"پرۆسەی سەرژمێری نابێتە جێگرەوەی مادەی ١٤٠ی دەستور"
د.عومەر مامۆ: رژێمەکانی پێشووی عێراق بەردەوام دوای کۆمەڵکوژییەکانی دژبە کورد و گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان سەرژمێرییان ئەنجامداوە بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد.
د.عومەر مامۆ: رژێمەکانی پێشووی عێراق بەردەوام دوای کۆمەڵکوژییەکانی دژبە کورد و گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان سەرژمێرییان ئەنجامداوە بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) لەگەڵ دکتۆر عومەر مامۆ، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە بابەتی ئامار و سەرژمێری، سەبارەت بە پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر کورد لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ی دەستور "ناوچە جێناکۆکەکان"، هەروەها کاریگەری ئەو پرۆسە چڕە بەعەرەبکردنەی کە هەیە لەسەر ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی گرێدراوی ئەو بابەتە، تاوتوێ کران.
"عێراق زۆر دواکەوتووە لە ئەنجامدانی سەرژمێریی"
سەرەتا د. عومەر مامۆ شارەزا لە ئامار و سەرژمێری بەشێوەیەکی گشتی باسی سەرژمێری لە عێراق کرد و وتی: "ئەمە نۆیەمین سەرژمێری گشتییە لە عێراقدا ئەنجامدراوە، کە یەکەمین پرۆسەی سەرژمیری لە ساڵی ١٩٢٧ ئەنجامدراوە، عێراق زۆر دواکەوتووە لە ئەنجامدانی سەرژمێریی چونکە بۆ حکومڕانی ڕاست و دروست سەرژمیریی پێویستییە و زۆر گرنگە بۆ پەرەپێدانی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە ڕووی گەشەسەندن و بابەتە ناکۆکەکانی ناو کۆمەڵگا و بەتایبەتی بابەتی ناوچە دابڕێندراوەکان، سەرژمیری ئەم ساڵیش ٢٠٢٤ بە ناونیشانەکەی دیارە کە ئامانج لی گەشەسەندنی دانیشتووانە".
"رژێمەکانی عێراق بەردەوام دوای کۆمەڵکوژییەکانی کورد سەرژمێرییان ئەنجام داوە"
هەروەها د.عومەر مامۆ، سەبارەت بە هەوڵەکانی رژێمەکانی پێشووی عێراق بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە سەرژمێرییەکانی عێراق لە ڕێگەی کۆمەڵکوژی و گۆڕێنی دیموگرافیای ناوچە کوردستانییەکان، ئاشکرای کرد: "ئەتوانین ئەم سەرژمێرییەی کە ئەم ساڵ ٢٠٢٤ ئەنجامدراوە ببێتە باشترین سەرژمێژی عێراق لەدوای سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ کە لەسەردەمی حکومەتی پاشایی عێراقدا ڕوویداوە، ئەو سەرژمێریانەی لە ساڵەکانی (١٩٦٤، ١٩٦٧، ١٩٧٧، ١٩٨٧ و ١٩٩٧) بەڕیوەچوون، لەکاتی هەموو ئەو سەرژمێریانە دۆخی کورد لە کەرکوک و ناوچەدابڕێندراوەکان ئاسایی نەبووە، چونکە رژێمەکانی پێشووی عێراق بەردەوام دوای کۆمەڵکوژییەکانی دژبە کورد و گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان و ناوچەدابڕێندراوەکانی وەکو کەرکوک سەرژمێرییان ئەنجام دەدا بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد".
"پرۆسەی سەرژمێری نابێتە جێگرەوەی مادەی ١٤٠ی دەستور"
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەرژمیری بۆسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و جێگرتنەوەی مادەی ١٤٠ی دەستور کە تایبەتە بەو ناوچانەوە، ناوبراو ئاشکرای کرد: "سەرژمیری ئەمساڵ ٢٠٢٤ بەدوور لە بابەتی مادەی ١٤٠ی دەستور کە تایبەتە بە "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان" ئەنجامدراوە، چونکە تاوەکو ئیستا قۆناغەکانی ئاسایی بوونەوەی دۆخی ناوچە دابڕێندراوەکانی جێبەجێ نەکراوە، بۆیە ئەو پرۆسەی سەرژمێرییەی ئەنجامدراوە نابێتە جێگرەوەی مادەی ١٤٠ی دەستور".
"ئەم سەرژمێرییە دەرفەت و هەلە بۆ کوردانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان"
لە درێژەی قسەکانیدا د. عومەر مامۆ وتیشی: "ڕێکەوتنێکی حەوت خاڵی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامدراوە باشترین هەلە بۆ کوردانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کە ناوی خۆیان لە زێدی ڕەسەنی خۆیان تۆماربکەن، چونکە ئەم سەرژمێرییە کاریگەری دەبێت لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو چونکە ماوەی دوو خول و نیوی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگایە، ئەم دۆکیومێنتەی کە لەسەرژمێری ئەمساڵ ٢٠٢٤ تۆمارکراوە گرنگییەکی گەورەی دەبێت و کۆپییەکی دەنێردرێت بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و وەکو دۆکیومەنتێکی مێژووی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکانی خەڵکی کەرکوک دەمینێتەوە".
"ئەتوانین ئاسەواری بەعەرەب کردنی ناوچە کوردستانییەکان بسڕێنەوە"
لە کۆتایی قسەکانیدا د.عومەر مامۆ، تیشكی خستەسەر پرۆسەی بەعەرەب کردنی کەرکوک و "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان" و باسی لەکاریگەری لەسەر پرۆسەی سەرژمێری کرد و ڕایگەیاند: "بێگومان ئەوەی دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ڕوویدا کە حکومەتی عێراق پارێزگارێکی بەوەکالەتی لە نەتەوە عەرەبی بەسەر شارەکەدا سەپاند، پرۆسەیەکی دیکەی بەفراونی بەعەرەب کردن لە کەرکوک بەڕێوەچوو کە کاریگەری گەورەی لەسەر گۆرێنی دیموگرافیای شارەکە هەبوو، بەڵام ئەم ڕێکەوتنە حەوت خاڵییەی کە لەلایەن هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە سەبارەت بە سەرژمێری کەرکوک و ناوچەدابڕیندراوەکان، ئەوە دەتوانین ئاسەواری بەعەرەب کردن و گۆڕینی دیموگرافیای "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان" نەک تەنها لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بسڕینەوە بەڵکو ئەتوانین ئاسەواری دوای ساڵی ١٩٥٧ەوە تائیستا بسرینەوە".
جێگای ئاماژەیە، بۆ یەکەم جار لە دواى ٣٧ ساڵ، سەرژمێریى گشتیى دانیشتوان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە ئەنجامدرا، کە زانیارییەکانى دەبنە بنەما بۆ پلانەکانى داهاتووى وەزارەتى پلاندانانی عێراق لە پرسی بووژاندنەوە و گەشەپێداندا، هەروەها بەگوێڕەى بڕیارى لیژنەى باڵاى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق، ٤٨ کاژمێر دواى سەرژمێرى ئەنجامى بەرایی و لە ١٠ى کانوونى یەکەم ئەنجامى کۆتایی سەرژمێرییەکە رادەگەیێندرێت.