تیپی شانۆیی هاوڕێیانی گەزیزە لە مەراسیمێکدا درامای خوێنی هەناری ڕاگەیاند

لە هۆڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانی، تیپی شانۆیی هاوڕێیانی گەزیزە، سێ لە تازەترین بەرهەمەکانی ئەکتەر و دەرهێنەری کورد، ڕاژان داڵی نمایشکرد.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، لە هۆڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، لەلایەن تیپی شانۆیی هاوڕێیانی گەزیزەوە، لە مەراسیمێکی شایستەدا سیان لە بەرهەمەکانی ئەکتەر و دەرهێنەری لاوی کورد، ڕاژان داڵ نمایشکرا.

بەرهەمەکان خۆیان لە نمایشکردنی کورتە فیلمێک بە ناونیشانی 'سەگی برسی' و ڕاگەیاندنی درامایەک بە ناونیشانی 'خوێنی هەنار' و بڵاوکردنەوەی کتێبێکی وەرگێڕدراوی ئەکتەری بەناوبانگ مایکل کێن بە ناونیشانی 'نواندن لە سینەما'دا دەبینییەوە.

سەرجەم بەرهەمەکان لەلایەن ڕاژان داڵ کاری بۆ کرابوو، بە بەشداری چەند ئەکتەر و موزیسیان و دەرهێنەرێکی تر.

سەرەتای مەراسیمەکە، بە ئامادەبوونی گەزیزە عومر و ڕاژان داڵ و نەورۆز تەنیا و ئەشکان چاوشی، گفتوگۆیەک سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە و زانستی نواندن و ناوەڕۆک و ژانری دراماکە کرا، هەروەها لە گفتوگۆکەدا ئاماژە بە گرنگی مۆسیقا لە هونەری سینەما و شانۆدا کرا و سینەما و شانۆ بە بێ موزیک وەک دیمەنێکی ناتەواو هەژمارکرا.

جێگای باسە لە مەراسیمەکەدا چەندین کەسایەتی و ئەکتەر و شانۆکاران بەشداربوون و تا کۆتایی مەراسیمەکە بە تامەزرۆییەوە تەماشای چالاکییەکانیان دەکرد.

کۆتایی مەراسیمەکە کورتە فیلمی 'سەگی برسی' نمایشکرا، ناوەڕۆکی فلمەکە باسی لە گرنگی ئازادی و کلتوری جوانی کوردەواری دەکرد، کە دەستی ڕەش و نەگریسی داگیرکەران دەیانەوێ بیسڕنەوە.

هەروەها درامای 'خوێنی هەنار' ڕاگەیەندرا.