بەرخۆدان لە پێناو پاراستنی زمانی دایکی

زمانناسان و ئەڤیندارانی زمانی دایک بەشێوەی بەرفراوان سەرقاڵی بەرخودانی زمانیین و بە چەندین شێوەی جیاواز دەیانەوێت زمانی دایکیان بپارێزن.

بنارەکانی چیاکانی زاگۆرس، یەکەمین شوێنگەی ڕسکانی کۆمەڵایەتییبوون و هاتنەکایەی جڤاتی مرۆییە. هەروەک چۆن شوێنەوارناسان سەلماندووییانە، لەم جوگرافیەدا شۆڕشی کشتوکاڵ ڕوویداوە و مرۆڤەکان لە شێوەی کڵانەکەدا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە خۆیان بە ڕێکخستن کردووە و بەمەش قەڵەمبازێکی مەزن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هاتووەتە کایەوە.

لەم چوارچێوەیەدا ئەتوانین بەرەو ئەو ڕاستییە هەنگاو بنێین وا هەر لەم جوگرافیەدا زمان لە شێوە کۆمەڵایەتییەکەیدا بۆ یەکەم جار ڕسکاوە و بووەتە ئامرازێکی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەکانی نێو کڵانەکان زاگرۆس و تۆرۆسی دێرین.

مێژووی شۆڕشی کشتوکاڵ تاوەکوو دەگەین بە شارستانییەتی سۆمەر لە خواروی میزۆپۆتامیا بە مێژووییەکی زەنگین و پڕ لە دەستکەوت بۆ مرۆڤایەتی دێتە هەژمار، بەڵام ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدەین و ئامانجی سەرەکی بابەتەکەی ئێمەشە بریتییە لە ڕەوشی داگیرکاریی و پاکتاوکاریی زمانیی لە سۆمەرەوە تا دەگەینە سەردەمی هەنووکە یانژی سەردەمی دەوڵەت نەتەوەکانی سەرمایەداریی سەر ڕاسەری کوردان.

بێگومان زمان یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی خاوەندارێتیکردن لە شوناس و کەلتووری هەر نەتەوەیەک. لەو بارەیەوە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت، زمان بە شێوەیەکی توندوتۆڵ گرێدراوی زاراوەی کەلتوورە. هەروەها باس لەوەش دەکات ئاستی پێشکەووتوویی زمان ئاستی پێشکەووتوویی ژیانە. هەر کۆمەڵگەیەکیش بووە خاوەنی زمان ئەوا بۆتە خاوەنی بیانووە بەهێزەکەی ژیان.

لێرەوەڕا دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی ڕۆژهەڵاتناسەکان لەنێو بواری مێژوودا هەردەم ئەو پڕوپاگەندەیە بڵاوەدەکەنەوە کە مێژووی گەلی کورد مێژووییەکی بێ زمان و نووسینەوە، بەڵگەکەشیان ئەوەیە کە نووسین بۆ یەکەم جار لە شارستانییەتی سۆمەردا هاتووەتە بوون، بەڵام باس لەو میراتە زەنیگینەی کەلتووری زاگرۆسیی ناکرێت کە بەشێکە لە هۆکاری درووستبوونی شارستانییەتی سۆمەر، بە تێپەڕین لە سۆمەرەوە بۆ مێژووی دەوڵەت نەتەوە بەڕوونی ئەوە دەبینرێت کە دەوڵەت-نەتەوە داگیرکەرەکانی سەر ڕاسەری کوردان هەوڵیان داوە وەک پەمووی نێو لەپی هەلاج کوردان لەڕێگەی لەناوبردنی زمانەکەیانەوە دابەش بکەن و لەنێو بەرداشی پاکتاوکاریی کەلتووریدا خۆی و زمانەکەی لەناوبەرێت.

لە رێكکەوتن و پەییماننامە نێودەوڵەتییەکاندا سەرەڕای ئەوەی ئاماژە بەوە کراوە کە دەبێت دەوڵەت نەتەوەکان ڕێگە بە بەکارهێنانی زمانی دایک بدەن بەڵام دەبینین تاوەکوو ئێستاش ئەم مافە پێشێل دەکرێت.

لە پەیماننامەی لۆزاندا لە ماددەکانی ٣٧-٤٥ دا مافی کەمینەکانی نێودەوڵەتی عوسمانی دیاریکراوە و بە ڕوونی ئاماژە بەوە کراوە هەر هاوڵاتییەکی دانیشتووی تورکیا مافی خۆیەتی ئازادانە زمانی دایکی بەکاربهێنێت، بەڵام دەبینین ئەو مافە تاوەکوو ئێستا پێشێل دەکرێت. تەنانەت لە تورکیا نەوەک ڕێگەنادرێت بە بەکارهێنانی زمانی کوردی بەڵکوو لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا چەندین گەنجی کورد لەبەر هۆکاری گوێگرتن لە سترانی کوردیی کوژران، تەنانەت لە ساڵی ٢٠٢١ دا لەبەر هۆکاری گوێگرتن لە گۆرانییەکی موراد دەمیر گەنجێکی کورد لە ئەستەنبوڵ کوژرا. لە بەرانبەریشدا بە دێراژیی سەد ساڵی رابردوو سەرەڕای مێژووی سەدساڵی ڕابردووی کۆماری تورکیا لە مستەفا کەمالەوە بۆ ئەردۆغان مێژووی هەوڵی سڕینەوە و پاکتاویی کەلتووریی کوردان بووە، بەڵام لەنێو کوردانی باکووردا قسەکردن و بەکارهێنانی زمانی کوردیی وەک چالاکییەکی بەرخودانی لێ هاتووە و دەیانەوێت پارێزگاریی لە زمانی دایکیان بکەن.

لە رۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان شێوە تاوەکوو پێش شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەوڵەت نەتەوەی سوریی بە دڕەندەترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ هاوڵاتییانی کورد و زمان و فەرهەنگەکەی کردووە، بەڵام لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هەنووکە سوریانی و ئاشووری و عەرەب و کوردان بە زمانی دایکی خۆیان دەخوێنن، کە ئەمەش بە دەستکەوتێکی گرنگی ڕۆژئاوای نیشتیمان دادەنرێت.

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوە خوێندن بە زمانی دایک بوونی نییە و لە دامەزراوە فەرمیی و خوێندنگەکاندا تەنیا زمانی فارسی دەخوێنرێت لە کاتێکدا ئێران وەک مۆزایکێکی گەل و پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان وایە بەڵام سیاسەتی پان-ئێرانیزم وای کردووە تەنیا زمانی فارسی وەک زمانێکی داگیرکەر زاڵ بێت بەسەر زمانەکانی دیکەدا، بەڵام زمانناسان و ئەڤیندارانی زمانی دایک نها لە ڕۆژهەڵات بەرفراوان سەرقاڵی بەرخودانی زمانیین و بە چەندین شێوەی جیاواز دەیانەوێت زمانی دایکیان بپارێزن.

لە سەدەی بیستەمدا ئەم ڕەوشە لە عێراقیش وا بووە، دەکرێت بابەتێکی وەک ڕێککەوتنامەی جەزائیر بە میناک وەربگرین، دەبینین لە دوای واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە حزبی بەعس بە توندترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ چاند و زمان و فەرهەنگی کوردیدا کردووە. لە ئێستاشدا لە باشووری کوردستان بە هۆی زیادبوونی خوێندنگە بیانییەکانەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زمانی دایک لەبەردەم هەڕەشەی ئاسیمیلاسۆن و تواندنەوەدایە، تەنانەت وای لێ هاتووە کە منداڵان لەگەڵ هاوڕێکانیاندا بە زمانی دایکیان قسە ناکەن و بە زمانەکانی ئینگلیزیی و تورکی و عەرەبی لەگەڵ یەک دەئاخڤن ئەمەش ئەو کارەیە وا چەندان ساڵە خەونی پێوە دەبینین و بە هێزی نەرم دەیانەوێت زمانی دایکمان بیر بچێتەوە. هەروەها هەڕەشە جیاوازەکانیش بۆ سەر شێوەزاری هەورامیی و زارەکانی ئەردەڵانی و گەرمیانیی و چەند زارێکی دیکە لەبەردەم چەندین هەڕەشەی پاکتاوکاریی کەلتوورییدان، ئەمە جگە لەوەی شێوازەرەکانی کوردی خوارینیش لە ناوچەکانی لە چەشنی خانەقین و بەدرە و جەسان و مەندەلی و ناوچەکانی کوردانی فەیلی بەهۆی سیاسەتەکانی تەعریبکردنەوە سات لە دوای سات مەترسی لەناوچوونیان زیاتر دەبێت.

لە کۆتایدا بەم چەند دێڕەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی بە بابەتەکەمان دەهێنین. 'دەوڵەت-نەتەوەکانی عەرەب، تورک و فارس، کە دامەزراوە سیخوڕییەکانی مۆدێرینیتەی سەرمایەدارین و ڕۆڵی هۆبەیەکی سیستم دەبینن، سوودیان لە بونیادە باوەکانی دەسەڵات بینی و کولتووریی کوردیان ئابڵووقە داوە، لە سەرجەم دەرفەتەکانی فێربوونی زمانی دایکیان بێبەش کردووە'.

هـ . ب