بۆچی پارتی سەروەت و سامانی کورد دەباتە دەرەوە؟

دامەزراوەیەکی توێژینەوە لە ئەمریکا ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) سەروەت و سامانێکی زۆری لە ئەمریکا هەیە. هەروەها پەدەکە ملیارەها دۆلار سامان و سەروەتی لە تورکیا و ئەوروپاش هەیە.

لەدەرەوەی لایەنگرە دەمارگیر و سەروشکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و هەندێک لەو کەسانەی لە پەدەکە سوودمەند بوون، یان دەیانەوێت لە پەدەکە سوودمەند بن، یان دەیانەوێت لەگەڵ پارتی بە زۆر و خۆسەپاندن لە باشووری کوردستاندا خۆیان بکەن بە دەسەڵات، بەشێکی زۆر لە گەلی کورد بە پارتی نائاسوودەن. هەرئێستاش، سەرباری ئەوەی پارتی هەموو تواناکانی خۆی کۆکردۆتەوە، بەڵام لەسەدا ٢٠ی دەنگەکانی لە کوردستان وەرگرتووە، چونکە پارتی وەک هێزێکی سەرکەوتکەر و گوشارکەر لە دژی ئازادییەکان دەبینرێت. توانای ئابووریی کوردستان لەلایەن بنەماڵەی بارزانی و دەوروبەرەکەیانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

دیسان بەشێکی گرنگی داهاتە ئابوورییەکانی باشوری کوردستان بەرەو تورکیا دەڕوات. باشووری کوردستان ئێستا بووەتە کۆلۆنی و داگیرکراوێکی نوێی تورکیا. لە بنچینەدا پارتی پشتیوانیی خەڵکی لەدەست داوە. بەپشتیوانیی هەندێک لە هێزە نێودەوڵەتییەکان و دەوڵەتی تورک لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە. لە گەل بێزارە. نەک تەنها لەگەڵ پەکەکە، بەڵکو کێشەی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی باشوردا هەیە، چونکە لە دەرەوەی خۆی هیچ هێزێکی تری سیاسی قبوڵ ناکات، ئەگەر لە ژێر کاریگەریی خۆیدا بێت بوونی هێزێکی سیاسی قەبووڵ دەکات. هەموو ئەم سیاسەت و هەڵوێستانە خەڵکی زۆر لە پارتی دیموکراتی کوردستان تووڕە کردووە. بە گوشار و زۆرداری خەڵکی خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی. ئەگەرنا خەڵک دەتوانێت لە ڕۆژێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان سەروبن بکەن.

دامەزراوەیەکی توێژینەوە لە ئەمریکا ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان سەروەت و سامانێکی زۆری لە ئەمریکا هەیە. هەروەها ئەوەش دەزانرێت، کە پارتی و بنەماڵەى بارزانی و بەرپرسەکانی ملیارەها دۆلار سەروەت و سامانیان لە تورکیا و ئەوروپاش هەیە. تەنانەت لە هەموو شوێنێک دەوترێت، زۆر زیاتر لەو ژمارانە سامانیان بردووەتە دەرەوەی وڵات. بەشێکی زۆر لەداهاتی نەوت لەباشووری کوردستان لەلایەن ئەو بنەماڵەیەوە بۆ خۆیان بەکاردێت. پێش هەموو شتێک خەڵکی باشور و لە پێش هەموویانەوە خەڵکی هەولێر دەبینن، کە پارتی خاوەنی زەویی زۆر و بیناسازیی زۆر گەورە و گرنگی هەیە. وەک ئەو گروپە توێژینەوەیەی ئەمریکا ئاماژەی پێداوە، بنەماڵەی بارزانی بەشێکی گرنگی سەروەت و سامانی خزمەکانی دابینکردووە و لە خستونیەتییە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی خۆیشی.

کاتێک پارتی دەست بەسەر هەموو بەها و نرخەکانی خەڵکدا دەگرێت و بەوە دسەڵات و حوکمی خۆی دەکات، ئەوە دەردەخات، کە پارتی لە گەل و لە کوردستانیش دابڕاوە.

پارتی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە هێزی سەرەکیی ئیدارەی هەرێم بووە. پێش ساڵی ٢٠٠٣ هێزی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان بوو. ئەوە دەزانرێت لە ساڵی ١٩٩٦دا بەپشتیوانی سەدام و سوپای عێراق هەولێری داگیرکرد و لە یەکێتیی سەندەوە، پێویست ناکات باس لەوە بکەن، کە قۆناغی عێراق لە سایەی ئیدارەی سەدامدا، چ واتایەکی لەلای کورد هەیە.

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ئێستادا هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکات، دەوڵەتی تورک، کە سیاسەتی کۆمەڵکوژی لە باکوری کوردستان پەیڕەوی دەکات، رۆژئاوای داگیرکردووە و باشووری کوردستانی داگیرکردووە. بەو هاوکاری و هەماهەنگییە بەشداری لەپلانی پاکتاوکردن و نەهێشتنی پەکەکەدا کردوە و رۆڵی لەوانەدا هەیە.

 ئەم پارتییە دەیان ملیار و بگرە سەدان ملیار دۆلار سەروەت و سامانی گواستووەتەوە بۆ دەرەوەی کوردستان. بە دڵنیاییەوە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، کە ئەوە دزی و تاڵانی و ڕفاندنی سامانی خەڵکە.

باشە، ئایا حیزبێک لە ئیدارەی وڵاتێکدا، کە خاوەنی قسەیە، بۆچی ئەمە دەکات؟ بۆچی بنەماڵەی بارزانی لە دەرەوەی وڵات ئەو سەروەت و سامانە زۆر ڕادەگرن؟ بۆچی ڕێگە دەدات دەیان ملیار دۆلار لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپا و تورکیاوە بەکار بهێنرێت؟ ئەگەر ئەو سەروەت و سامانە بگوازرێتەوە بۆ کوردستان دەکرێت چەندین پێداویستی خەڵکی باشووری کوردستان و دەزگا خزمەتگوزارییەکان دابین بکرێت، کێشەی ئابووری لەباشووری کوردستان زۆر زۆر کەم دەبێتەوە.

ئێمە تێدەگەین، کە پارتی هێز و دەسەڵاتی خۆی بە سەلامەت نازانێت. نەک تەنها هێز و دەسەڵاتی خۆی بە سەلامەت و ئارام نابینێت دۆی ئێستای خۆیشی بە سەلامەت نازانێت. پێشتر کاتێک داعش هێرشی کردە سەر هەولێر، خۆیان ئامادە کردبوو لەگەڵ سەروەتەکانیان دا لە هەولێر و کوردستان ڕابکەن. ئەگەر داعش کەمێکیتر نزیک ببوایەتەوە بە دڵنیاییەوە لە باشووری کوردستان رایاندەکرد. بەم شێوەیە و بەو سەروەت و سامانەى بە دزی بردوویانەتە دەرەوەی وڵات بە جۆرێکی تر سەیری خۆی دەکرد و حساب و کتابی جیاوازتری بۆ خۆی دەکرد.

پارتی ئەو تێگەیشتنەی نییە، کە ئەم قەوارە و هەرێم و پێگە تا دوا هەناسە بپارێزێت، بەڵکو دەترسێت لە باشووری کوردستان دەسەڵات لەدەستبدات. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ باوەڕ و تێگەیشتنێکی بە باشترکردنی دۆخی باشوور و گەلەکەی و هێشتنەوەی قایم و بەهێزی پێگەى باشووری کوردستان نییە. بۆ ئەوەش سامانێکی و زۆر و گرنگی کوردستانی بردووەتە دەرەوە و لەوێ رایاندەگرێت و نایانهێنێتەوە بۆ کوردستان. ئێمە تێدەگەین بۆ کاتێک بینیی هەندێک هێرش ڕوویدا رێگای راکردن و هەڵهاتنی گرتەبەر. جگە لەوە هەڵهاتن و راکردنی و بەجێهێشتنی ئەم نیشتمانە و گەلەکەی و پەنابردنە بەر دەرەوەی وڵات هیچ مانایایەکی تری نییە.

پارتی دەرفەتەکان و تواناکان لە باشوری کوردستان بە بەها و نرخ نازانێت، کە لە ڕێگەی تێکۆشانی ئەم گەلەەوە بەدەستهاتوون. بەڵکو  وەک هێزێکی زاڵ ئەو تێگەیشتنەی هەیە، کە دەڵێت، دڵم چۆن بیەوێت و حەزم لە چی بێت دەیکەم و بۆ خۆمی بەکار دەهێنم. پارتی گەیشتووەتە ئاستیک و بە جۆریک لە گەل دابڕاوە، کە میرنشین و شێخە عەرەبەکانیشی تێپەڕاندووە. لەوانەیە بیەوێت وەک ئەم میرنشینانە بێت، بەڵام ڕاستییەک هەیە، کە پارتی ئاگادار نییە لە ماوەی دەیان ساڵ خەباتدا گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان گەیشتوونەتە هزر و مەعریفەیەکی سیاسی، کە لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا نمونەی نییە و نابینرێت. لەم ڕوانگەیەوە گەلی کورد قبووڵ ناکات، بەو شێوەیە سەروەت و سامانی کوردستان بگرێتە دەست و بۆخۆیی زەوت بکات. کاتێک  خەڵک هەژار بێت، ئیدی ئەوە قبوڵ ناکەن، کە بنەماڵەی بارزانی بە کەیف و حەز و ئارەزووی خۆیان بجوڵێنەوە و ئیدی دەستی بنەماڵەى بارزانی بۆ هەموان ئاشکرا بووە و لەوە زیاتر رێگایان پێنادرێت تاڵانی بکەن.

ئەگەریش تەنانەت باس لە سەروەت و سامانی دزراوی خەڵک بۆ دەرەوە نەکەین، بەڵام گەلی کورد دەبینێت کە بنەماڵەی بارزانی دەستیان بەسەر دەسەڵاتی باشووری کوردستان گرتوە. گەل لەو دۆخە ڕازی نییە. گەل زۆر قسە و باس لەو دۆخەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەکەن. ئەم کێشەیە بووەتە یەکێک لە ئەجێندا سەرەکییەکانی گفتوگۆی هاووڵاتییان لەناو هەموو ماڵاندا. لەلایەک  پارتی دەستی بەسەر ئەو سەروەت و سامان و دەسەڵاتەدا گرتووە و لەلایەکی دیکەشەوە دەوروبەری ناوچەکانی گەریلایی گەمارۆداوە و پشتیوانی لەهێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکات. دەتوانین بڵێین، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم ناڕەزاییانە بەرامبەر بە پارتی زیاتر دەبن.

هیوادارم پارتی خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان بکات و دەستبەرداری هاوکاری و پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی تورک بێت.

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا

ژ.ت