ئەنجومەنی سەربازی منبج: لە دەروازەی شارەکە شەڕێکی قورس لە ئارادایە

ئەنجومەنی سەربازی منبج رایگەیاند کە لە ٣ بەرەی شارەکەوە شەڕێکی دژوار لە ئارادایە. ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "شان بە شانی گەلەکەمان هێرشەکان تێکدەشکێنین".

ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی منبج لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، دوایین دۆخی هەرێمەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە،

"لەماوەی ١٢ رۆژی رابردوودا و ئەو رووداوانەی لە سوریا هاتنە ئاراوە، چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە پشتیوانی ئاسمانی داگیرکەری بە دەیان هێرشیان کردە سەر هەرێمی منبج و دەوروبەری. ئەو هێرشانە هەموویان لە لایەن هێزەکانی منبج و ئەل-بابەوە تێکشکێندران.

چەتەکان لەم دوو رۆژەی دواییدا لە هەموو بەرەکانی منبجەوە هێرشەکانیان زیاد کردووە. ئێستا لە بەرەی تۆخار تا بەرەی عەین دادات، عەرەب حەسەن و ئەل ئەریما لە نێوان شەڕڤانانمان وچەتەکاندا شەڕێکی دژوار لە ئارادایە.

ئەمرۆ لە دوانیوەڕۆدا چەتەکان بە پشتیوانی ئاسمانی سوپای تورکی داگیرکەر و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش لە دەروازەی باشوری شارەکە پێشڕەویان کرد و ویستیان گوشاری دەرونی سازبکەن، بەڵام کەوتنە بۆسەی هێزەکانمان. هەروەها هەندێک شانەی نوستووی چەتەکان بە ئامانجی پەستان و گوشاری دەرونی لەسەر گەل و باوکردنەوەی ترس و تۆقاندن، کەوتنە جموجۆڵەوە. ئێستا لە دەروازەی باشوری شارەکە پێکدادان بەردەوامە.

ئەنجومەنی سەربازی منبج کە بۆ پاراستنی هەرێمەکە لە هەموو رێکخراوە تیرۆریستیەکان بە هەزاران قوربانی داوە، لەو بڕوایەدایە کە شەڕڤانانی لەگەڵ گەلەکەیان لە دژی چەتەکانی داعش و رێکخراوە تیرۆریستیەکانی دیکە شان بە شان تێدەکۆشن و ئەو هێرشانە پوچەڵ دەکەنەوە".