٤ـی نیسان، خاڵی وەرچەرخانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

" ئەو هەلومەرجەی ئۆجالان تێیدا گەشەی کرد و جووڵایەوە، هەلومەرجێکی تایبەت بوو، کە بەرخۆدانی لە کوردان دەخواست، ئۆجالان و ئاپۆچییەکان ڕێبەرێتیی بەرخۆدانیان گرتە ئەستۆ."

وەک چۆن مرۆڤ مێژوو دەئافرێنێت، مرۆڤ خۆشی دەرهاویشتەی مێژووە، واتا خواستی هەندێک مرۆڤ لە هەلومەرجێکی تایبەتدا دەبێتە بەرهۆی ئەوەی کۆمەڵێک کەسێتیی نوێ بە ڕامانێکی تازەی بیرئافرێن و مژاری نوێی ژینگۆڕ، پێ بۆ گۆڕەپانەکە هەڵێنن.

لەم بەستێنەدا مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دوو بەشی پێش و پاش عەبدوڵا ئۆجالان دابەش دەبێت، ئەو هەلومەرجەی ئۆجالان تێیدا گەشەی کرد و جووڵایەوە، هەلومەرجێکی تایبەت بوو، کە بەرخۆدانی لە کوردان دەخواست، ئۆجالان و ئاپۆچییەکان ڕێبەرێتیی بەرخۆدانیان گرتە ئەستۆ. بەڵام پاش دامەزراندنی پەکەکە و دەستگیرکردنی ئەندامەکانی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، ڕێبەر و هەندێک لە کادرەکان ناچار مان وڵات جێ بهێڵن لە وڵاتە جیاوازەکان نیشتەجێ بن، جا بزووتنەوە شۆڕشگێڕیی و ناشۆڕشگێڕییەکانیان ناسی و هەندێک پەیوەندییان چێ کرد.

ئەم جموجوڵانە هەم دیدی ڕێبەرێتییان لەمەڕ دۆزی گەلانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکچوون و جیاوازییەکان لەگەڵ دۆزی کورد فراوان کرد، هەمیش پەکەکەی کرد بە بزووتنەوەیەکی ئاشنای نێو گەلانی تر، تا ئەو سنوورەی بەشێکی زۆری عەرەبی وڵاتانی تر و فارسەکانیش ئاوێتەی ئەم بزووتنەوەیە بوون و لەم ڕێگەیەدا شەهید بوون. ئەم بەئەندامبوونە بەرفراوانە سیمایەکی نێونەتەوەیی بە پەکەکە بەخشی کە پارچەی ونبووی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.

گەر بنۆڕین دەبینین زۆرینەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی وشک  لە نەتەوەپەرەستیی هەڵژەنراون، سا هەندێک کات ناسیۆنالیزم بووەتە هۆی ترازانیان لە شاڕێی شۆڕش. لە بەعسی ئێراق و سووریاوە بگرە تا موجاهیدینی خەلقی ئێران و حدکا و پارتی و یەکێتیی لە کوردستان نەیانتوانیوە ئاوا ئەنتەرناسیۆنالیزم بپەژرێنن، دواجار ئەوانەشی گەرەکیان بووە ئەم ڕێبازە کردەیی بکەنەوە، وەک کۆمەڵە و چریکی فەدایی خەلق یان بزووتنەوە جیاوازەکانی فەڵەستین لێک ترازاون و مارژیناڵ بوون.

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی داخۆ پەکەکە ئەم ڕێبازە تازەی ڕسکاند یان هەلومەرجی ناوچەکە، وەک وەڵامدانەوەی پرسیاری ئایا مریشک لە هێلکەیە یان هێلکە لە مریشکەیە؟ ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە لە ناوچەکەدا هەست دەکرا خواستی درووستبوونی پارتێکی ئینتەرناسیۆناڵ هەیە، گەر ڕاستگۆ بین پەکەکە بۆ ئەم ئامانجە درووست نەبوو، بەڵام ڕووداوەکان بە چەشنێک چوونە پێش کە پەکەکە بە شێوەیەکی ئەرێنیی لەگەڵ گەلانی تر بجووڵێتەوە، چونکە ڕێبەرێتیی پایەکانی حزبی بە ڕەنگێکی ڕاست ڕۆ نابوو، جا ئەم هەمەچەشنییە ئەتنیکییە بە شێوەیەکی پێکهێنەر لە چالاکییەکانی حزبدا بەشدار بوو.

هەر لەم سۆنگەوە دەبێژم ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ خاڵی وەرچەرخانە بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەبەستم لەم پێناسەیە کەسپەرەستیی نییە، بەڵکوو کەسانێکی وەک ئۆجالان و لینین و مارکس و تیۆرساز و بزوێنەرەکانی تر تەنانەت ئافرێنەران دۆزەرەوانی وەک تێسلا و گالیلۆ و .... سەرەڕای خۆیان بوونەتە هۆی گلێرکردنەوەی ئیرادەیەکی مرۆیی بۆ وەڵامدانەوەی خواستێکی بەدینەهاتوو یان پرسیارێکی بێوەڵام، مسۆگەر ئەم خواستە هێندە فراوان بوو کە گەر ئەوانیش ئەم ئەرکەیان لە مل نەگرتبا، ئەوا مێژوو دەیخستە ئەستۆی کەسێکی تر، بەڵام ئەمە ئەو ڕاستینەیە ناگۆڕێت کە دەرکەوتنی ئەم مرۆڤانە ژیانی مرۆییان بۆ هەمیشە گۆڕیوە.

هـ . ب