە نەتەوە خۆڕاگر بێت و قەوارەی خۆی نیشان بدات، هەرچەندە ووڵاتمان کراوە بە چوارپارچە بەڵام مادام کولتوورمان هەیە ئەوە بوونمان هەیە، گرنگە کاربکەین بۆ بەهێزکردنی پایەکانی کولتورمان و هەبوونی خۆمان پتەوتر بکەین تا ئەو رۆژەی دەبینە خاوەن ستاتوی سیاسی خۆمان".
"پێویستە خاوەنداری لە کولتوورمان بکەین و کار بۆ بەهێزکردنی بکەین"
لە کۆتایی قسەکانیدا، تارق کارێزی کەسایەتی رۆشنبیری شاری کەرکوک، ئاماژەی بەوەکرد: "هەرچەندە وڵاتانی داگیرکەر کارییان بۆ ئەوە کردووە کولتووری کورد بێ بەها و کاڵ بکەنەوە، بەڵام لە بەرامبەر هەوڵەکانی داگیرکەران پێویستە ڕۆشنبیران و هەموو تاکەکانی نەتەوەکەمان کار بۆئەوە بکات دامەزراوەو بنەماکانی کولتوور بەهێز بکات و پشتیوانی و خاوەنداری لێبکات، چونکە دواجار بوونی ئێمەی کورد وەکو نەتەوە گرێدراوی کولتوورە، تا کولتوورمان هەبێت ئێمەش بوونمان هەیە و نەتەوەیەکی زیندووین".