شۆڕش وێژەی مۆدێرنیتەی دێموکراتیکی خوڵقاند

شۆڕشی ڕۆژئاوا بووە هۆی سەرلەنوێ بوژانەوەی وێژە. بەرهەمەکانی بووە هۆی پەرەدانی زانیاری و هۆشیاری کۆمەڵگا و بە چەندین زمان پێشکەش بە گەلان کرا. پێشانگای کتێبی شەهید هەرەکۆڵ هێمایەکی بەهێزی ئەم گۆڕانکاریە.

چەخماخەی ئەو شۆڕشەی کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە کۆبانێ لێدرا، بوو بە وەرچەرخانێک کە مێژوویی شۆڕشی ڕۆژئاوای دیاری کرد. ئەم شۆڕشە تەنیا تێکۆشانێکی سەربازی و سیاسی بەڵکوو پرۆسەیەک بوو کە بووە هۆی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی وێژە، هونەر و هزر. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ئازادی ڕادەربڕین بەجۆرێک سەرکوت دەکرا کە دەرفەتی پێشکەشکردنی نەبوو. نووسەران نەیاندەتوانی ئازادانە بیروڕای خۆیان دەرببڕن. زمانە دەوڵەمەندەکانی گەلان ڕێگرییان لێدەکرا و زمانی فەرمی تەنها بە عەرەبی پێناسە دەکرا. بۆیە ئەگەر بەرهەمەکان لە چوارچێوەی عەرەبی نەبوایە نەک هەر کارەکانیان قەدەغە دەکرا بەڵکو لە هەمان کاتدا دەناسوتاندن و کۆیان دەکردنەوە و نووسەرەکانیان دەستگیر دەکرد و بەم شێوەیە بێدەنگیان دەکردن. بەڵام بە شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەم یاسا سەپێنراوانە شکان و تێگەیشتنێکی نوێی لە وێژە سەری هەڵدایەوە، جیهانێکی نوێ دەوڵەمەند بە بیرۆکە و زانیاری کۆمەڵایەتی نوێیەوە سەری هەڵدا. ئێستا نووسەران بە ئاسانی دەتوانن بەرهەمەکانیان بنووسن و پێشکەشی گەلەکەیان بکەن. بەتایبەت بە بینینی پێشانگای کتێبی شەهید هەرەکۆڵ سەرەنجمان دەکەوێتە سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا.

پێشانگای کتێبی شەهید هەرەکۆڵ بۆ یەکەم جار لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠١٧ کرایەوە. ئه م پێشانگایه بۆته شوێنی کۆبوونەوەی هۆگرانی وێژە و ئەمساڵ بۆ هەشتەمین جار دەرگاکانی کرایەوه پێشانگای ئەمساڵ لە ١٥ی تشرینی یەکەم بە دروشمی "خوێندنەوە دەکەینە بەشێک لە شێوازی ژیان" و دوای چوار مانگ پرۆسەی ئامادەکاری بەڕێوەچوو. ٥٤ دەزگای چاپ و بڵاوکراوە و ئەدەبی کە بە زیاتر لە ١٥هەزار ناونیشانیانەوە تێدا بەشدارییان کردووە و بەگشتی ١٤٣هەزار کتێبیان پێشکەش بە خوێنەران کردووە. زۆرێک لە دەزگاکانی چاپ وپەخش و نووسەران لە باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها سوریا، لوبنان، عێراق و بەلجیکا، بریتانیا و میسر. کوەیت و ئیمارات لەم فێستیڤاڵە ئەدەبییە پڕ جۆش و خرۆشدا کۆبوونەوە و بە چەندین زمانی کوردی (کرمانجی و سۆرانی)، عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی، ڕووسی، فەڕەنسی، سریانی، ئەرمەنی و ئەڵمانی؛ چیرۆک، ڕۆمان، شیعر، سەرکێشی، شانۆ، خوێندن، فەلسەفە، زانستە کۆمەڵایەتیەکان، سیاسەت، مێژوو، زمان، ڕێزمان، فەرهەنگ، کتێبی منداڵان، بەرهەمەکانیان پێشکەش کرد.

زیادبوونی بەرهەمە کوردییەکان

نزیکەی نیوەی ئەو کتێبانەی لە پێشانگای ئەمساڵدا پێشکەش دەکرێن بە زمانی کوردین. جگە لەوەش نزیکەی نیوەیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نووسراون، ئەمەش سەرەنج دەخاتە سەر بەرهەمی کولتووری ناوچەکە. لەم پێشانگایەدا بەرهەمی ژنە نووسەرەکانیش جێگەیەکی تایبەتی هەبوو. لە سەدا ٢٥ی ئەو کتێبانەی کە پێشکەش کراون لەلایەن نووسەرانی ژنەوە نووسراون، ئەمەش جەخت لەسەر گرنگی ژن لە بەرهەمە ئەدەبیەکان دەکاتەوە. به بەراوەرد له گەڵ ساڵانی ڕابردوو، بەشدار بوونەکان لە هەموو بوارێکەوە زیادی کردووە. کتێبەکانی ڕێبەر ئاپۆ بە ناوی شارستانیەتی خوداوەندە دەمامکدارەکان و سەردەمی پاشا داپۆشراوەکان، شارستانیەتی سەرمایەداری: خوداوەندە بێ دەمامکەکان و سەردەمی پاشا رووتەکان، کۆمەڵناسی ئازادی، قەیرانی شارستانیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەری شارستانیەتی دیموکراتیک، چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک: پاراستنی کورد لە دەستی کۆمەڵکوژی کولتووری لە ٥ بەرگدا لە پێشانگاکەدا خراوەتە بەردیدەی خوێنەران.

چاپ و پەخشی ئەکادیمیای ژنولۆژی، دەنگی دلێری ژنە نووسەرەکان لە بەشی وێژەدا زیاد کرد. هەر لەو پێوەندییەدا بەرهەمەکانی زۆزان سیما بەناونیشانی "یادداشتەکانی وانەکانی ژنولۆژی"، بەرهەمێکی ناگیهان ئاکارسەل بە ناوی "خۆەلی" و کتێبی  "بەرخۆدانا زەرییان" لە نووسینی ڕۆژبین دەنیز و چەندین بەرهەمی دیکە، لە پێشەنگاکەدا خراونەتەڕوو. ئەم بەرهەمانە کە لەلایەن نووسەرانی ژنەوە نووسراون، گوزارشت لە یادەوەری و بەرخۆدانی بەکۆمەڵ دەکەن. هەروەها هەر کتێبێک ناوەڕۆکە گرنگەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی جێندەری لەخۆدەگرێت. ئەمانە نیشاندەری ئەوەیە کە وێژە لە ڕاستیدا دەتوانێت ئامرازێکی تێکۆشان بێت.

هەروەها بۆ یەکەمین جار ڕێکخراوی زمانی کوردی بە ١١بەرهەمیەوە بەشداری پێشانگای کتێبی شەهید هەرەکۆڵی کرد کە ڕۆڵێکی گرنگی لە بواری بەهێزکردنی ڕۆشنبیری و ئاکادیمیەوە دەبێت لە گەشەسەندنی زمانی کۆمەڵگا و بە ئامانجی گواستنەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکان و پەرەپێدانی زمانی کوردی.

بەشی منداڵانیش خواستێکی زۆری لەسەر بوو

بە ئامانجی پەروەردەی نەوەیەکی نوێ و پەیوەست بە پرەنسیپە دروستەکانەوە، بەشێک بۆ منداڵانیش لە پێشانگاکەدا تەرخانکرابوو، کە گۆڤار، کاریکاتێر و چیرۆکیش سەبارەت بە منداڵان لەخۆ دەگرێت. هەروەها بەرهەمەکانی وەک؛ ژیانی کۆمەڵایەتی، ئاشتی، دادپەروەری، دیموکراسی و یەکسانی، سەرنجی منداڵانی بۆ لای خۆیان ڕادەکێشا. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی منداڵان گرنگییەکی زۆر بە پێشانگاکە بدەن.

بیرۆکەکان لە ڕێگەی سیمینار و پانێڵەوە بەهێزتر کران

پێشانگای کتێبی شەهید هەرەکۆڵ جگە لەوەی سەکۆیەک بوو بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمەکان، بوو بە ناوەندی گفتوگۆی دەوڵەمەند لە بواری ئەدەبیەوە. سیمیناری وەک "ئەدەبی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕەخنەی ئەدەبی"، "قۆناغی نوێی ڕۆمانی سوریا و کاریگەریی شەڕ" و "مێژووی ئەدەبی کوردی" دەرفەتێکی گەورە بوون بۆ بەشداربووانی پێشانگاکە. لە سیمینارەکەدا باس لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانیش کرا. هەروەها پانێڵێک لە ژێر ناوی "دۆخی ئێستا و ڕوانگەی نەوەی نوێ" بەڕێوەچوو. لەم پانێڵەدا کە بۆ پەرەپێدانی ئەدەب گرنگیەکی خۆی هەبوو، باس لە داهاتووی ئەدەبیش کرا. ئەمانە هەنگاوی گرنگن لە پەرەپێدانی ئەدەب و دەوڵەمەندکردنی جیهانی بیرمەندی بەشداربووان.

پێشانگای کتێبی شەهید هەرەکۆڵ کە لە ٢٢ی تشرینی یەکەم کۆتایی دێت، لە ٢٠١٧وە بە یادی نووسەری شۆڕشگێڕ شەهید هەرەکۆڵ (حسێن چاوەش) بەڕێوە دەچێت.