یلماز: هێرشەکانی سەر زمان و کولتوری کوردی زیاتربووە

ئەرجان یلماز هاوسەرۆکی ئیهەدەی ئامەد باسی لەوەکرد هێرشەکانی سەر کولتوور و زمانی کوردی لەسەربنەمای عەقڵیەتی یەک-پەرستییە و ئەم هێرشانە ڕوو لە زیادبوونن.

کولتوور و زمانی کوردی خاوەنی مێژوویەکی هەزاران ساڵەن، میراتێکی دەوڵەمەندی رەسەنە، بەڵام وێڕای ئەمەش سەدان ساڵە کولتوور و زمانی کوردی لەژێر هێرشی سیاسەتی تواندنەوەیە. ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی 'شەڕی تایبەت'دا لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا لە کوردستان و تورکیادا زۆر زیاتربووە و لە ئاستی دووژمنایەتیدا بەرامبەر گەنجان کە بە زمانی شیرینی کوردی گۆرانییەکان دەڵێنەوە هێرشەکان ئەنجام دەدرێت، لە دەستگیرکردنی گەنجان و هەڵکوتانەسەر دامەزراوە کولتوورییە کوردییەکاندا بەردەوامن. ڕوونە لە پشت ئەم هێرشانەوە عەقڵێتی تواندنەوە و نەژادپەرستی دەسەڵاتداری فاشیزمی ئاکەپە-مەپەهەوە هەیە. لەو بارەیەوە هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە)ی لقی ئامەد ئەرجان یلماز بۆ ئاژانسەکەمان قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا سەرچاوەی ئەم هێرشانە دەگەڕێتەوە بۆ دەستوری بنچینەیی کاتی دامەزراندی دەوڵەتی کۆماری تورک لە ١٩٢١ەوە بەمەبەستی بە یەک-جۆرکردنی کۆمەڵگە بەردەوامە.

یلماز سەرنجی خستەسەر بەردەوامی هێرشە نەژادپەرستییەکانی دەوڵەتی کۆماری و ئاماژەی بەوەدا ئەم هێرشانە بە تایبەت لە ساڵی ١٩٩٠ەوە کاتێک کوردان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا لە تێکۆشاندا بوون، بە ئامانجی تواندنەوە و لە ناوبردنی کوردان ئەم هێرشانە زیاتر بوون و تا ساڵی ٢٠١٢ بە چڕییەوە بەردەوامی هەبوو.

لە سەرەتای قسەکانیدا یەلماز ئاماژەی بە قۆناغی دانوستاندنەکانی چارەسەری ئاشتیانە کرد کە بووە دەرفەتێک بەوەی لە نێو تەواوی کۆمەڵگەی تورکیادا گفتوگۆ لەسەر هەبوونی کورد بکرێت و وتی: "بەداخەوە لە دوای ساڵی ٢٠١٥ەوە دیسانەوە قۆناغی شەڕ دەستیپێکردەوە، هێرشە نەژادپەرستییەکانی سەر گەلی کورد سەریهەڵدایەوە و لە چوارچێیوەی هێرشە کولتوورییەکاندا عەقڵێتی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییە فرەزمانییەکان دەستپێکرد و بە ئێستاشەوە بەردەوامە."

'دەسەڵاتداری ئاستەنگی بۆ ئاخاوتن بە زمانی کوردی دروستەکات'

لە بەردەوامیدا یلماز وتی: "بابەتی زمانی دایکی کوردی لە تورکیادا بابەتی هابەشی هەموو کوردانە. خەباتی کوردان بۆ لابردنی ئاستەنگیەکانی بەر ئاخاوتنی زمانی کوردییە لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا. پێویستە دەسەڵاتداری گوێ بە دواکاری کوردان بدات، کەچی بە پێچەوانەوە دەسەڵاتداری ئاستەنگی بۆ ئاخاوتن بە زمانی کوردی دروستدەکات."

'نابێت بە عەقڵیەتی نەژادپەرستییەوە نزیکی بابەتی زمانی کوردی ببنەوە'

لە کۆتایی قسەکانیدا یلماز شەرمەزاری نزیکایەتی عەقڵێتی نەژادپەرستی بەرامبەر بە زمانی کوردی کرد و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "سەدان ساڵە ئەم عەقڵێتە نەژادپەرستییە بەردەوامە، سەیرە کاتێک وەزیرەکانی حکومەت دێنە شارە کوردییەکانەوە دان بە راستی و حەقیقەتی کوردییانەی هەرێمەکەدا دەنێن، باس لە کەسایەتی بیرمەند، نوسەر و زانا کوردییەکان دەکەن، کەچی دواتر هێزەکانیان هێرش دەکەنەسەر کولتوور و زمانی کوردی. سیاسەتی ئێرە پراگماتییکەیە و ڕۆژانە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا دەیگۆڕن، بێگومان ئەزموونێکی زۆرمان هەیە، ئەم سیاستە خزمەتی چارەسەری ناکات و نابێت بەو شێوەیە نزیکی زمانی کوردیی ببنەوە."