لە کەرکوک پەردە لەسەر پەیکەری شکور خەیات لادرا
لە شاری کەرکوک، لە مەڕاسیمێکدا پەردە لەسەر پەیکەری شکور خەیات هونەرمەندی گەورەی کورد ناسراو بە گەوهەری مەقام لادرا.
لە شاری کەرکوک، لە مەڕاسیمێکدا پەردە لەسەر پەیکەری شکور خەیات هونەرمەندی گەورەی کورد ناسراو بە گەوهەری مەقام لادرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەک-شەممە لە سەنتەری رۆشنبیریی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، وەکو رێزگرتنێک لەو خزمەتەی شکورد خەیات مامۆستای مەقامی کوردی و یەکێک لە هونەرمەندە ڕەسەنەکانی کوردستان کردوویەتی لە هونەری مەقامبێژیدا، لەلایەن "ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام" بە هاوکاری هونەرمەندی پەیکەرتاش بەختیار کەریم پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەندی گەلی کورد و ناوچەی گەرمیان شکور خەیات ناسراو بە گەوهەری مەقام لادرا.
٦٠ ساڵ خزمەتی هونەری ڕەسەنی کوردی کردووە
سەبارەت بە مەڕاسیمی یاکردنەوەی ئەو کەڵە هونەرمەندەی گەلی کورد، نورەدین جاف، لێپرسراوی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: ''هونەرمەند شکور خەیات ناسناوی گەوهەری مەقامیان پێ بەخشیوە، ئەو کەڵە هونەرمەندە توانی لە ژیانیدا کۆمەڵێک مەقام کوردی بەشێوەیەکی زۆر جوان تۆمار بکات، هونەرمەند ژیانی خۆی بۆ هونەرەکەی تەرخان کرد و زیاتر لە ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵ خزمەتی هونەری ڕەسەنی کوردی و هونەری ناوچەی گەرمیان و کەرکوکی کردووە. ئێمەش وەکو وەفایەک بەرامبەر ئەو هونەرمەندانەی کە خزمەتی هونەری ڕەسەنی کوردییان کردووە هەوڵمانداوە یادیان بەرزڕابگرین و پەیکەریان بۆ دروست بکەین".
وەکو وەفایەک یادی هونەرمەندە ڕەسەکانی کورد بەرز ڕادەگرین
هەروەها نورەدین جاف لە درێژەی قسەکانیدا ووتیشی: "داواکارم لە هونەرمەندان ئەم ڕێچکەیە بزر نەکەن و بەردەوام بن لەخزمەتکردنی هونەری ڕەسەنی شاری کەرکوک کە ئەویش هونەری مەقاماتی هونەری کوردییە، روحی مامۆستا شوکر خەیات شادبێت، لە داهاتوودا پلانمان هەیە مەڕاسیمی ڕێزلێنان و پەیکەر دروست کردن بۆ زۆرێک لە هونەرمەندە ڕەسەنەکانی شاری کەرکوک و رۆشنبیران بکەین لەوانەش هونەرمەند سەڵاح داودە، حوسێن عەلی، مامۆستا میقداد محەمەد و چەندین هونەرمەندی دیکەی کورد".
شکور خەیات کەسێکی نەتەوەیی بووە و خزمەتی بە هونەری کوردی کردووە
سەبارەت بە هونەرمەند و شکور خەیات و دروستکردنی پەیکەرەکەی، بەختیار کەریم پەیکەرساز بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ووت: "تا کۆچی دوایی شکور خەیات مامۆستای مەقام، من هەموو رۆژ سەردانیم کردووە و لەوەوە فێری هونەربووم، هەر منداڵێک خواستی فێربوونی هونەری مەقامبێژی هەبووبێت شکور خەیات فێری کردووە، ئەو هونەرمەندە کەسێکی نەتەوەیی بوو و بەبێ جیاوازی هەمیشە حەزی دەکرد خزمەت بە هونەری ڕەسەنی کوردی بکات، ئەم پەیکەرە یەکەم کاری هونەریمە کە لە شاری کەرکوک دابنرێت، لە ژیانی هونەریمدا جێگای شانازییە کە توانیم پەیکەری مامۆستا شکور خەیات دروست بکەم".
جێگای باسە، شوکر محەمەد قادر ناسراو بە (شوکر خەیات) مامۆستای مەقامی کوردی و یەکێک لە هونەرمەندە ڕەسەنەکانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٤٠ لەدایکبووە، وە لە ساڵی ١٩٥٣ چووەتە دونیای هونەری کوردییەوە و دەستی بە وتنی بەستە و مەقامات کردووە، شوکر خەیات لە ١٩٥٥ یەکەم بەرهەمی هونەری خۆی لەسەر دەستی عەلی مەردان هونەرمەندی گەورەی کورد تۆمار کرد و وەک یەکێک لە هونەرزانانی بواری مەقام ناسرا و پاشان نازناوی دەنگدانەوەی ئەنفال "سەدای ئەنفال"ی پێوە لکێندرا و دوای کۆچی دوایشی ناسناوی گەوهەری مەقامی پێ بەخشرا تا دوا هەناسەکانی ژیانیشی لە خزمەت ئاواز و گۆرانی رەسەنی کوردی بوو.
شوکر خەیات لەپاڵ هونەرەکەیدا لە ساڵی ١٩٥٧وە کاری خەیاتی دەکات، چونکە نەیتوانیوە بە کاری هونەری بژێوی ژیانی دابین بکات، چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان گەڕاوە و چەند ساڵێکیشی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر بردووە، دوای مانەوەی ١١ ڕۆژ لە نەخۆشخانە بەهۆی نەخۆشییەوە لە ڕێکەوتی ١٨/٨/٢٠٢٣ کۆچی دوایی کرد.