بارزانی ساڵی ١٩٩٦ چووە بەغدا و لەگەڵ سەدام حوسێندا رێككەوت و لە سی و یەكی ئاب دا و بەسەدان دەبابەی بەعسی شاڵاویان هێنایە سەر هەولێر و بەسەدان پێشمەرگە و گەلیان كۆمەڵكوژ كرد. لە ٩٥ تا ٩٧ لەچەندین ئۆپەراسیۆندا هاوشانی جەندرمە و ئەرتەش و بەكرێگیراوی دەوڵەتی داگیركەری تورك پەلاماری گەریلاكانی ئازادی كوردستانیان دا و لەشاری هەولێر بەفەرماندەیی جەماڵ مۆتكە لەدەزگاكانی رۆشنبیری و راگەیاندن و مانگی سور و كۆمەڵەی هونەریدا بەسەدان كادری ئازادیان كۆمەڵكۆژ كرد و لەشەڕی خیانەتدا تێوەگلان، بەهەمانشێوە لە سێی ئابی ٢٠١٤ كۆمەڵگەی ئێزیدیان لە نێو چنگی داعش بەتەنیا بەجێهێشت و كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكانیان دووبارە كردەوە.
مەسعود بارزانی رۆژی ٣-٧-٢٠٢٤ بەسەردانێك چووە بەغدا و لەكۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەشداری كرد و لەپەڕاوی سەردانەكەشیدا لەگەڵ سەركردە شیعەكان و هەر دوو كۆنسولی رژێمی ئێران و دەوڵەتی تورك لەبەغدا كۆبوویەوە. ٢-٧-٢٠٢٤ وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و حكومەتی هەرێمی باشوری كوردستان لەكۆنفرانسێكی راگەیاندنیدا لەبەغدا بەهۆنینەوە و هەڵبەستنی پیلانێكی چەواشەكارانە، پەكەكەیان بەئاگرتێبەردانی بازاڕ و دوكان و مۆڵی هەولێر و كەركوك تاوانبار كرد و رۆژی دواتریش بەسەدان دەبابە لەهێڵی كانی ماسی، بامەڕنێ، شیڵادزێ و ئامێدی بەئاسانكاری پەدەكە و بەغدا ئاودیوی باشوری كوردستان كران و لەچەند شوێندا بازگەی كۆنترۆڵیان دانا و دەستیان بەكێوماڵی ناوچەكە كرد و شەوی ٣-٧-٢٠٢٤ فڕۆكە شەڕكەرەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بەچڕی هەرێمەكانی پاراستنی مێدیایان بەفڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و فڕۆكەی شەڕكەر بۆمباران و كیمیاباران كرد. هەر لەچیای مەتیناوە بگرە تا قەندیل و خنێرە و خواكورك و ئاسۆس و پێنجوێن، وێڕای ئەوەی لە زۆربەی ناوچەكانی باكوری كوردستان و توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەرتەش و جەندرمەی تورك و بەكرێگیراوان بەرێوە دەچێت، فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و شەڕكەر ئاسمانی باشوری كوردستانی تەنیوەتەوە.
هاوپەیمانی ئاكەپە ـ مەهەپە ـ هوداپار و ئەرتەشی تورك كە لەهەردوو گۆڕەپانی سەربازی و سیاسی دا لەبەرامبەر بەگەریلاكانی ئازادی كوردستان و بزوتنەوەی جەماوەری گەلی كورد لەباكوری كوردستان و توركیا شڵەژا و زەبرێكی گەورەیان خوارد بەناچاری وەزیری دەرەوە و خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان هاتنە بەر لنگی بەغدا و هەولێر بۆ رووبەڕوو بوونەوەی گەریلاكانی ئازادی كوردستان و پەكەكە و داوای هاوكاریان لەهەردوو حكومەتی هەولێر و بەغدا كرد و لە ١-٧-٢٠٢٤ دەوڵەتی داگیركەری تورك دەرگای دەركارێ و سەرزێری بەبیانوی نۆژەنكردنەوە بەڕووی هاتووچوو هاووڵاتیان داخست، بەڵام هەر زوو سەرچاوە هەرێمیەكان رایانگەیاند كە داخستنی ئەو دەرگایانە بۆ ئەوەیە دوور لەچاوی هاووڵاتیان جەندرمە و بەكرێگیراوان و ئەرتەشی تورك بەچەك و جبەخانەوە لەو دەرگانەوە دەربازی باشوری كوردستان بكەن.
مەسعود بارزانی بۆ چووە بەغدا؟!!
مەسعود بارزانی بۆچی چووە بەغدا و لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و باڵیۆزی ئێران و توركیا كۆبوویەوە. بارزانی لەبەرامبەر بەبەشداری شەڕی گەریلاكانی ئازادی كوردستان و پیلانگێڕی نوێ لەبەرامبەر بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان چی وەعد و پەیمان و بەڵێنێكی وەرگرتووە؟.
دەوڵەتی داگیركەری تورك و هاوپەیمانی سێ قۆڵی ئاكەپە ـ مەهەپە ـ هوداپار بۆ ئەوەی قەرەبووی شكستە سەربازی و سیاسییەكانیان و خۆدزینەوە لەهەڵبژاردنی پێشوەختە و بێ دەنگكردنی ناڕەزایەتیە نێوخۆیەكانی توركیا و كەمكردنەوەی گوشارە دەرەكییەكان بكەنەوە؛ پێویستیان بەشەڕ هەیە؛ چونكە دەوڵەتی تورك لەسەر شەڕ و پیلانگێڕی و كۆمەڵكوژی و خیانەت خۆی بونیاد ناوە. لەبەرامبەریشدا، پەدەكە لەدیوی باكوری عێراق"باشوری كوردستان" رەوشیان لەدەوڵەتی داگیركەری تورك شڕتر و ئاڵۆزترە و بەهەزار و یەك تەقڵە و بەنێوەندگیری رژێمی داگیركەری ئێران حكومەتی ناوەندی و دادگای باڵای فدڕاڵی زەخت و گوشارەكانیان بۆ سەر هەولێر و حكومەتی هەرێم كەم كردەوە. حكومەتی فدراڵی عێراقیش بەهەمانشێوە لەچەندین لاوە لەژێر گوشاری شەقام و سەدریەكان و دەوڵەتی تورك و رژێمی ئێران و سووننەكانی عێراقە. ماوەی حەوت مانگە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆكە، سەدرییەكان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن و هەردوو رژێمی تورك و ئێران بەگرتنەوەی ئاوی رووبارەكان و گوشارە سیاسیەكانیان حكومەتی عێراقیان رووبەڕووی ئەمری واقع كردۆتەوە و حكومەتی هاوپەیمانی نیشتیمان كە بارزانی و حەلبوسی لەخۆدەگرت لەبەرامبەر بەهەڵوەشاندنەوە و داڕووخان دایە و بۆ ئەوەی حكومەتەكە بەردەوام بێت، دەبێت بارزانی لەنێو حكومەتدا بمێنێتەوە و بەكەسێك كە بەرەی شیعە ئەرێ و لەلایان پەسەند بێت، دەبێت كوردیش دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی پەرلەمان.
دیارە لەو كۆبوونەوانەدا بەڵێن بەبارزانی دراوە كە هەڵبژاردنەكانی بۆ دوا بخەن. زاتەن دادگای باڵای فدڕاڵی عێراق بۆ حیسابی بانكی هاووڵاتیان بڕیاریدا كە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەكام بانكدا بیانەوێت، دەتوانن حیسابی بانكی بكەنەوە، ئەوا بەخۆیان ئازادن. ئەوە لەحاڵێكدا بوو كە ماوەیەكی درێژ لەبەرامبەر بەئەژماری من كە لەلایەن مەسرور بارزانیەوە كراوەتەوە، بانكی ناوەندی عێراقی پێداگری لەسەر ئەوە دەكرد كە بەدەر لەلقی فەرمی بانكی ناوەند كە لەشارەكانی هەرێمی كوردستانیشدا لقیان هەیە، مامەڵە لەگەڵ بانكی تر نەكەن. رەنگە سەبارەت بە هەناردە كردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش هەندێ ئاسانكاری لەو رووەوە بكرێت و نەرمی تر بنوێنن، بەڵام ئەساسەن لایەنی عێراقی زیاتر مەبەستیەتی كێشەكانی نێو ماڵی كورد و بەتایبەتی پەكەكە و پەدەكە قووڵ بكاتەوە و لەو ئاوە لێڵە ماسی خۆی بگرێت و خۆی لەبابەتی مافی خۆڕێوەبەری دیموكراتی ئێزیدیان بدزێتەوە و لەو لاشەوە دەوڵەتی داگیركەری تورك بڕێك ئاوی بەنداوەكانی بۆ بەربداتەوە و لەبابەتی رێگەی گەشەپێدانی ئابوری كە بڕیارە لەبەسرەوە بۆ موسڵ و رەبیعە و سلۆپیش هاوكاری بوژاندنەوەی ژێرخانی دەوڵەتی عێراق و بەڕێگەی كۆمپانیاكانی دەوڵەتی تورك لەبونیادنانەوەی عێراقدا هاوكاری ئەو دەوڵەتە بكەن. تەنانەت دەوڵەتی داگیركەری تورك و پەدەكە تا ئێستا رێگەیان بەدانانی پارێزگار بۆ شاری كەركوك نەداوە، لەبەرامبەردا دیارە هەندێ تەنازولیان دەوێت.
چەتەكانی داعش بەدرێژایی سنورەكانی باشور ـ رۆژهەڵات بەجێ دەكرێن
هێزی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریكا لەم قۆناخە لاڕێ نییە لەهەڵگیرساندنی شەڕ و ململانێی گەلان و پێكهاتە و لایەنە سیاسیەكان لەناوچەكە و بەتایبەتی لەكوردستاندا؛ چونكە لەئێستادا ئەمریكا لەچەند بەرەیەكدا لەنێو شەڕ و ناكۆكی دایە و لەلایەكی تر سەرقاڵی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكایە كە لەكۆتایی ساڵدا پێكبێت، بۆیە ئەمریكا چرای سەوزی بۆ هەڵكردوون لەوەی كە شەڕێكی وەها لەگەڵ بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و گەریلاكانی ئازادیدا بێتە ئاراوە.
شانبەشانی ئەو پیلانگێڕییە چوارقۆڵیەی لەبەرامبەر بەگەریلاكانی ئازادی، دەوڵەتی داگیركەری تورك و پەدەكە بەسەدان چەتەی داعشیان لەهەرێمەكانی بادینان و كەركوك و سلێمانی و گەرمیان و قەرەچۆخ بەجێ كردون و ئەوەش لەلێدوانەكانی سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی لەرۆژی ٢-٧-٢٠٢٤ ئاشكرا بوو، تەنانەت پیرە راشیگەیاند كە ناو و وێنە و شوێنی مانەوەی داعشەكان لەبەرواری باڵا دەزانرێت. دیارە دەوڵەتی داگیركەری تورك و پەدەكە و ناتۆ و ئەمریكاش بە بەجێكردنی گروپە چەتەكانی داعش لەنزیك سنوورەكانی ئێران هاوڕان و درێژخایەن بیر لەو پیلانگێڕییە دەكەنەوە كە دژ بەكوردی ئازاد و هەرێمەكە لەئارادایە. تەنانەت نە دەوڵەتی عێراق و نە پەدەكە كەسیان لەسەر بوونی ئەو گروپە چەتانە لەو هەرێمانە لێدوانێكیان نەداوە و فزەیان لێ بڕاوە. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ ئەو چەتانەی داعش تەنیا بۆ دژایەتی گەریلاكانی ئازادی كوردستان لەو سنورانە بەجێ كراون یاخود پیلانێكی تر لەئارادایە.
سەیر لەوەدایە، دەوڵەتی داگیركەری تورك و ئێراق و پەدەكەش لەبەر بەرژەوەندی و مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان ئەو ئیتیفاقە چوارقۆڵیەیان داڕشتووە و هیچ كام لەو هێزانە لەخەمی كوشتن و برینداربون و ماڵوێرانی گەلدا نین و لەرابردووشدا بەهەزاران پێشمەرگەیان لەبەرژەوەندیی وڵاتانی داگیركەری سەر كوردستان كردە قوربانی. ئەو پیلانگێڕیەش كە ئیستخباراتی هاوبەشی پەدەكە و دەوڵەتی داگیركەری تورك و عێراق لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی ئازادی كوردستان دایانڕشتووە لەو سۆنگەوە پیلانی بۆ كراوە. وەگەر نا گەلی كوردستان بەگشتی و گەلەكەمان لە باشوری كوردستان بەتایبەتی باش دەزانن لەكاتی پەلاماری چەتەكانی داعش كێ بەرگری لەهەولێر و كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكەكان كرد، كێ بەسەدان هەزار ئێزیدی لەكۆمەڵكوژی پاراست و بەو شێوەیە روومەتی عێراقی كڕیەوە و پێش بەروو ڕەشی زیاتری پەدەكە گرت. بۆیە لەسەرشانی گەلی كورد و گەلانی ناوچەكەیە رێگە بەپیلانگێڕیەكی وەها چەپەڵ بەو هێزە كۆنەپارێز و دژە دیموكراتی و نانەتەوەییانە نەدەن و بەچالاكی جەماوەری و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان هەوڵ و پیلانگێڕی ئەو هێزانە و سیاسەتی چەواشەكارانەیان ریسوا و شەرمەزار بكەن. بەتایبەتی ئەرك و بەرپرسیاریەتی گەلەكەمان لەباشوری كوردستان لەم قۆناخەدا قورسە، دەبێت گەلەكەمان رێگە بەشەڕی خیانەت و خیانەتكاران نەدەن و هەڵوێستی دیموكراتیانە و نیشتمانپەروەرانە و نەتەوەییانەی خۆیان پیشان بدەن.