زویرخ؛ دوانزەیەمین فێستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز ڕێکدەخرێت

دوانزەیەمین فێستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز لە ڕۆژی ٢٨ـی حوزەیران لە زیورخ بە مەبەستی ڕێکخستنی ژنان و پشتیوانی کلتووریی بەڕێوە دەچێت.

فێستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز کە بۆ یادی یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە ساکینە جانسز (سارا)یە، ئەمساڵ بۆ دوانزەیەمین جار بەڕێوە دەچێت. فێستیڤاڵەکە لە شاری زیورخی سویسڕا لە ڕۆژی ٢٨ـی حوزەیران لە گۆڕەپانی کاسێرناریال بە درووشمی 'بە ژن، ژیان، ئازادی ڕێکخستنی دیموکراسی بونیات دەنێین' ژنان لە یەکترکۆدەکاتەوە.

یەکێتی ژنانی کورد لە سویسڕا (یەژەکە-سە) بەهاوکاری چەند دامەزراوەیەکی تری ژنان بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە لەئەستۆ دەگرێت، لە ئێستادا ئامادەکارییەکان بۆ فێستیڤاڵەکە بەردەوامە.

شەش ئەنجوومەن، پێنج کۆمۆن و پێنج دەستپێشخەریی سەر بە یەژەکە-س بانگەوازی فێستیڤاڵەکە و بەشێکی زۆری ئامادەکارییە تەکنیکییەکانیان تەواو کرد.

ژنان بەگوێرەی ئەو ناوچانەی لێی نیشتەجێن، پۆستەر بڵاودەکەنەوە و باگهێشتی خەڵک دەکەن کە سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن. هەروەها سەردانی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان لە سویسڕا دەکرێت و بانگەوازیی بۆ پاڵپشتی لە فێستیڤاڵەکە دەکرێت.

هاوکات ناوی هونەرمەندانی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە راگەیاندران؛ هونەرمەند ساسا سەراب، ژاڵە، زەیفە زێڕین، گوڵان، سڵاڤ ڕۆژاڤا، گروپەکانی ئاوازێ میترا و ئەربانێی سەر بە تەڤگەری کلتووریی مزگین بەشداریی دەکەن. هەروەها گروپی سەمای ژنان و گروپی هەڵپەڕکێ کوردیی سویسڕاش ڕەنگێکی جیاواز بە فێستیڤاڵەکە دەبەخشن. وەک هەر ساڵێک خێمەی گۆرانیبێژانی ژنیش دادەنرێت.

بۆ منداڵان جێگای یاریکردن دابیندەکرێت و ستاندی 'زارۆک ما'شی لێ دەبێت. هەروەها ستاندی خواردن و زانیاری دەربارەی ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ سەردانکەرانی فێستیڤاڵەکە دادەنرێت.