١٤ی تەمموز داستان، کولتوور، عەقڵیەت و ئەدەبی بەرخۆدانە
دەنگی "بەرخۆدان ژیانە" ئاوازیی سەرکەوتن و بەرخۆدانی خۆی دەڵێتەوە، سەما بۆ ئازادی دەکات و ئەو سەمایە هەزاران کوردی لە خەوێکی قووڵدا بەئاگا هێنایەوە.
دەنگی "بەرخۆدان ژیانە" ئاوازیی سەرکەوتن و بەرخۆدانی خۆی دەڵێتەوە، سەما بۆ ئازادی دەکات و ئەو سەمایە هەزاران کوردی لە خەوێکی قووڵدا بەئاگا هێنایەوە.
٤٣ ساڵ بەسەر ڕۆژووی مەرگدا تێدەپەڕێت، ئەو چالاکییەی کە دیواری داگیرکاری لە ڕەگەوە هەڵوەشاندەوە و بوو بە ڕێگای زیندووبوونەوە بۆ هەموو مرۆڤە چەوساوەکان. ١٤ی تەممووز بوو بە ئیلهامی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە لە ١٩ی تەممووز دا لە کۆبانێەوە دەستی پێکرد و پریشکی خۆی بە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بڵاوکردەوە.
لە ساڵی 1982 پێشەنگەکانی پەکەکە، م.خەیری دورموش، کەماڵ پیر، عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەک، لە ئامەد لە دژی هەر جۆرە ئەشکەنجەدان و کارێکی نامرۆڤانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە 14ی تەمموزی 1982 دەستیان بە بەڕۆژووی مەزنی مەرگ کرد. ئەو ڕۆژەووە ڕێگای سەرکەوتن و ئازادیی لە دژی سیاسەتی کۆمەڵکوژیی کردەوە.
شۆڕشی ڕۆژئاوا بەرهەمی بەرخۆدانی زیندانە
ئەم چالاکییە مەزنە دڕندەیی فاشیزمی بەرامبەر کورد نیشان دا و لە هەمان کاتدا تێکۆشان و ئیرادەی کەماڵ پیر و هەڤاڵانی ڕێبازی تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردستانیان ڕوون کردەوە. هەروەها ڕۆژووی مەرگ زۆر دەستکەوتی بەدوای خۆیدا خوڵقاندووە. یەکێک لەو دەستکەوتانە شۆڕشی ڕۆژئاوایە. ئەم شۆڕشە بۆتە مۆدێلێک لە هەموو جیهان و چاوی هەموو جیهان لەسەریەتی. ئەم بەرخۆدانە لە زیندان، بوو بە دەستپێکی شۆڕشی ڕۆژئاوا.
پەیامی "بەرخۆدان ژیانە" دڵی ئامەدی خستە لێدان و کوردی لە خەوێکی قورس بەئاگا هێنایەوە
ئەگەر ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێک بەرخۆدانێکی گەورە هەیە، ئەمە دەرئەنجامی بەرخۆدانی زیندانیانی ١٤ی تەممووزە. کاتێک باس لە بەرخۆدانی زیندان دەکرێت، مەزڵوم دۆغان، کەماڵ پیر، محەممەد خەیری دورموش، عاکیف یەڵماز، عەلی چیچەک، فەرهاد کۆرتای، نەجمی ئۆنەر، مەحموود زەنگین، ئەشرەف ئانیک و (شەوی چواریاران) دێنەوە بیری مرۆڤ. هەڤاڵ مەزڵوم دۆغان وتی: "ژیانێکی ئازاد بە بەرخۆدان دروست دەبێت، تەسلیمیەتیش دەبێتە هۆی خیانەت. بە هاواری "بەرخۆدان ژیانە"، خۆر لە هەموو کوردستانەوە هەڵهات و بووە هۆی شۆڕشێکی هەمە لایەنە. ئەم شۆڕشە پێگە و پەیکەری داگیرکەری هەژاند و لەناوی برد.
کورد کە لە خەوێکی قوڵدا بوو، هەستا و بەرەو پێشوازی بەرخۆدان ڕۆیشت، لەگەڵ ڕۆژووی مەرگدا زەنگی بەرخۆدان لە هەر ژوورێکی تاکە کەسیدا لێی درا و هەر کوردێکی لە خەو هەستاند و دەستیان بە شۆڕش کرد و ڕێگای "بەرخۆدان ژیانە"یان هەڵبژارد.
دوای کودەتا فاشیستییەکەی ١٢ی ئەیلول، لە زیندانی ئامەد هەموو جۆرە تاوانێک بۆ لەناوبردنی هیوای ئازادیی گەلی کورد بەڕێوە چوو. بەڵام ئەوەی ڕوویدا، بەرخۆدانی ئەفسانەویی بە ڕێبەرایەتی ئەندامانی پەکەکە چووە ناو لاپەڕەکانی مێژووەوە.
زیندانی ئامەد یەکێکە لەو زیندانانەیە لە جیهاندا کە بە دڕندەیی ناسراوە. ئەگەر سەیری مێژووی کۆمەڵکوژیی بکەین، یەکەم گروپ کە دێتە بەرچاومان کوردن. کورد گەلێکە بە درێژایی مێژوو بەرەنگاری هەموو جۆرە تاوانێک بووەتەوە؛ بەرخۆدان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و سەرهەڵدان و تۆڵەسەندنەوە بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتن لە پەرەسەندنە.
سەرچاوەی ئیلهامی بەرخۆدانی گەریلا لە "بەرخۆدان ژیانە"ـەوە سەرچاوە دەگرێت
١٤ی تەممووز ئێستا بۆتە داستان، چەمک، کولتوور و ئەدەبی بەرخۆدان. ئەم بەرخۆدانە سەرچاوەیەکی دیاریکراوی هەیە. ئەو سەرچاوەیەش ڕێبەر ئاپۆیە، ئەو هێزە لەوێوە دێت. هەر ئەمەش وایکردووە کە ڕووناکی ئەم ڕۆژە دڵی هەموو ئازادیخوازانی پڕ لە هیوا و بڕوا بکاتەوە. ڕۆژێکی چارەنووسساز بوو، کاریگەرییەکەی لە هەموو ڕۆژەکانی ژیانی کورددا دیارە. ئەو بەرخۆدانەی کە ئێستا گەریلا لە دژی فاشیزم بەڕێوەی دەبات، لە "بەرخۆدان ژیان"ـەوە سەرچاوە دەگرێت.