با ساڵی ٢٠٢٤ ببێتە ساڵی بەرخۆدانی مەزنتر و سەرکەوتن

ڕوون دیارە، پێرفۆرمانسی گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە سەراپای ساڵی ٢٠٢٤ دا پێشدەکەوێت و بەردەوام دەبێت. گورزی گران لە هێزە فاشیست-داگیرکەرەکان دەوەشێنێت و پێشەنگایەتی کەمپەینی ئازادی جیهانی دەکات.

بەو گورزە قورسانەی لە هێزەکانی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست وەشێنرا، بناغەی زیهنیەت و سیاسەتی قڕکردن لەرزی. بەم شێوەیە ساڵی ٢٠٢٣ی کردە ساڵی گەریلا و هەر لە ئێستاوە تێکۆشانی بەهێزتر و دەسکەوتی مەزنتری ساڵی ٢٠٢٤ی مسۆگەر کرد.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی هەپەگە، ئاماری شەڕی ساڵی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

نزیکەی نیوەی ساڵی ٢٠٢٣ بەبێ چالاکیی تێپەڕی، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بە گشتی ١٧١٢ چالاکییان ئەنجامدا. لەو چالاکییانەدا، بە گشتی ٩١٩ سەربازی تورک کوژراون و ١٢٨ سەربازیش برینداربوون. بێگومان گەریلا توانیان ئەم ژمارەیە بسەلمێنن، بەڵام ئەمە تەنها نیوەی ڕاستییە. هەروەها ژمارەیەکیش هەیە کە گەریلا نەیانتوانی بیسەلمێنن. دیسان لە پرۆسەی شەڕی دژواریی درێژایی ساڵدا، ١٧٩ گەریلا شەهید بوون و ٢ گەریلاش بە دیل گیران. جگە لەوەش فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە ١٠٨٣ جار بۆمبی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، ١٥٨٠ هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە و ٩ جاریش بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی هێرشی کردووە.

ئامارەکە دەیسەلمێنێت وەک ساڵی ڕابردوو بە درێژایی ساڵ دەستپێشخەریی گەریلا هەبووە و هێزە فاشیستەکانی ئاکەپە – مەهەپە گورزی زۆر قورسیان خواردووە. ئەوە دەردەخات، سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا گیربوو و بەهۆی هێرشی گەریلاوە پرۆسەی لەناوچوونی دەستی پێ کردووە. ئەمەش دەریدەخات، ڕەنگە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان شەڕەکە بەرەو ئاستێکی باڵاتر ببەن و قۆناغێکی چالاکی بۆ پاککردنەوەی هێزە داگیرکەر-فاشیستەکان لە چیاکانی کوردستان پێش بخەن.

هەڵبەتە ئەم ڕەوشە ئاستی پێرفۆرمانسی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە شەڕی تیمی هەماهەنگ و تونێلەکان نیشان دەدات. ئاستی شێواز و تاکتیکەکان نیشان دەدات. ئاماژە دەکات بە هێزی گەریلای خاوەن ڕۆحی فیداکاری ئاپۆیی. گەلی کوردستان لەڕێگەی ئەم گەریلایەتییە فیداکارەوە، بە دۆست و دوژمن و هەمووانی ڕاگەیاندووە کە سیستەمی پاراستنی جەوهەریی خۆی پێشخستووە. ڕاستییەکەی پیشانی ئەو کەسانە دا کە دەڵێن ڕۆڵی گەریلا کۆتایی هاتووە و ئەوانەی بە ڕوانین لە حەماس بەدوای گەریلادا دەگەڕێن.

تەواو ڕوونە کە ئەم پێرفۆرمانسەی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٤ پێش دەکەوێت و قووڵتر و بەردەوام دەبێت. گورزی گران لە هێزە فاشیست-داگیرکەرەکان دەدات و پێشەنگایەتی هەڵمەتی ئازادیی جیهانی دەکات. بەشداری هەرە مەزن دەکات لەو هەڵمەتەی کە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و و چارەسەرکردنی پرسی کورد بەڕێوە دەبرێت. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە و خیانەتی کوردی هاوکار ناچار دەکات لە دەڤەرە داگیرکراوەکان بکشێنەوە.

تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی بە پێشەنگایەتی گەریلایەکی لەم جۆرە، بێگومان لە ساڵی ٢٠٢٤ لەسەر بناغەی سەرکەوتنە مەزنەکان پێشدەکەوێت و ئەم ڕاستییەش هەر لە ئێستەوە ڕوون بۆتەوە. لەبەرئەوەی چانسی سوپای تورکی فاشیست بۆ درێژەدان بە داگیرکاری و مانەوە بەرامبەر گەریلا لە ئاستی سفردایە. بۆ گۆڕینی ڕەوشەکە، پشتیوانی ناتۆ و پەدەکە بۆ سوپای داگیرکەری تورک بەس نییە. ئێستا شەڕ لە دەستپێشخەری گەریلادایە، لە تێکۆشانی هێزەکانی ئازادی و دیموکراسیدایە. لەم ڕووەوە، ئاشکرایە ساڵی ٢٠٢٤ دەبێتە ساڵی بەرخۆدان و سەرکەوتنی مەزنتر.

ڕەوشی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا دەریدەخات کە پێشهاتەکان لە سەراپای ساڵی ٢٠٢٤ دا، لەسەر ئەم بناغەیە دەچنەپێش. ئاشکرایە پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣ قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کردووە. سەرۆکایەتی گشتی جەهەپە گۆڕا، هاوپەیمانیی جەهەپە و ئی پارتی کۆتایی هات و گەیشتە قۆناغی دابەشبوون. پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تر کە ڕووی راستەقینەیان دەرکەوت، پێشوازی ئەوتۆیان لێ ناکرێت. لە بەرامبەردا، گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیک بە ڕەخنەیەکی جدی خۆی نوێکردەوە و خۆی سەرلەنوێ ئافراند، بۆتە تاکە هیوای جڤاکی تورکیا.

ئەم ڕەوشە لە کۆتایی مانگی ئاداردا کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنە هەرێمییەکان دەکات و ڕەنگە هێزە فاشیستەکان زیانێکی گەورەیان پێ بگات. ئەمەش دەبێتە هۆی خێراترکردنی داڕمانی فاشیزمی ئەردۆگان – باخچەلی. ئیدارەی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە ناتوانێت لە بەرامبەر گەریلا و سیاسەتی دیموکراتیک خۆی ڕابگرێت، بە خێرایی دەڕوخێت. قۆناغی گۆڕانکاری لە سیاسەتدا، تەیب ئەردۆگان و دەوڵەت باخچەلی و دیکتاتۆریەتی فاشیست دەگەیەنێتە ئاستی ڕووخان. بەهۆی شەڕی کوردستانەوە قەیرانی ئابووری و شیبوونەوەی جڤاکی کاریگەری دەبێت لەسەر خێرابوونەوەی ئەم قۆناغەی هەڵوەشانەوە. ئیتر ناکرێت جڤاکی تورکیا بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر دیکتاتۆرییەتێکی فاشیستی لەم جۆرە بمێنێتەوە.

هاوشێوەی ڕەوشی ناوخۆیی، هەلومەرجی دەرەکییش بە ڕوونی نیشانی دەدات کە دیکتاتۆریەتی فاشیستی ئەردۆگان و باخچەلی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو کۆتایی دەچێت. ئیدارەی تەیب ئەردۆگان لە سیاسەتی دەرەوەدا کۆتایی هاتووە. پێشتر لەسەر بناغەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەرەبەکان و پێگەی سەربازی خۆی لە ئەفغانستان ڕاگرتبوو. لە قەیرانی سوریا لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیادا، بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی چووە ناو هەندێک هەوڵەوە. لە کاتی شەڕی ئۆکرانیادا، بە پشتبەستن بە دانوستانەکانی لەگەڵ ڕووسیا و ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، چووە ناو هەندێک بازاڕی قێزەونەوە بۆ بەدەستهێنانی هەندێک بەرژەوەندیی. ویستی لەڕێگەی ڕۆڵی ئیستفزازی لە شەڕی غەززەدا هەندێک بەرژەوەندیی بپارێزێت و لە دەسەڵات بمێنێتەوە.

وەلێ ئێستا هەموو ئەمانە کۆتاییان هاتووە. هەموو ئەم سیاسەتانە کە وایکرد تەیب ئەردۆگان لە داگیرکاری بەردەوام بێت، گورزێکی قورسیان لە تورکیا وەشاند،  تورکیای کردە وڵاتێکی ناکۆک لەگەڵ سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. پێگەی ستراتیژی تورکیا دوو سەدەی ڕابردووی تورکیا، ڕۆڵەکەی وەک نێوانگرێک لە نێوان ئەوروپا و ئاسیا و پاسەوانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەدەست دا. لە کۆتاییدا لە سعودیە لە کێبڕکێیەکی تۆپی پێدا، ڕووڕەشی و ڕەوشە قێزەونەکەیان نموونەیەکی باشە بۆ بینین و تێگەیشتن لە ڕیسوابوونیان. چیتر تورکیا ناتوانێت درێژە بە سیاسەتە دەرەکییەکەی پێشووی بدات.

بەکورتی، ئیتر ناکرێ تورکیا لەڕێگەی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە کە دوژمنایەتی کورد و سیاسەتی فاشیستی و قڕکەر بەڕێوەدەبات، بەپێوە بمێنێت. بەهۆی ئەمەوە سیاسەت و زیهنیەتی شەڕخواز و دوژمنایەتی کورد هەڵدەوەشێتەوە و سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی پارچە پارچە دەبێت. لەگەڵ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی کوردان و دیموکراتیزەکردنی تورکیا ڕوودەدات. ئەمە تاکە دەرفەت و سیاسەتە کە تورکیا ڕزگار دەکات. کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک پەیوەست بە خۆبەڕێوەبەری هەرێمی و نەتەوەی دیموکراتیکی تورکیا تاکە ڕێگەی چارەسەرە.

لە ساڵی نوێدا تێکۆشان لە تورکیا بە تەواوی لەسەر ئەمە بەردەوام دەبێت. لە بەرامبەر زیهنیەت و سیستەمی تاکپەرست و مەرکەزییەت و فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە، زیهنیەت و سیستەمی دەستپێشخەرییە هەرێمی و فرەییەکان پەیتا پەیتا پێش دەکەون. لە گەریلاوە تا بەرخۆدانی گەل و تا دەگاتە تەڤگەری ئازادیی جیهانی بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، هەموو بەرخۆدانێک لەسەر ئەم بناغەیە دامەزراو دەبێت و بەرخۆدان لە هەموو گۆڕەپانێکدا مەزنتر و بەهێزتر دەبێت. ئەمساڵی ٢٠٢٤ ساڵی بۆ تورکیای نوێ و دیموکراتیک دەبێتە ساڵی دەسپێک و سەرکەوتنی هەنگاو بە هەنگاو. لە ساڵی ٢٠٢٤دا پێویستە خەون و هیواکانمان لەم چوارچێوەیەدا بێت و ژیان و تێکۆشانمان بە درێژایی ساڵ بەگوێرەی ئەمە بێت. بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەسەر پرەنسیپانە دەژین و تێدەکۆشین، هیوای سەرکەوتن دەخوازم و پیرۆزبایی ساڵی نوێیان لێ دەکەم.

 

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆڵەتیکا