١٤ی تەممووز خاوەنداریەتی لەناسنامەی مرۆڤبوونە
كێ و چۆن دژایەتی پەكەكە بكات، ئەوا لەحەقیقەتدا دژایەتی ژن و مرۆڤی ئازاد و كۆمەڵگەی ئەخلاقی دەكات. هۆكار چی دەبێت باببێت، دژایەتی پەكەكە، دژایەتی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی ئازادە.
كێ و چۆن دژایەتی پەكەكە بكات، ئەوا لەحەقیقەتدا دژایەتی ژن و مرۆڤی ئازاد و كۆمەڵگەی ئەخلاقی دەكات. هۆكار چی دەبێت باببێت، دژایەتی پەكەكە، دژایەتی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی ئازادە.
پەكەكە پارتی شەهیدانە و شەهیدانیش خاوەنی راستەقینەی ئەم وڵاتەن. ئەمە وتەیەكی رێبەر ئاپۆیە. رێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ بۆ ئەوەی خاوەنداریەتیەكی راستەقینە و دروست لەشەهیدان و رێبازەكەیان بكەم، هەوڵدەدەم رێبەرایەتیەكی باش بكەم و ئامانجەكانیان بگەهێنمە سەركەوتن. خاوەنداریەتی راستەقینەش لەشەهیدان بەردەوامی دانە بەڕێ و رێباز و ئامانجەكانیان، ئەوەش تەنیا بەسەركەوتن دەتوانێت پراكتیزە و مسۆگەر بكرێت.
لەساڵانی ١٩٨٠لەباكوری كوردستان و توركیا كودەتای سەربازی پێكهات. ئەو كودەتایەش لەبەرامبەر بە كوردان، هێڵی ئیسلامی وڵاتپارێز و چاندی و بزوتنەوەی چەپ پێكهات. ئەوەش تەنیا لەبەرئەوەی ئەو سێ هێڵە لەبەرامبەر بەسیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری خۆڕاگریان دەكرد و ملكەچی سیستەم نەدەبوون. بەهەمانشێوە لەئێران لە ١٩٧٩ شۆڕشی گەلانی ئێران كە پشتڕا بەشۆڕشی ئیسلامی گۆڕدرا سەریهەڵدا و هاتەئاراوە. لەوێشدا بەپێچەوانەوە لەبەرامبەر بەهێڵی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بزوتنەوەی چەپ و نەتەوەپارێزەكان و مەزهەبگەرا كەلتوریەكان و كوردان سەریانهەڵدابوو.
كۆدەتای سەربازی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠و دەركردنی باری نائاسایی و یاسایی عەسكەرتاریەتی كودەتاكە، قۆناخێكی زەبر و زەنگی لەباكوری كوردستان و توركیا لەگەڵ خۆیدا هێنایە ئاراوە. بەهەزاران شۆڕشگێڕ دەستگیر و لەزیندانەكان بەند كران، بەهەزاران وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان بەختكرد، بەهەزاران كەس شوێن و واری خۆیان بەجێ هێشت. بەهەزاران گوندیان چوڵ و ئاگر تێبەردا و بەهەزاران كەسیان كۆمەڵكوژ كرد. لەو كەشە وەحشەت و بێ دەرەتانی و بێ دەرفەتیەدا، بەرخۆدان كردن و خاوەنداری كردن لەناسنامە وەك بابەتێكی مەحاڵ و ناموممكن دەبینرا، بەڵام لەهەمانكاتدا لەزیندانەكانی توركیا و باكوری كوردستان بەتایبەتی لەزیندانی ئامەد شەهیدانی بەرخۆدانی نەتەوەیی و روومەت؛ شەهید"كەماڵ پیر، محەمەد خەیری دورموش، عەلی چیچەك و عاكیف یەڵماز"دەست بەمانگرتن لەخواردن و رۆژوی مردن دەكەن و لەزینداندا چۆك بەدوژمن دەدەن؛ چونكە كودەتای سەربازی بێ ناوەڕۆككردنی نۆرم و كاراكتەرە مرۆییەكان و بەكۆمەڵگەبوونی تاك و دەرخستن لەمرۆڤ بوون و ملكەچكردنی شۆڕشگێڕانی توركیا و باكوری كوردستان و گەلی كورد و ئیسلامگەرا وڵاتپارێزەكان بوو. هەر بۆیەش بەرخۆدانی شەهیدانی روومەت تەنیا پێداگری كردن نەبوو لەناسنامەی پارتیەك؛ بەڵكو لەهەمانكاتدا پێداگری و خاوەنداریەتی كردن بوو لەناسنامەی مرۆڤبوون و ژیانی ئازاد. لەبەرامبەر بەسەپاندنی بێ ناسنامەیی، خاوەنداریەتی لەئاستێكی هەرە بڵنددا بەرخۆدانیەكی مێژوویی پێشدەكەوێت.
زیهنیەتی داگیركەری دەوڵەتی توركی فاشیست لەزیندانەكان دەیەویست ئیرادە تێكبشێكێنێت. زیندانی وەك شوێنی تێكشكاندنی ئیرادە، باوەڕی و رووخانی كەسایەتی دەبینی؛ بەڵام لەبەرامبەردا شەهیدانی بەرخۆدانی روومەتی نەتەوەیی لەزیندانی ئامەد ئیرادەیەكیان بونیاد نا كە تا رۆژی ئەمڕۆ پەكەكە لەسەر ئەو ئیرادە و باوەڕیەی كە لەكەسایەتی شەهیدان بەرخۆدانی زیندانی ئامەد بونیاد نراوە، بەڕێوە دەچێت و برەو بەتێكۆشان و خۆڕاگری خۆی دەدات و هاوچەشنی زەریا و رووبار لەشەپول و هاژە ناوەستێت و لەسەختترین هەلومەرجەكاندا، بچووكترین دەرفەت وەك دەرەچەیەك بۆ سەركەوتن و قەڵەمبازێكی نوێی تێكۆشان لەگۆڕەپانی رێكخستنی، سەربازی، سیاسی و دیبلۆماسی و پەیوەندیەكاندا بەكاردێنێت و وەرچەرخانی مەزن دەخوڵقێنێت. لەسەر ئەو بەرخۆدانە مێژوویەیە كە شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان پێكهاتووە و لەسەر هەمان هێما و وەرچەرخانی نەتەوەیی و خۆڕاگری مێژووییە كە پێش بەفەرمانی حەفتاوچوارەمینی سەر گەلەكەمان"ئێزیدیەكان"لەشەنگاڵ گیرا.
خاوەنداریەتی لەناسنامەی پەكەكە، خاوەنداریەتی لەناسنامەی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتیە؛ چونكە پەكەكە پارتیەكە پێداگری لەسەر نرخەكانی مرۆڤبوون، وڵات و وڵاتپارێزی و گەل دەكات، سمیبۆلی خۆڕاگری هەزاران ساڵەی سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموكراتیكی گەلانی ناوچەكە و جیهانە. هێڵی بەرخۆدانی كوردی ئازادە كە ئەمڕۆكە لەهەرێمەكانی زاپ و ئاڤاشین و گارێ و خواكوورك و مەتینا و وەرخەلێ بەڕێوە دەچێت و پێش بەداگیركەری دەوڵەتی تورك و فاشیزم و دەسپۆتیزم و دیكتاتۆریەتی ملهوڕی سیستەمی سەرمایەداری دەگرێت.
بەرخۆدانی مێژوویی، سەركەوتنی مێژوویی مسۆگەر دەكات
لەسەر بنەمای بەرخۆدانی مێژوویی شەهیدانی روومەتی نەتەوەیی هەنگاوەكانی ئەرتەش بوون و جەنگی گەریلایی لەكوردستان هەڵكشاو و قەڵەمبازی پانزدەی تەباخ دەبێت بەبەرهەمی ئەو خۆڕاگریەی زیندانەكانی باكوری كوردستان و بەتایبەتی زیندانی ئامەد. لەبەرامبەر بەهێڵی تەسفیەكاری لەزینداندا، هێڵی بەرخۆدانیەك كە شەهید مەزڵووم دۆغان پێشی خستووە و بەدروشمی بەرخۆدان ژیانە مەشغەڵی ئاگری نەورۆزی بڵندكرد و بە بەرخۆدانی شەهیدانی روومەتی نەتەوەیی گەشتر و گوڕتر دەبێت و دەبێت بەبەرخۆدانیەكی هەمەگیر و كۆمەڵگەیی. ئەو بەرخۆدانیەی زیندان، لەگەڵ قەڵمبازی شەڕی گەریلایی و بەئەرتەش بوونی گەریلا، پێشی بەقڕكردن و لەناوبردنی گەلی كورد و ئازادیخوازانی توركیا و باكوری كوردستان گرت. ئەو بەرخۆدانە، هێزێكی لەبن نەهاتوو و ئیرادەیەكی پۆڵاینی ئافراند، بۆیە دەڵێن پەكەكە؛ پارتی ئیرادە، باوەڕی و جەسارەت و بەرخۆدانە لەسەخترین و دژوارترین هەلومەرجەكانی ژیاندا.
شەهیدانی بەرخۆدانی زیندان، نرخیان ئافراند. ئەو نرخەشیان بەقوربانی كردنی جان و گیانی خۆیان ئافراندوە. بۆیە پەكەكە، پارتیەكە لەبەرزترین ئاستدا خاوەنداریەتی لەنرخەكانی خۆی دەكات و لەسەر نرخێك كە شەهیدان ئافراندویانە، رۆژبەڕۆژ لەمەزنبووندایە. مەزنایەتی پەكەكە، بەهۆی خاوەنداریەتی كردنە لەناسنامەی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی كە وەك پێوان و پرەنسیپی هەرە بنچینەیی خۆی هەڵیبژاردوە. ئەو بەرخۆدانە مێژووییە لەئێستادا نوێنەرایەتی بەرخۆدانی ئازادی و دیموكراتی و ئەخلاقی ئازادیخوازان لەتوركیا بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوین و جیهان دەكات. پەكەكە نوێنەری راستەقینەی نرخە هاوبەشەكانی گەلان و مرۆڤایەتی ئازادیخواز و بەڕوومەت و كەرامەتە. بۆیە خاوەندەركەوتن لەپەكەكە، خاوەنداریە لەناسنامەی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتیە لەبەرزترین ئاستەكانی ژیانی ئازاد دا. بۆ گەلی كوردیش خاوەنداریەتی لەناسنامەی پەكەكە، خاوەنداریەتی كردنە لەتێكۆشانی رزگاریی نەتەوەیی ـ دیموكراتیك و ئازادیخوازی گەلی كوردە لەبەرامبەر بەهێڵی رادەستبوو و خیانەتكار و تەسفیەچی و ملكەچبوو بەلۆژیك و مەنتالیتەی دەوڵەتی داگیركەر و فاشیستی تورك و هێڵی خیانەتكاری كوردی رادەستبوودا.
پەكەكە ئیدی بووەتە راستیەكی حاشاهەڵنەگر، كەس ناتوانێت ئەو راستیە ئینكار و لەبەرچاو نەگرێت. راستینەیەكی مێژووییە كە سەركەوتنی مێژوویی ئافراندوە و ئەویش تاكی ئازاد و كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك و بەئەخلاقە لەسەر هێڵی ئازادی ژنە. كێ و چۆن دژایەتی پەكەكە بكات، ئەوا لەحەقیقەتدا دژایەتی ژن و مرۆڤی ئازاد و كۆمەڵگەی ئەخلاقی دەكات. هۆكار چی دەبێت باببێت، دژایەتی پەكەكە، دژایەتی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی ئازادە.
هـ. ب