بۆچی سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەت-نەتەوە لە پرۆژە و پەیامەکانی ڕێبەر ئۆجالان دەترسێت؟

"ئەندێشەکانی رێبەر ئۆجالان تەونی نەتەوە-دەوڵەت و بەرژەوەندی سیستمی جیهانی هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆیەش سیستمی جیهانی گۆشەگیری توندی بەسەردا سەپاندووە".

ماوەی ١٣ ساڵە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ڕێگا نادات هیچ نوسراوێکی ڕێبەر ئۆجالان بگاتە دەرەوەی زیندان، هەروەها زیاتر لە ٣٣ مانگە خراوەتە ژێر گۆشەگیرییەکی توندەوە و ڕێگە نادرێت نە پارێزەرانی و نە خانەوادەکەی چاویان پێ بکەوێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ترسی سیستەمی جیهانی لە فکر و پرۆژەکانی ڕێبەر ئۆجالان لەمەڕ ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان، کە تەونی سیستمی دەوڵەت نەتەوە و بەرژەوەندییەکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاد لە ٢٤ ساڵە لە زیندانی تاکەکەسیی-دایە لە دوورگەی ئیمرالی، لە ئاداری ساڵی ٢٠٢١ـەوە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت، هەروەها لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ەوە بە بیانووی جیاواز و بە پێچەوانەی یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ، لەژێر گۆشەگیرییەکی تووند، ڕێگا بە پارێزەرەکانی نادرێت چاویان پێبکەوێت.

کۆتا جار دوای ئەوەی پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چوونە ئیمراڵی و دیداریان ئەنجامدا، لە دوای دیدارەکە پەیامی ئاشتی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە و ڕوویکردە جیهان و وتی: "من هەوڵدەدەم ستاتۆ و پێگەیەک بۆ کورد درووستبکەم، وەرن با کێشەی کورد چارەسەر بکەین، لە هەفتەیەکدا من دەتوانم شەڕ بووەستێنم، دەتوانم ئەگەری شەڕ نەهێڵم، بڕوام بە خۆم هەیە و ئامادەم بۆ چارەسەریی."

لێرەوە دەردەکەوێت وەک چۆن گەلەکۆمە نێودەوڵەتییەکەی گلادیۆی ناتۆ لە ١٩٩٩دا، ترس بوو لە فکر و فەلسەفە و پرۆژەکانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئازادی کوردان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هەمان شێوەش گۆشەگیریی بەردەوام لەسەر ڕێبەر ئۆجالان درێژکراوەی هەمان ترسە و هێزە هەژموونگەراکان لە هەر پەیام و وشەیەک دەترسن، کە لە زیندانی ئیمراڵییەوە بێتە دەرەوە، چونکە دەزانن تێز و پرۆژەکانی ڕێبەر ئۆجالان، ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان بەرقەراردەکات و تەونی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە و بەرژەوەندییەکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە.

وەک ڕێبەر ئۆجالان لە بەرگرینامەی (دۆزی کورد و ڕێگەچارەی نەتەوەی دیموکرات)دا دەڵێت: "لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەست بە بابەتی كوردانەوە بۆشاییەك هەبوو، ئێمە ویستمان ئەم بوشاییە لەسەر بنەمای ئازادیی پڕبكەینەوە، دەركەوتنی یەكەممان لەسەر بنەمای ئازادی و دیموكراسیی بوو، ئەمەش بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی سیستەمی جیهانی سەرمایەدار و هەژموونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئینگلیز و ئیسرائیل نەبوو، بگرە پێچەوانەکەی جێگای باسبوو، ئەمەش لەلایەن هەندێک كوردی بەكرێگیراو و دەوڵەت ـ نەتەوە و هەژموونی سەرمایەدارییەوە مایەی قەبووڵكردن نەبوو".

لەسەر بنەمای شیکارییەکەی ڕێبەر ئۆجالان ڕووندەبێتەوە کە هێزە هەژموونگەراکانی جیهان، بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەسەر بنەمای، درێژەدان بە شەڕ، ئاڵۆزیی و قەیرانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵچنیوە، بۆیە پەیام و تێز و پرۆژەکانی ڕێبەر ئۆجالان، لەمەڕ ئاشتی و چارەسەریی دیموکراسییانە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینن.

ڕێبەر ئۆجالان بە پێچەوانەی سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوەی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیی، لەپێناو دەرچوون لە قەیرانە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەرکردنی کێشەی کورد و گەلانی تر بەڕێگای ئاشتییانە، سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی پێشکەشکردووە، کە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلان بە بنەما دەگرێت و ئەم سیستەمە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شەنگال بەرجەستە بووە، لە هەرچوار پارچەی کوردستانیش بووەتە جێی خواستی خەڵک و کۆمەڵگە.

سەرباری هەموو هەوڵەکانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئاشتی، بەڵام سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیی بەردەوام هەوڵیداوە دەنگی کپ بکات و ڕێگەنەدات پەیامە ئاشتیخوازییەکانی بگەنە دەرەوەی دیوارەکانی زیندان، بۆیە بەردەوام گۆشەگیریی بەسەردا دەسەپێنن و ڕێگەی پێنادەن دیدار لەگەڵ کەسوکار و پارێزەرەکانیشی ئەنجامبدات.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاد لە ٢٤ ساڵە لە زیندانی تاکەکەسیی-دایە لە دوورگەی ئیمرالی، هەروەها زیاتر لە ٣٣ مانگە خراوەتە ژێر گۆشەگیرییەکی توندەوە و ڕێگە نادرێت نە پارێزەرانی و نە خانەوادەکەی چاویان پێ بکەوێت، لە دژی گۆشەگیریی توند و بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان لە چوار لای جیهان کەمپەینی ”ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان، چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی کورد” دەستی پێ کردووە.

هـ . ب