بۆ خولێكی تر پەرلەمانی ئێران كپ دەكرێت

ئەمجارەش بۆ خولێكی تر محەمەد باقر قالیباف بەزۆرینەی دەنگ كرایەوە سەرۆكی پەرلەمان، لە بنەڕەتدا یەكدەستكردنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لەلایەن بناژۆخوازەكانەوە، لەنێوخۆی ئێران بەواتای خولێكی تر لەسیاسەتی سەركوت و زەخت و گوشار لەبەرامبەر بەكۆمەڵگەیە.

لەسیستەمی بەناو دیموكراسی لیبراڵدا تاكە دامەزراوە كە ئەندامانی لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت و وەك نوێنەری راستەوخۆی گەل و كۆمەڵگە دەبیندرێن، پەرلەمانە. بەڵام لەئێراندا، پەرلەمان فۆرماڵیتەترین دامەزراوەی رژێمە، چونكە ئەو پەرلەمانە تێكەڵاوەیەكە لەئایدیۆلۆژیای مەزهەبگەرایی شیعەی ئیسلامی و دەوڵەت - نەتەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و لەدیموكراسیەتی لیبراڵیش زۆر پاشكەوتوو و دواكەوتووترە. چونكە رژێمی ئاینی - مەزهەبی شیعەی ئیسلامی ئێران لەلایەن شورای نیگەهبانەوە ئەو كەسانەی خۆیان كاندید دەكەن، تا لەلایەن ئەو دامەزراوەوە ئەرێ نەكرێن، ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی یاخود هەر هەڵبژاردنێكی تر لەئێراندا بكەن. واتا مەرجی سەرەكی بۆ كاندید بوون لەهەڵبژاردن یاخود كاركردن لەدامەزراوەیەكی دەوڵەتی پابەندبوونە، بەویلایەتی نەگۆڕی فەقی و مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی و لەرەگەزی پیاو"رجال سیاسی"یە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هەر لەسەرەتاوە ئەو كەسانە دەچنە پەرلەمان كە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەكانی رژێم دەكەن، نە لایەنگری كۆمەڵگەن و نە نوێنەری گەلن، تەنیا رژێم بەفێڵی شەرعی، هەڵبژاردنی بۆ رەوایەتیدان بە كردەوەكانی خۆی بەكاردێنێت و گەل لەو رووەوە دێنێتە پای سندوقەكانی دەنگدان و رۆژەڤێكی تاڵیان بۆ ساز دەكات.

پەرلەمان لەخولی دوازدەهەم بەتەواوەتی لەدەست بناژۆخوازەكاندا بوو و كەس بۆی نەبوو، تەنانەت رەخنە یا پێشنیارێك ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمان"قالیباف" و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەكەی بكات. لەخولی دوازدەهەم پەرلەمانی ئێران بێ هەڵوێسترین و بێ كەڵكترین خولەكانی پەرلەمانی بوو لەمێژووی پەرلەمان و پەرلەمانتاری لەئێراندا؛ چونكە سەرۆكی پەرلەمان كە نزیكەی چڵ ساڵەی ئەزموونی كاری عەسكەری و ئیستخباراتی و شارەوانی و ئیداری لەدەستدایە، وەك گەندەڵترین كەسایەتی ساڵ لەنێو گەلی ئێراندا بوو بەڕوویەكی دیار و پەرلەمانەكەش نەیتوانی لە یەك لەو دۆسیانەی كە پەیوەست بوون بەمافی هاووڵاتیان و بەرژەوەندیەكانیانەوە بكۆڵێتەوە، بەپێچەوانەوە بۆ پەلەمان و سەرۆكی پەرلەمان بوون؛ باشترین كارئاسانیان كرد بۆ رادەستكردنی دارایەكانی دەوڵەت بە وەزیرەكان و هەموو ئەو دۆسیانەی لەبابەتی گەندەڵی میلیاردی چای دبش و كۆمپانیاكانی ماشین سازی، رێككەوتنی چین بۆ لەنگەرگەكان و ئەرێ كردنی حیجابی زۆرەملێ و بێدەنگی لەبەرامبەر بەكۆمەڵكوژیەكانی دام و دەزگا سەركوتكارەكانی رژێم لەبەلووچستان و كوردستان و كوشتنی بەئەنقەستی چالاكوانان و كۆڵبەران و لەسێدارەدانی كەسایەتیە سیاسی، رۆشنبیر و مامۆستا و رۆژنامەوان و هۆنەرمەندان و كرێكاران و زیندانی كردن و ئەشكەنجەدانیان كارنامەی چوارساڵی خوڵی یازدەهەمی پەرلەمانەكەی قاڵیباف و كردەوەكانی بوو بۆ گەلان و كۆمەڵگەی ئێرانی.

ئەمجارەش بۆ خولێكی تر"خولی سێزدەهەم"، محەمەد باقر قالیباف بەزۆرینەی دەنگ كرایەوە سەرۆكی پەرلەمان، لە بنەڕەتدا یەكدەستكردنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لەلایەن بناژۆخوازەكانەوە، لەنێوخۆی ئێران بەواتای خولێكی تر لەسیاسەتی سەركوت و زەخت و گوشار لەبەرامبەر بەكۆمەڵگەی ئێران و ناڕەزایەتیە جەماوەریەكان و بەدامەزراوەیی كردنی دیاردەی گەندەڵی و هەڕاج كردنی دەوڵەمەندیە مادی و مەعنەویەكانی ئێران و گەلانی ئەو وڵاتەیە و لەو رووەشەوە باری قورسی سەرشانی مامۆستایان، ژنان، كاسبكاران، گەنجان، خوێندكاران، كرێكاران و چین و توێژەكانی كۆمەڵگە قورستر دەبێت. چونكە رژێم بڕیاری داوە لەنێوخۆدا هیچ گۆڕانكاریەك لەبەرژەوەندی گەل و لەخزمەتكردن بەگەل و پێكهاتە چاندی، كەلتوری، سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان نەكات و بەپێچەوانەوە بەتوندترین شێوە رووبەڕوویان بێتەوە. بەهەڵبژاردنەوەی قاڵیباف بۆ خولێكی تری پەرلەمان، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی پەرلەمان هاوشێوەی خولی رابردوو بۆ چوار ساڵی تر كپ دەكرێت و گوێ نادرێتە داواكاریە رەواكانی كۆمەڵگە.

هەرچەندە بەدەست پێ كردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەئێران قۆناخێكی نوێ لەتێكۆشانی مەدەنیانەی گەل دەستی پێكردوە، ئەم قۆناخەی تێكۆشان هەرچەندە بەسازش كردن بۆ زلهێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان و بێدەنگ كردنی دام و دەزگا نێودەوڵەتیەكان، لەوانە نەتەوەیەكگرتووەكان، یەكێتی ئەوروپا، دادگاكانی مافی مرۆڤ و ... بوونە زەمینەیەك بۆ هێرش و سەركوتكردنی گەل لەناوخۆی ئێراندا، بەڵام شۆڕش هاوشێوەی پەرلەمانە كپككراوەكەی رژێم بێدەنگ نەبووە و بەڕێ و رێبازی جیاوازتر بەردەوامی بەبەرخۆدان و تێكۆشانی خۆی دەدات. ئەو شۆڕشە، چاندی بەرهەڵەستی و چاونەترسی و خۆڕاگری لەنێو پێكهاتەكانی كۆمەڵگە خولقاندوە كە بێ هیچ سڵكردنەوەیەك پێداگرن لەگەیشتن بەئامانجەكانی شۆڕش. ئیدی كۆمەڵگەی ئێران وای لێهاتووە، سڵ لەمردن و كوشتن و بڕین و بەندیخانە و سزا ناكاتەوە. هەر بۆیەش ئەوە دەرفەتێكی كراوەیە لەبەردەم زلهێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان كەجارێكی تر لەئەگەری سازش نەكردن لەگەڵیاندا، ببنە پشتیوانی ناڕەزایەتیە ناوخۆیەكانی ئێران و رژێم بەرەو هەڵدێر ببەن. لەوەها حاڵەتێكدا، رژێم لەبەردەم توڕەیی ناڕەزایەتیەكان و شەپۆلی جەماوەری خۆی پێ راناگیردرێت و لەهەرئان و ساتێكدا رووبەڕووی شەڕ و ئاڵۆزی و پێكدادانی ناوخۆ دەبێتەوە و رەنگە دۆخێكی هاوشێوەی لیبیا، ئێراق، سوریا و میسر بێتە ئاراوە. ئەگەر بێت و رژێمی ئێران بیەوێت بەكوشت و بڕی گەل، پێش بەدۆخێكی وەها بگرێت، ئەوا بەدەستی خۆی گۆڕ بۆ داهاتووی هەڵدەكەنێت.

ئەوەی دۆخی رژێم و داهاتووی وڵاتی ئێران دەستنیشان و ئاراستەكەر بێت، هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئەو وڵاتەیە لەمانگی شەش دا. ئەگەر لەهەڵبژاردنی سەرۆككۆماردا رژێم كەسێكی بیرۆكرات و سازشكار هەڵبژێردرێت كە لەسیاسەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا نەرم و نیان و سازشكار بێ، ئەوە باری سەرشانی گەل و چارەنووسی شۆڕشی مەدەنیانەی گەلان لەو وڵاتە و لایەنە دیموكراتیكخوازەكان قورستر دەبێت. ئەگەریش كەسێكی هاوشانی ئیبراهیم رەئیسی هەڵبژێردرێت، ئەوا گەمارۆكانی ئابوری، سیاسی و دیبلۆماسی و لەسەر رژێم توندتر و بەرفراوانتر دەكرێنەوە و لە بواری مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەبڕین رژێم تەنگەتاوتر بكرێت و لەدنیای دەرەوە زیاتر داببڕدرێت، هاوشێوەی كۆریای باكور و لەئەنجامدا لەناوخۆی ئێراندا پشتیوانی لەسەرهەڵدان و شۆڕشی دیموكراتیانە و مەدەنیانەی گەل دەكرێت.