''گوتەی 'مێژوو لە سۆمەریەکانەوە دەست پێ دەکات' تا ڕادەیەک پەیڤێکی ڕاستە. بەڵام مێژووی سۆمەرییەکانیش لەو شوێنانەوە دەست پێ دەکات کە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و لقەکانی لێ هەڵدەقووڵێت. ئەم شوێنەش میزپۆتامیای سەرووە. میزۆپۆتامیاش لەو دەشت و کوێستان و بەرزاییانە پێک دێت وا دەکەوێتە نێوان زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس- تۆرۆسەوە. لەو کاتەدا چەندین گەل، لە سەرووی هەمووشیانەوە سۆمەرییەکان دەڤەری 'مەملەکەتی بەرزاییەکانیان' بە 'گوندوانا' و کاردوانا و ئۆرارتووش ناو بردووە کە هەمان واتا دەبەخشن. دواترین لێکۆڵینەوە زانستییەکانی لەو بارەیەوە ئەنجام دراون پیشانی دەدەن کە گونجاوترین هەلومەرجی جوگرافی لەبار بۆ شۆڕشی کشتوکاڵ و ماڵیکردنی یەکەمین جۆرەکانی ئاژەڵ، لەم شوێنانە پێک هاتووە.''
ئەم شاڕستانەی سەرێ دەستپێکی یەکێک لە بەرگرینامەکانی ڕێبەر ئاپۆیە بە ناونیشانی 'ئورفا؛ مێژوو، نەفرەت و پیرۆزیی'.
دیارە لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکان و تێگەیشتن لە مێژوو و جوگرافیا بە یەکێک لە هەرە سەرەکیترین ئامرازەکان دادەنرێت بۆ ئاوێزانبوون و تێگەیشتن لە ڕامان و پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ کە خودی ئەم تێگەیشتنەش بەنێو ڕەوتی بیرکردنەوەی فەلسەفیی و مێژوویی ڕێبەر ئاپۆدا تێپەڕ دەبێت. ئەمەش لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ڕێبەر ئاپۆ لەپێناو ئافراندنی کوردی ئازاددا تێگەیشتن و شرۆڤەکردنی مێژوو و جوگرافیای بە بنەما گرتووە. هەنووکەش بڵاوبوونەوەی زنجیرەدرامایەک دەربارەی نیاندەرتاڵەکان، ڕاستیی تێگەیشتنەکانیی ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی مێژوو و گرنگیی دیرۆکی زاگۆرسی بەپیت و دێرین زێدەتر دەسەلمێنێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا؛ تیمی زانستی کەناڵی بی بی سی بە هاوکاری شوێنەوارناسەکانی زانکۆی کامبیرجی بەریتانی بڵاوبوونەوەی بەڵگەفیلمێکی زانستیان لە تۆڕی نێتفلیکس ڕاگەیاند. ئەم بابەتەش بە زوویی بووە بە بابەتی گەرمی تۆڕە مەجازییەکان و سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بەڵام ئەمە هەموو بابەتەکە نییە، بەڵكوو دەبێت بپرسین ئایا پەیام و مەبەستەکانی پشت دەرخستنی ڕاستیی نیاندەرتاڵەکان لەم بەڵگەفیلمەدا لە پەیوەند بە کورد و خاکی زاگرۆس و بە تایبەت ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ چییەوە.
ڕێبەر ئاپۆ دەلێت؛ ناسینی کۆمەڵگەیەک بە ناسینی هەلومەرجە جوگرافی و مێژووییەکەیەوە تێپەڕ دەبێت.
لەو چوارچێوەیەدا خاکی بە پیت و دێرینی زاگۆرس-تۆرۆس کە بە کەوانەی بەپیتیش ناسراوە، یەکەمین شوێن و چرکەساتی ڕسکانی بە کۆمەڵگەبوونی مرۆییە و تاوەکوو ئێستاش وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت مرۆڤایەتی قەرزاری کەوانەی زاگۆرس-تۆرۆسە و لێکۆڵێنەوەکان لەم جوگرافیەدا بە شێوەی جیاواز بەردەوامە کە بەڵگەفیلمی 'نهێنی نیاندەرتاڵەکان' لە بەرهەمهێنانی نێتفلیکس دواترین نموونەیە.
لەم بەڵگەفیلمەدا گەشتی بەرفراوانی نیاندەرتاڵەکان دەبینین کە تاوەکوو دەگەنە ئەشکەوتنی شانەدەر بە چەندین شوێن و ناوچە و شاخ و دەڤەری جیاوازدا گوزەر دەکەن. لە بەڵگەفیلمەکەدا بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدرێت کە تیمە شوێنەوارناسییە بەریتانییەکە ئێسکی یەکێک لە نیاندەرتاڵەکان دەدۆزنەوە، کە بەگوێرەی پشکنینەکانیان تەمەنی بۆ ٧٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لەڕێگەی تەکنەلۆژیای پێشکەووتووی سری دییەوە وێنەی ڕووخساریان بۆ کێشاوەتەوە.
شوێنەوارناسەکان باس لەوە دەکەن، کە ژینگەی ئەشکەوتی شانەدەر و ئەو ناوچەی کە ئەشکەوتەکەی تێیدا هەڵکەوتووە، یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەیدابوونی نیاندەرتاڵەکان لە شوێنەدا. هەروەها ئەم جۆرەی کە هەنووکە دۆزراوەتەوە و لە بەڵگەفیلمەکەدا خراوەتە ڕوو بە شانەدەر زێت ناسراوە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە باسی بکەین بریتییە لەوەی کە مێژووی زاگۆرس-تۆرۆس دەرخەری ئەو ڕاستییە کە لە جوگرافیای کوردانەوە مرۆڤایەتی هەوڵی بەرەوپێشبردن و لە هەمووی گرنگتر هەوڵی مانەوە و بەردەوامیی ژیانی داوە.
هەروەتر، ڕاستە کە دەرخستنی ئەم ڕاستییە شوێنەواریی و مێژووییانە لەلایەن کەسانی بیانییەوە بوون، بەڵام پرسی هەرە گرنگ ئەوەیە کە کوردان چۆن بتوانن لە ڕوانگەی خۆیانەوە، لە ڕوانگەی هزرێکەوە کە هەڵقووڵاویی ڕاستی جڤاتیی کوردان بێت ئەم مێژوو بناسن و بە شێوەیەکی کۆمەڵناسیی لە بابەتەکە بڕوانن.
وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ چەندە خەمناک و بە ئازارە ئەو دەڤەرەی یەکەمین ئەتنیکە خاوەن ناسنامەکانی تێدا ئاوا کراوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بە شێوەیەکی دڕندانە ژینیۆسایدێکی ناسنامەیی لە سەر پەیڕەو دەکرێت. کەوابێ ئەمەش دەرخەری ئەوەیە سەرەڕای ئەو مێژووە زەنگینە، بەڵام کوردان لە تێگەیشتن لە هەقیقەتی مێژوویی خۆیان دابڕێنراون.
ئەمە جگە لەوەی وەک لەو نموونەی سەرەوە کە لە بەرگرینامەی ئورفاوە وەرمانگرتووە، دەتوانین بێژین لە ڕامان و تێگەیشتنەکانی ڕێبەر ئاپۆوە زیاتر دەسەلمێنرێت کە خاکی زاگرۆس-تۆرۆس خاکی بەپیتی میزۆپۆتامیا و یەکەمین هەواری ڕسکانی بە کۆمەڵگەبوونی مرۆییە.
لە دەرئەنجامدا وەک ڕێبەر ئاپۆ لەبارەی ئامانجی نووسینی بەرگی یەکەمی مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیکدا ئاماژەی پێ کردووە؛ تەنیا لەمیانەی بواری شوێنەوارناسییەوە ناتوانرێت ڕابردووی ناوچەکە ڕۆشن بکرێتەوە و شیکاریی بکرێت. کاتێک لە بایلۆژیاوە تا فیلۆلۆژیا، لە جوگرافیا (بەتایبەت جوگرافیای کەشوهەواوە) تا سۆسۆلۆژیا، لە ئانترۆپۆلۆژیایەوە تا دەگاتە تیلۆژیا، پێدراوەکانی چەندین لقی زانست بکرێن بە یەک، دەشێت پێشکەووتنی گرنگ لەبارەی ڕۆشنکردنەوەی مێژووی سەردەمەکانی یەکەمین (کۆن-دێرین) بەدەست بهێنرێت.
هـ . ب