شاعیر و لێکۆڵەر و ڕەخنەگری ناودار، عەزیز نیعمەتی کە بە ناوی ئاڤاشین دەناسرا، لە تەمەنی ٦٦ ساڵی لە شاری ئورمیە کۆچی دوایی کرد. ناوەندی کەلتووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەوروپا بەم بۆنەیەوە پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز نیعمەتی لەدەستدانێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگەی کورد و بەتایبەت زمان و کەلتوور و ئەدەبی کوردی. چونکە مامۆستا نیعمەتی بۆ زمان و لێکۆڵینەوە و کەلتووری کوردستان تێکۆشا".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی ئەم خەباتەیەوە چەندین جار ڕووبەڕووی فشاری دەسەڵاتدارانی ئێران بووەتەوە.
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی عەزیز نیعمەتی دەکات و بەڵێن دەدات شوێنکەوتەی عەزیز نیعمەتی بن تا بەدیهاتنی ئامانج و داخوازییە نەتەوەییەکانی. هەروەها سەرەخۆشی لە گەلی کورد و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و گەلی ئورمیە دەکات.
عەزیز نیعمەتی کێیە؟
نووسەری ئەدەبی عەزیز نیعمەتی لە ساڵی ١٩٥٩ لە گوندی کانی سپی سەر بە شاری شنۆ لەدایک بووە.
نیعمەتی کە لە شنۆ، زمان و ئەدەبی کوردی خوێندووە، لە زانکۆی ئەردەبیلی وەک زمانزان کۆتایی بە خوێندن هێناوە.
لە گۆڤارەکانی سەروا، بەیان، مەهاباد و چەندین گۆڤاری دیکەدا وتاری ئەدەبی نووسیوە.
عەزیز نیعمەتی ناسراو بە ئاڤاشین، کەسێکی دڵگەرم بوو، هەوڵی زۆری دەدا بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کەلتوور و ئەدەبی کوردی.
هەندێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە؛ ئەنتۆلۆژیای چیرۆکە کوردییەکان، شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و لە کتێبەکەی بە ناونیشانی دادگا، وەرگێڕانی چەندین شیعر و چیرۆکی تێدایە.