رژێم و دەسەڵاتدارە ملهوڕ و دیكتاتور و فاشیستەكانی جیهان بۆ مانەوەیان لەسەر كورسی دەسەڵات هەمیشە پەنا دەبەنە بەر نانەوەی شەڕ و ئاڵۆزی و خولقاندنی كەشێكی قەیراناوی؛ چونكە رژێمێكی دیكتاتۆر و دەسەڵاتێكی خۆسەپێن، هیچ كاتێك باوەڕیان بەدیالۆگ و چارەسەری دیموكراتی و مافی مرۆڤ و پێوانەكانی بەرێوەبردنی و ئیرادەی كۆمەڵگە نییە. رژێمە دیكتاتۆر و فاشیست و دەسەڵاتخوازەكان بەخۆی لەهەناوی كۆمەڵگەیەكی هاوچەرخ و دیموكراتیك لەدایك نابن. رژێم و حكومەت و دەسەڵاتی خۆسەپێن لەنێو ئەو كۆمەڵگەیانەوە دێنە بوون كە لە دۆگمە ئاینی، مەزهەبی، قەومی، نەتەوەیی و رەگەزیەكاندا چەقیوون. ئەم كۆمەڵگەیانە، كۆمەڵگەیەكی هەستیارن و زیاتر بەگوێرەی هەست و سۆز مامەڵە دەكەن و دەجوڵێنەوە، بەگووتە و دروشمی بریقەدار و هەستەوەر، بڕیار دەدەن و بەشێوەیەكی هەستەوەرانە دەكەونە هەڵوێست وەرگرتن.
بارزانی لەكەشێكی وەها گەیشتووەتە دەسەڵات. خەڵكیش بەشێوەیەكی هەستەوەرانە بەشوێنی كەوتوون و هەموو هیوا و چارەنووسی خۆیان بەوەوە بەستووەتەوە، وەگەر نا بارزانی نەخاوەنی هزرو بیرێكی سەردەمیانە و نەتەوەییانە و دیموكراتیكە و نەش لەسەر ئەو بنەما فەلسەفی و هزری و زانستیانە هەڵبژێردراوە. بارزانی بەشێوەیەكی وراسی"ارثی" گەیشتووەتە دەسەڵات، نە لەپرۆسەیەكی دەنگدان و هەڵبژاردن، یاخود لەبەر هێز و تواناكانی. لەلای دەسەڵاتدارێكی وەك بارزانی یاخود دەوڵەتێكی داگیركەری تورك هەڵبژاردن نرخێكی ئەوتۆی نییە؛ چونكە هەردووكیان باوەڕیان بەدەستاودەستكردنی دەسەڵات نییە. كەسێك كە باوەڕی بەدەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات نەبێت، ئەوا هەڵبژاردنیش واتایەكی نابێت.
بارزانی و پەدەكە هەركات دەسەڵاتیان كەوتووەتە مەترسییەوە، بڕیاری زۆر مەترسیدار دەدەن. بارزانی كاتێك لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە تەنگەتاو بوو لە١٩٧٥ دا ئاشبەتاڵی راگەیاند. لە ٢٠١٥ كاتێك كورسی بارزانی بووە رۆژەڤی لایەنە سیاسیەكان لەهەرێمی كوردستان بارزانی رێگەی لە"یوسف محەمەد"ی سەرۆكی پەرلەمان گرت و نەیهێشت بگەڕێتەوە بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان. لەساڵی ١٩٩٦ كە لەبەرامبەر بەیەكێتی شكستی هێنا، بەپەلە پەنای بردە بەر رژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعسی سەدام حسێن و بەو شێوەیە كارەساتی ٣١ی ئاب و ماڵوێرانی بۆ كورد بەدوایدا هات.
بارزانی و رژێم و دەوڵەتی تورك و ئەردۆغان ـ باخچەلی هاوشێوەی یەكتر چاو لەدەسەڵات دەكەن و لەبنەمادا هاوشێوەش بیردەكەنەوە. لەبەر ئەوەی بارزانی و ئەردۆغان دەسەڵاتیان لەسەر شەڕ بونیادناوە. لەئیستاش كە دادگای باڵای فدراڵی عێراق پێشی لەهەندێ لەسەرەڕۆیەكانی بارزانی وپەدەكەیان گرتووە بەهۆی ئەو پێشلكاریی و تموحە نایاسایانەی ئەنجامیانداوە، كەوتوونەتە پەلەقاژە و خۆیان سەخڵەت كردوە و دەیانەوێت لەژێر ئەو بیانوانە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی باشوری كوردستان دوا بخەن. هەرچەند ماوەی دوو ساڵ زیاترە هەڵبژاردنی هەرێمی باشوری كوردستانیان بەنایاسایی دواخستووە. ئێستاكەش بارزانی و پەدەكە باش دەزانن كە ئەگەر لەژێر چاودێری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی بەغدا بچنە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بەبێ مۆناقشە تووشی شكست و دۆڕان دەبن. بارزانی لەوە دەترسێت كە هاوشێوەی ئەمڕۆی ئەردۆغان كە دوای بیست ساڵ لەملهوڕی و سیاسەتی شەڕەنگێزی و بەهەدەردانی هەموو سەروەت و سامانی توركیا چۆن لەهەڵبژاردنە هەرێمیەكان لەتوركیا و باكوری كوردستان دۆڕا، ئەوانیش تووشی دۆڕان و هەرەس ببنەوە.
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان، بەتایبەتی پەدەكە لیستی ناوی بەربژێرەكانی رادەستی كۆمیسیۆن بكات، كەچی لەدوا دەرفەتیشدا، لیستی ناوەكانیان رادەست نەكرد، بەبیانوی ئەوەی كە گوایە ناچنە نێو پرۆسەیەك كە ئەنجامەكانی بەدڵی ئەوان نەبێت. بەڵام دەبێت رای گشتی كوردستان لەوە تێبگەن كە بارزانی و پەدەكە پیلانێكی تریان بەدەستەوەیە، بۆ ئەوەش هەوڵدەدەن هەڵبژاردنەكانی هەرێم بۆ پاییزی ٢٠٢٤ دوا بخەن.
بەڵام پرس لێرەدا ئەوەیە، بارزانی و پەدەكە لەخەیاڵی چی دان و تا پاییز چی دەگۆڕدرێت كە ئەوان هەموو هیوایەكیان لەسەر ئەوە هەڵچنیوە كە دەیانەوێت پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بۆ ئەو وادەیە دوا بخەن. ئەوەی دیارە بارزانی و پەدەكە و دەوڵەتی داگیركەری تورك لەئێستادا سەرقاڵن بەداڕشتنی پیلانی شەڕ لەبەرامبەر بە پەكەكە. بارزانی و پەدەكە بەخەیاڵی ئەوەی لەو شەڕدا بەهاوكاری دەوڵەتی تورك زەبر لە پەكەكە بوەشێنن و لەسەر دەستی ئەوان بەرەو تەسفیەبوون و لەناوچوونی بەرن، ئەوا دەتوانن ئەو كات لەهەرێمی باشوری كوردستانیش پلان و بەرنامە و ئەجێنداكانی خۆی بەسەر لایەنە سیاسیەكانی تردا بسەپێنن و لایەنەكانیش ناچار تەنازولی زیاتر بكەن و دۆخەكە لەبەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە. لەلایەكیتر بارزانی پشتی بە هەندێ بەڵێنی نەنووسراوی هێزە نێودەوڵەتیەكان بەستووە بۆ ئەوەی ئیمارەتێكی بچووك بۆ بارزانی دابمەزرێنن و بارزانی بكەنە سەرۆكی ئەو ئیمارەتە(هاوشێوەی ئیماراتەكانی كەنداوی عەرەبی).
بارزانی و پەدەكە لەو باوەڕەدان كە ئەگەر دەوڵەتی داگیركەری تورك لەتوركیا و باكوری كوردستان دەسەڵاتی رەهای بەدەستەوە بێت و هەمیشە براوەی هەڵبژاردنەكان بێت، ئەوا ئەوانیش دەتوانن خاوەن دەسەڵات و هێزی رەها بن. بارزانی و پەدەكە دەوڵەتی تورك و حكومەتی ئاكەپە ـ مەهەپە و ئەردۆغان بەهاوپەیمان و هاوبیری خۆیان دەزانن. مردن و لەناوچون و لاوازی ئەردۆغان ـ باخچەلی وەك مردنی خۆیان و لاوازی خۆیان دەبینن.
ئەردۆغان و پارتەكەی ئاكەپە لەتوركیا و باكوری كوردستان نە باوەڕیان بەپرۆسەی هەڵبژاردن و نە باوەڕیان بە دیموكراتیەت و مافی مرۆڤ و پێكهاتە و مافی ژنان و گەنجان و دەستاودەستكردنی دەسەڵات هەیە. بارزانی و پەدەكە بەو نزیكبوون و هەڵوێستانەیان نەك تەنیا رەوایەتی دام و دەزگاكانی حكومەت و پێگە و ستاتۆی هەرێمی باشوری كوردستانیان رۆژبەرۆژ زیاتر لەناوخۆ و دەرەوە خستووەتە ژێر پرسیارەوە و تەنانەت، ناو و ناوبانگی كوردانیش دەزڕێنن. لەم دۆخەی ئێستا لەئارادایە هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی لەنێو حكومەتدا هاوپشك و بەشدارن، بەپلەی یەكەم بەرپرسیارن و ئەرك و رۆڵی تێپەڕاندن و رێگریكردن لە ماڵوێرانی زیاتر گەلی كوردستانیان لەسەر شانە، دەبێت لەوە زیاتر رێگە بەبارزانی و پەدەكە نەدەن بەشداری پیلانە گڵاوەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و ناتۆ و ئیسرائیل و ئەمریكا و ئەردۆغان ـ باخچەلی ببن و یاری بەچارەنووسی گەلی كورد نەكەن.
لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی ئەوانەی لەحكومەتدا شەریكە دەسەڵاتی پەدەكەن دەبێت نەبنە بەشێك لەو پیلانانەی بارزانی بەڕێوەی دەبات لەدژی دۆز و مافە رەواكانی گەلی كورد و بزوتنەوەی ئازادی كوردان لەبەشەكانی تری كوردستان بەگشتی. ئەو لایەنانە ئەگەر ئەوەیان پێ ناكرێت با بەپەلە بەدەم داواكاریەكەی بەرێز موراد قەرەیلان بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و داڕشتنی ستراتیژیەتی نەتەوەییەوە بچن. دەبێت جیاوازی خۆیان لەگەڵ پەدەكە بەو ئەركە مێژوویی و هەنووكەییەی لەسەرشانیانە جێبەجێ بكەن، وەگەرنا ناتوانن لەداهاتوودا لەبەرامبەر بەراستینەی مێژوو وەڵامدەرەوە بن.
هـ . ب