ماڵی مەریەم؛ ماڵێک بۆ کۆکردنەوەی کەلوپەلی قوربانیانی ئەنفال

ماڵی مەریەم لە شارەدێی ڕزگاریی دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی کەلوپەل قوربانیانی ئەنفال، مەریەم لە پێش شاڵاوی ئەنفال لە کوڕە مامی مارەدەکرێت، بەڵام لە پڕۆسەی ئەنفال کورە مامەکەی شەهید دەبێت و مەریەم بڕیار دەدات جارێکی تر هاوسەرگیری نەکاتەوە.

ماڵی مەریەم لە شارەدێی ڕزگاریی سەر بە کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە ماوەی دوو ساڵە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی کەرەستە و کەلوپەلی قوربانیانی ئەنفال، ڕێکخەری پڕۆژەکانی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی زیاد فایەق باسی لەوەکرد کە ئامانجی ئەوان لە کردنەوەی ئەم ماڵەدا بۆ ئەوە بووە تاوەکو پارێزگاری بکەن لەم ماڵە چونکە شوێنی حیزبی بەعسی دەوڵەتی عێراقی خوێنڕێژ بووە لەم ماڵەدا خەڵک زیندانی کراوە و ئەشکەنجە دراوە هەروەها بۆ ئەوەی چیرۆکی قوربانیانی ئەنفال لە فەوتان ڕزگار بکەن ئەم ماڵەیان دروست کردووە.

لە سەرەتای قسەکانییدا زیاد فایەق باسی لەوەکرد لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانییەوە تاوەکو ئێستا گرنگی بە پرسی جینۆساید داوە و دوا: "پێمان وابوو ئەو چیرۆکانەی لە ئەنفالدا بوونیان هەیە و ئەو کەسانەی لە شاڵای ئەنفالدا ڕزگاریان بووە، هەر یەک لەو کەسانە خاوەنی چیرۆکی تایبەت بە خۆیانن، پێویستە ئەم چیرۆکانە پارێزگاری لێبکرێت وەک ئەرشیف بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

بۆ ئەو مەبەستە پێویستمان بە ناوەندێک هەبوو بۆ ئەوەی کاری تێدا بکەین، یان ئەو کەلوپەلانەی لە کەسوکاری ئەنفال بە جێماوە بیپارێزین بۆ نەوەکانی داهاتوو یان لە مۆزەخانەیەک هەڵبگیرێن بۆ ئەوەی لە فەوتان بیانپارێزین."

'چیرۆکی ئەوکەسانەی لە ئەنفال بەجێماون لێرەدا ئەرشیف دەکرێت'

وتیشی: "ئەم خانووە کۆنترین خانووی ڕزگارییە، پێشتر شوێنی حیزبی بەعس بووە لێرە خەڵک زیندانی کراوە و ئەشکەنجەدراوە. پێمان باشبوو پارێزگاری لەم خانووە بکەین ئەو چیرۆکانەی لە قوربانیانی ئەنفال بە جێماون لێرەدا ئەرشیفیان بکەین.

کە دەستمان پێکرد کۆمەڵێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان کەلوپەل و کەرەستەی ئەنفالیان هێناوە بۆ ئەوەی لێرەدا بمێنیتەوە. لێرەدا پڕۆژەی تایبەتمان هەیە بۆ وەرگرتنی چیرۆکی ئەو کەسانەی کە لە شاڵاوی ئەنفالدا ڕزگاریان بووە.

'وەک سمبولی وەفا ئێرەمان ناونا ماڵی مەریەم'

لە کۆتایی قسەکانییدا زیاد فایەق چیرۆکی ناولێنانی ماڵی مەریەمی باس کرد و وتی: "مەریەم وەک سمبولی قوربانیدەر و پاڵەوان لای ئێمە تەماشا دەکرێت، چونکە مەریەم پێش شاڵاوی ئەنفال لە کوڕە مامی خۆی مارەدەکرێت، بەڵام لە شاڵاوی ئەنفالدا دەستگیرانەکەی شەهید دەبێت و مەریەم بڕیار دەدات جارێکی تر هاوسەرگیری نەکاتەوە.

دوای ساڵانێک مەریەم تووشی نەخۆشی دەبێت بەداخەوە بەو ئازارەوە کۆچی دوای دەکات. وەک سمبولی وەفا پێمان باشبوو ئێرە ناو بنێین ماڵی مەریەم."